ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری : ناکرێت پەکەکە کێشە بۆ ئەزموونی کوردستان درووست بکات

په‌كه‌كه‌ هێزێكی نادیموكراتی و خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌سكه‌ ، له‌ خۆی زیاتر هیچ نابینێ و نابیستێ ، خه‌باتی په‌که‌که‌ بۆ باکووری کوردستان ڕه‌وایه‌تی هه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر خه‌باتی په‌که‌که‌ له‌ باکووری كوردستان به‌شێوازێکی دروست و خزمه‌تی به‌ دۆزی كورد بكردایه‌، به‌دڵنیایه‌وه‌ دۆزی کوردان له‌باکوور باشتر ده‌بوو، له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ له‌ باشووری کوردستان، په‌که‌که‌ هه‌میشه‌ سه‌ر ئێشه‌ بووه‌ بۆ خه‌ڵک و خاک و دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌کانی حكومه‌تی هه‌رێم ،دۆخی ڕۆژئاواشمان بینی سیاسه‌تی چه‌وتی په‌که‌که‌
چۆن و به‌چ شێوازێک، زه‌ره‌ری له‌ دۆزی کوردان گه‌یاند.

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوری یەکێتیی ،ڕاگەیاند: “پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خۆی بە حزبی ھەرچوار پارچەی کوردستان دەزانێت، بەڵام پەکەکە سەر بە پارچەیەکی کوردستانە، بۆیە پێمان خۆش بێت یان پێمان ناخۆش بێت، کوردستان چوار پارچەیە و پارچەکانی دیکە ڕێکخراوی تایبەت بەخۆیان ھەیە، ڕاستە پەکەکە ھەقی خۆیانە لێرە بژین، بەڵام مافی ئەوەیان نییە لێرە خەباتی سیاسی بکەن”.

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوری یەکێتیی گووتیشی: ”ناکرێت پەکەکە کێشە بۆ ئەزموونی کوردستان درووست بکات، چونکە ئەم ئەزموونە بەخوێنی شەھیدانی ھەر چوار پارچەی کوردستان بونیاد نراوە و پێویستە ھەموومان پارێزگاری لەم ئەزموونە بکەین، نەوەکوو دژایەتی بکەین، ئەگەر پەکەکە خۆیان بە حزبێکی نیشتمانی دەزانن، لەبری ئەوەی کە ھەندێک کاری نابەجێ بکەن، باشترە پشتگیریی لەم ئەزموونە بکەن، چونکە بۆ ئایندە سوودی بۆ خۆیان دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوان بەو شێوەیە مامەڵە بکەن، ڕەنگە ئێمە و ئەوانیش زەرەر بکەین”.

دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە پەکەکە وەک هەردوو حزبی دیموکرات و کۆمەڵە ”دابنیشن و هیچ کارێکی سیاسی و چەکداری نەکەن“، چونکە ”ئەزموونی ئێمە ئەزموونێکی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانە و پێویستە ئەوان خەباتێکی مەدەنی بگرنە بەر یان لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن”.

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزوری یەکێتیی ده‌شلێت : ”ھەق نییە“ پەکەکە بەوشێوەیە مامەڵە بکات و ”ھەقیش نییە سوپای تورکیا کوردستان بۆردومان بکات“، بەڵکوو باشترە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، میکانیزمێکی باش بۆ ئەو کێشانە بدۆزێتەوە. گوتیشی: ”وادیارە پەکەکە و تورکیا دەیانەوێت ئەم ئەزموونەی کوردستان لەناو بەرن”.

Back to top button