گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكان: كردنەوەی رێگاكانی نێوان سحێلاو شنگاڵ بەرهەمی سەردانەكەی سەرۆك بارزانیە
دوای ئەوی سەرۆك بارزانی سەردانی بەغدای كرد, سەردانەكە بووە جێی بایەخی ناوەندی سیاسی هەرێمی كوردستان و میدیاكان,كە هەموو تێگەیشتنەكان بەو ئاراستەیە بوون كە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی پەیوەندیەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەباتە ئاستێكی دیكە, دوای چەند رۆژێك لە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی رێگاكانی نێوان هەولێرو كەركووك بازگەكانی لابرد و هاوكات ئەمڕۆ رێگای نێوان سحێلا شنگاڵ كرایەوە, گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ڕای دەگەیەنێت، كردنەوەی ڕێگای نێوان هەرێمی كوردستان و شنگال، بەرهەمی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی و ڕێككەوتنێتی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكی حكوومەتی عێراق.
شێخ مزاحم حوێت، گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند: “لەسەردانەكەی سەرۆك بارزانی، ڕێككەوتن لەسەر چەند خاڵێك كراوە، لەوانەش كردنەوەی ڕێگای نێوان پارێزگای دهۆك و شاری شنگال”.
ڕوونی كردەوە، كە لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حكوومەتی هەولێر و بەغدا پێكهێنراوە، بڕیاریشە لەهەردوو دیوی ڕێگاكە خاڵی پشكنین دابندرێن.
ئەمڕۆ ڕێگای نێوان هەرێمی كوردستان و شاری شنگال لەناوچەی سحێلا لەدوای یەك ساڵ لە داخستنی، كرایەوە و بڕیاریشە ڕێگای زوماریش بكرێتەوە.
دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە تێیدا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەو هۆیەشەوە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تێكچوون و چەند ڕێگایەك داخران.