حاكم شێخ لەتیف :قهدهغهكردنی كاری شۆفێری تهكسی لەكارمەندانی ناوخۆو پێشمەرگە سەرپێچی یاسایە
دوای ئهوهی وەزارەتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان به نوسراوێكی فهرمی كاری شۆفێری لەكارمەندانی ناوخۆو پێشمەرگە قەدەغە كرد و له نوسراوهكهدا ئاماژەی پێداوهو دهڵێت” شۆفێری تەكسی لە گشت ئەفسەر و كارمەندانی میلاكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، بەرگری و فریاكەوتن، رەگەزنامە، هاتووچۆ، پاسەوانی سنوور و پۆلیسی گومرگ) و كارمەندانی میلاكی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و گشت هێزە چەكدارەكان لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق قەدەخەكراوە.”
لای خۆیهوه حاكم شێخ لەتیف شارهزاو یاسا ناس ڕایگەیاند:”وەزیری ناوخۆی ههرێم لە بڕیارەكە پشتی نەبەستووە بە هیچ مادەیەكی یاسایی، تەنها دەڵێت بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بەگوێرەی یاسای ژمارە ٦ی وەزارەتی ناوخۆی ساڵی ۲٠٠۹، بەڵام ئاماژەی بە هیچ مادەیەك نەداوە كە ئەو دەسەڵاتەی پێ دەبەخشێت، كە لە ڕاستیدا هیچ مادەیەكی وای تێدانیە، چونكە ئەو یاسایە یاسای ڕێكخستن و پێكهێنانی وەزارەت و دامودەزگاكانیەتی و ئەو جۆرە دەسەڵاتەی نەداوە بە وەزیر.”
حاكم شێخ لەتیف دهلێت :” بڕیاری پێشووی دادگای پێداچونەوەی عێراق بە ژمارە ۱۱٦۳/الهیئە المسعە/۲٠۱۷ لە بەرواری۲۱/۷/۲٠۱۷ دەرچووە دەڵێت، كاركردنی تۆمەتبار كە خۆی پۆلیسە لەدوای دەوام لەسەر ئوتومبێلی تەكسی كە موڵكداری بۆخۆی دەگەڕێتەوە تاوان نیە و دژی مادەی ۳۳ لە یاسای هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە ۱٤ی ساڵی ۲٠٠۸ نیە، بڕیارەكە دەڵێت تەنها لەوحاڵەتە تاوانە و ڕێپێنەدراوە ئەگەر تۆمەتبار لای خاوەن كارێك بەكرێ یان مووچە كار بكات، بەڵام كاركردن بە ئوتومبێلی خۆی دژی یاساكە نیە و نایگرێتەوە( هەمان یاسا لە كوردستان بەركارە بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان).”
حاكم شێخ لەتیف ئەوەی ڕوونكردووەتەوە:” لەو خاڵانەش كە بریارەكەی وەزیر پشتی بەستووە بە یاسای ئینزیباتی ژمارە ۱٤ ساڵی ۱۹۹۱ هەڵەی كردووە و بە پێچەوانەی یاساكە بڕیارەكەی دەركردوە.”