وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێك لەبارەی داماڵینی چەك دەردەكات

بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، كە وێنەیەكی بۆ پێگه‌ی ” خـواكـوڕك” نێردراوه‌ ، دەست بەسەر چەكە بێ مۆڵەتەكان دادەگیرێت كە لەلایەن ھاووڵاتیانەوە ھەڵدەگیرێت.

وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان له‌ نوسراوه‌كه‌دا هاتووه‌و ده‌ڵێت :” بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٦)ی ساڵی ۲۰۰۹ و بەپێی یاسای چەك ژمارە (۱٦)ی ساڵی ۱۹۹۳، بە مەبەستی نەھێشتنی دیاردەی چەكداری بە تایبەت چەكی قورس و مام ناوەند و ھێشتنەوەی ئەو چەكانە تەنھا لە دەست ھێزە چەكدارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیارماندا بە:

۱- داماڵینی گشت چەك و تەقەمەنی جگە لە دەمانچە و كلاشینكۆف.

۲- دەست بەسەرداگرتنی ئەو چەكە بێ مۆڵەتانەی كە لەلایەن ھاووڵاتیان ھەڵدەگیرێت و گرتنەبەری رێكاری یاسیی بەرامبەریان.

۳- لە سەنتەری ھەر پارێزگا و قەزا و ناحیەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و ئاسایش بنكەی كۆكردنەوەی ئەو چەكانەی رادەست دەكرێن یان دەستی بەسەردا دەگیرێت كۆدەكرێنەوە و لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە جەرد دەكرێن و رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێن.

٤- لە رێگای دەزگاكانی راگەیاندن ئاگاداری گشت ھاووڵاتیان دەكرێت ئەوانەی دەمانچە و كلاشینكۆفی بێ مۆڵەتی ھەیە لەو بنكانە تۆماری بكەن و ئەو چەكانەی كە لە بڕگەی (۱)ی سەرەوە ئاماژەی پێكراوە رادەستی بكەن.

۵- ئەم بەیانە لە رۆژی دەرچوونی كاری پێدەكرێت بۆ ماوەی 6 مانگ.

Back to top button