نووسه‌رێكی كورد به‌شیعر مێژووی نه‌وشێروان ده‌گێڕێته‌وه‌

خواكوڕك

نووسه‌ر و ره‌خنه‌گری سیاسی حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن، له‌شیعرێكی ته‌نزئامێزدا به‌شێك له‌ رووداوه‌ راسته‌قینه‌كانی مێژووی ژیانی نه‌وشێروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی ئێستای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌گێڕته‌وه‌.

نووسه‌ر له‌ به‌شێكی شسعره‌كه‌یدا باسی به‌شداری گۆڕان ده‌كات له‌ حكومه‌ت و ده‌نووسێت، “کە لە دەسەڵات وەدەر دەنرێت، دوای زیاتر لە ساڵێک، ئینجا دەڵێت: بەمزووانە مەسەلەی کشانەوە لە دەسەڵات گەنگەشە دەکەین”.

هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی دیكه‌ی شیعره‌كه‌دا ده‌ڵێت، “کە شکست دەخوات، باسی تێکشکانی ئەوانی دیکە دەکات، نسکۆی ئەوانی تر دەبینێت، بەڵام ددان بە گلانی خۆیدا نانێت”.

 

ده‌قی شیعره‌كه‌:

لە گردی زەرگەتەوە بۆ کەناری تایمز
خۆی (یەک)ێتی دادەمەزرێنێت، هەر خۆیشی دەیکات بە (دوو)ان.
خۆی جاڕی تۆران دەدات، هەر خۆیشی ئاشت دەبێتەوە.
ساڵانێکی دوورودرێژ سکرتێری ڕێکخراوێکی مارکسی دەبێت، لەپڕ هەڵیدەوەشێنێتەوە و دەڵێت: قەت بڕوام بە مارکسیزم نەبووە.
بڕوای بە مارکسیزم نەبووە، کەچی لە شاخ و لە شار، لە سۆنگەی ئەوەوە لە ڕاستەڕێی مارکسیزم لایان داوە، کۆمۆنیستەکان قەلاچۆ دەکات.
مێژوو دەنووسێتەوە، کەچی پەند لە مێژووی خۆی وەرناگرێت.
بە کۆمەکی سەوابیتەکانی ئیسلام، کۆشش بۆ گۆڕان دەکات.
نیازی وابوو بە هاوکاریی گەندەڵکاران، بە گژ گەندەڵیدا بچێتەوە.
نەوەیەک سەری هەڵدابوو، متمانەی بە دوو گەندەڵکاران نەمابوو، بەو ئومێدەی پەرێزی خۆی، پاک نیشان بدات، ئەو نەوەیەی فریو دا.
قازەکانی وا ڕاهێنابوو، بە هەمان ڕیتمی سەروەختی شەڕی ناوخۆ، بڵێن: قیق.
کە لە دەسەڵات وەدەر دەنرێت، دوای زیاتر لە ساڵێک، ئینجا دەڵێت: بەمزووانە مەسەلەی کشانەوە لە دەسەڵات گەنگەشە دەکەین.
کە شکست دەخوات، باسی تێکشکانی ئەوانی دیکە دەکات، نسکۆی ئەوانی تر دەبینێت، بەڵام ددان بە گلانی خۆیدا نانێت.
پەرلەمان دەکات بە هەواری منداڵەوردکە، بەڵام دەستڕۆییشتوانی بزووتنەوەکەی، لە هاوگەڕەک و هاوزا و زاوا و ئامۆزای خۆی پێک دێن.
لە شاخەوە پێمیم دەنێرێتەوە، نەیارانی شاری بۆ تیرۆر بکەن، لە لەندەنی پایتەختی ئازادی و دیموکراتیشەوە، بەدەم چەپڵەڕێزانەوە پێشنیاری بۆ دەکرێت، کێی بوێت، بۆی دەکوژن.
تاقە لایەنی گەشی ئەوەیە، هەندێک وشەی کوردی، وەک: مەکۆ و ڕایەڵە، لە سەرەمەرگدا بوون، ژیانی پێ بەخشینەوە.
ئاوایە کاریزمای گەوجان
٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦
حەمەسەعید حەسەن

Back to top button