مامۆستایەكی زانكۆی سان پیترسبۆرگی رووسی پڕۆژەیەك بۆ لكاندنی هەرێمی سونە بە ئەردەن پێشكەش دەكات
لەگەڵ ئەوەی لە رابردوو زۆرێك لە توێژینەوەو پرۆژە سیاسیەكان بۆ چارەسەری دۆخی سیاسیی و ئیدارە دانی عێراق خراونەتە روو بەڵام تەنها پڕۆژە كە زۆرترین باسی لەسەرە دابەشكردنی عێراقە بۆ سێ وڵات جیاواز كە دواهەمین خوێندنەوەی سیاسی بۆ دۆخی عێراق، مامۆستایەکی کورد لە یەکێک لە زانکۆکانی ڕووسیا، پڕۆژەیەکی پڕ وردەکاری بۆ دابەشکردنی دەوڵەتی عێراق بەسەر سێ دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو وڵاتە پێشکەش دەکات کە وێنەیەکی پڕۆژەکە ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات. بەشێکیش لە چارەسەرکردنەکە، لکاندنی هەرێمی سوننەی عێراقە بە ئوردنەوە.
دکتۆر جەزا چنگیانی، مامۆستای بەشی سیاسەت لە زانکۆی (سانت پیترسبۆرگ)ی ڕووسیا، پڕۆژەیەک بە ناوی (تاقە ڕێگەچارەی گرفتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) پێشکەش دەکات کە وەک بابەتی کۆڕێکیشە بۆ مامۆستایان و قوتابییانی زانکۆکە و وەڵامێکیش بووە بۆ ڕاپۆرتەکەی ”کرۆکەر – بیتراوس لە بارەی گرفتی عێراق و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا).
بەپێی ئەو پڕۆژەیە کە (خواکورک) ناوەڕۆکەکەی هاوپێچ لەگەڵ ئەم هەواڵەدا بڵاو دەکاتەوە، هۆکارەکانی ئاژاوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەم هۆکارانە دەگەڕێتەوە:
– نەبوونی دەوڵەتێک بۆ کورد کە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە ناوچەکە. �- ڕێزنەگرتن لە جیاوازیی مەزھەب و ڕەگەزەکان و زاڵبوونی دەسەڵاتی تاکڕەویی ڕەگەزێک، وەک سوننەی عێراق، فارس لە ئێران و تورک لە تورکیا.
– پەسەندنەکردن و ڕێز نەگرتنی سنووری کیشراوی نێوان وڵاتان لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکە و دەوڵەتەکانەوە.
– نەبوونی ئاوزانی مۆدێرن و دیموکراتی لە نێو کۆمەڵگا جیاوازەکانی ناوچەکەدا.
جەزا چنگیانی لە پڕۆژەکەیدا پێیوایە کە عێراق تاکتیکی ئینگلیزەکان بووە بۆ ئەوەی کورد وەک گەلێکی سوننەمەزهەب لە تەک عەرەبی سوننە تێکەڵاو بن، تاوەکوو هاوسەنگی بەرامبەر بە زۆرینەی عەرەبی شیعە درووست ببێت، لەگەڵ ئەوەی کوردستان خاکەکەی دەوڵەمەندە بە نەوت.
پڕۆژەکە جەخت دەکاتەوە کە ناتواندرێت جارێکی دیکە باشووری کوردستان ”بخرێتەوە سەر دەسەڵاتی بەغدا“، بۆیە پێشنیاز دەکات کە بەم شێوەیە کێشەکە چارەسەر بکرێت:
١- دەوڵەتێکی دیموکراسی لە کوردستان درووست بکرێت، بەهۆی ئەوەی کە کورد ”بە هەموو پێوەرێک“ مافی ئەوەیان هەیە، دەوڵەتی سەربەخۆیان هەبێت و جیاوازیی گەورەی نەتەوەیی و فەرهەنگی و کەلتووری لە نێوان کورد و عەرەبدا هەیە. نموونەشی بە قسەیەکی شێخ مەحموودی حەفید، یەکەمین مەلیکی کوردستان هێناوەتەوە کە بە ئینگلیزەکانی گوتووە: ”ئێمەی کورد دەتوانین دراوسێیەکی باشی عەرەب بین، بەڵام ناتوانین لە وڵاتێکدا پێکەوە بە ئارامی بژین“. تەنانەت کامل چادرچی، سیاسەتمەداری عەرەبی سەردەمی درووستبوونی عێراق گوتوویەتی، مەحاڵە بێ دەوڵەتی کوردی، عێراق ئارام بێت.
٢- دەوڵەتێک بۆ شیعەکان درووست بکرێت کە هەرچەندە بە ڕەگەز عەرەبن، بەڵام جیاوازیی ڕۆحی لە نێوان عەرەبی سوننە و شیعە هەیە، ئەو جیاوازییەش بۆ ١٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
٣- سوننەکان: بە ژمارە کەمینەن، بەڵام بەحوکمی ”هەڵەی ئینگلیزەکان“، چەقی دەسەڵاتیان لە عێراق پێدراوە، تا ئەو کاتەی ڕژێمی بەعسی عێراق لە دەرئەنجامی رەفتارەکانی سەدام حوسێن لەناو چوو. سوننەکان بە ھیچ شێوەیەک بڕوایان بەسیستەمی فیدرالیی عێراق نییە.
هەر ئەو مامۆستایەی زانکۆکەی ڕووسیا پێشنیازی کردووە، کێشەی سوننەی عێراق بەم شێوەیە چارەسەر بکرێت:
– دەوڵەتێکی تایبەتیی سوننە: ئەو دەوڵەتە لە نێوان دەوڵەتی دیموکراتی کوردستان و دەوڵەتی شیعەدا بێت. بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆربەی بیرە نەوتییەکان دەکەونە سنووری دەوڵەتی کوردستان یان دەوڵەتە شیعییەکە، هەردوو دەوڵەت ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی بکەن کە تا ماوەی ٢٠ ساڵ، بەشێک لە داهاتی نەوت بە دەوڵەتە سوننییەکە بدەن.
– دەوڵەتە سوننییەکە لەگەڵ شانشینی ئوردن تێکەڵاو بکرێت.
هەر لە پڕۆژەکەدا باس لە کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان کراوە و بەجۆرێک ڕێگەچارە بۆ ئەوانیش دۆزراوەتەوە و پێشنیاز کراوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە کە ئەگەر خاکی سوننەی عێراقییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئوردن تێکەڵاو بکرێت، ئەوا دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستینیش.
لە کۆتایی پڕۆژەکەدا، ئاشکرا کراوە کە وێنەی پڕۆژەکە بۆ هەریەک لە (کۆنگرێسی ئەمریکا، پەرلەمانی ئەورووپا، (دوما) پەرلەمانی ڕووسیا، کنیستی ئیسرائیلی، کۆمکاری عەرەبی و چەند شوێنێکی دیکە) دەنێردرێت.