هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراق دوو راگەیێندراویان لە بارەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بڵاو كردەوە
دوای ئەوەی ئەمرۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەدرانی بەغدای كرد لەگەل عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوویەوە, هەردوولا جەختیان لە “برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكان و هاوكاری و هەماهەنگی لە هەموو بوارەكاندا كردەوە”. بۆ ئەم مەبەستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە.
بەپێی راگەیێندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدرال تاوتوێكران و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكان و هاوكاری و هاوئاهەنگی لە هەموو بوارەكاندا و چارەسەركردنی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، كردەوە.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی عادل عەبدولمەهدی كردووە “بۆ هەوڵ و تەقەلاكانی لەپێناو باشتركردنی پەیوەندییەكانی حكومەتی فیدرال لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئامادەییی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ گفتوگۆی بەردەوام و چارەسەركردنی كێشەكان دووپاتكردەوە”.
راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش، عادل عەبدولمەهدی و نێچیرڤان بارزانی جەختیان لە “گرنگی كاركردن بە گیانی هاوكاری لەنێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە”.
لە راگەیێندراەكەدا هاتووە، هەردوو سەرۆكوەزیران “جەختیان لە پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی عێراق، سەقامگیری و هەنگاونان بەرەو ئاوەدانكردنەوە كردەوە، سەرەڕای جێبەجێكردنی داواكارییەكانی گەلی عێراق لە دابینكردنی خزمەتگوزاری، ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری”.
بەپێی راگەیێندراوەكە: “سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە عادل عەبدولمەهدی كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكوەزیرانی عێراق، داواشیكرد بێ جیاوازی سەیری هەموو عێراقییەكان بكات”.
لە كۆبوونەوەكەدا د. فوئاد حسێن، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی عێراق، سامر غەزبان، جێگری سەرۆكوەزیرن و وەزیری نەوت، فالح فەیاز، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئامادەبوون.