ئیتاڵیا هێزەكانی لە عێراق دەكشێنێتەوە

 

دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی ئیتالیا سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد, لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە كە, حكومەتی وڵاتەكەی لە قۆناخەكانی سەرەتای هەڵسەنگاندنی كشانەوەی هێزەكانیدایە لە وڵاتانی دەرەوە.

رۆژی چوارشەممە جۆزیپی كۆنتی، سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی بەغدا و هەولێری كرد. دواتریش بە سەردانێك گەیشتە لوبنان.

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا لە لوبنان، جۆزیپی كۆنتی گوتی، حكومەتی وڵاتەكەی دەست بە كشانەوەی سەربازەكانی لە ئەفغانستان دەكات و هیواشی خواست پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە لە چەند مانگی داهاتوودا ئەنجامی هەبێت.

كۆنتێ سەبارەت بە هێزەكانیان لە عێراقیش رایگەیاند، ئەو هێزەی كە بەنداوی موسڵ دەپارێزن لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا دەكشێنەوە.

جۆزیپی كۆنتی گوتی “وەك دەزانن یەكێك لە یەكەكانمان لە عێراقە بۆ سەركردایەتیكردنی كارەكانی بەنداوی موسڵ و چاوەڕێدەكەین لە كۆتای ئاداردا ئەو یەكەیە بكشێنینەوە. ئەوەشی كە پەیوەندی بە یەكەكانی دیكەوە هەیە، هیچ پلانێك بۆ دەستكردن بە هەڵسەنگاندنی تەكنیكی نییە”.

رۆژی چوارشەممە دوای سەردانی بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراق، جۆزیپی كۆنتی سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

Back to top button