وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق، سەرجەم بڕیارەکانی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک لە بارەی زەوی و زارەکانی کورد ڕادەگرێت و دەڵێت پێچەوانەی دەستورە
دوای ئەوەی بەهۆی خیانەتی ۱٦ـی ئۆکتۆبەری یەکێتی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران داگیرکرا، پارێزگارێکیان بەسەر کەرکووکدا سەپێندرا، دوای دەست بەکاربوونی بڕیارەکانی سەردەمی بەعسی لە بارەی زەوی و زارەکانی کەرکووک گەڕاندەوە کوردیان خاک بەدەر کرد، ئێستا بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی فیدراڵی سەرجەم ئەو بڕیارانەی كە پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك لەبارەی زەویوزاری جوتیارانەوە دەریكردوون رادەگیرێن.
ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ڕایگەیاندووە “وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق سەرجەم ئەو بڕیارو نوسراو رێنماییانەی كە لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەلایەن راكان سەعید جبوری دەركراوون لە بارەی زەویوزاری كشتوكاڵی سنوری كەركوك راگیراون و كاریان پێناكرێت، چونكە سەرجەمیان نایاسایی و پێچەوانەی دەستوری هەمیشەیین”.
گوتیشی: “هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی پارێزگاری سەپێندراوی كەركوك ، بڕیارێكی دروست و دەستورییەو بەپێی ئەو بڕیارە جوتیارانی كەركوك دەبنەوە خاوەن زەویوزاری كشتوكاڵی خۆیان و مەترسی داگیركردنیان لەسەر نامێنێت”.
ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت، بەهەوڵ و تەقەلای هەمەلایەنە هاتۆتە ئاراوەو، دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەو راستییەیان بۆ دەركەوت كە ئەم جۆرە بڕیارانە نادەستورین و لەگەڵ ماددەی 140ی دەستوری هەمیشەییدا یەكناگرنەوە.