سەرۆكی عەشیرەتێكی سلێمانی: خەڵك دەزانێت كێ لە پشت دروستكردنی باند و دزین و تاڵانکردن و پیاوکوشتنەوەن

لە روونكردنەوەیەكدئ سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە ئەو تۆمەتانەی بەدرۆ خستەوە کە باس لەوە دەکەن، گوایە کوڕانی سەر بە بنەماڵەکەی مووچەی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی شاریان دزی بێت و ڕای دەگەیەنێت کە ئەم تۆمەتبارکردنە هەمان ئەو ئیرهابە فیکرییەیە کە دژی ئەندام و لایەنگرانی پارتی هەیە.

شاھۆ خالید خولەسوور، سەرۆکی عەشیرەتی غەوارە، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە کە وێنەیەکی بۆ (خواكوڕك) ناردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە هەندێک لە پەیج و هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتوونەتە ناوزڕاندنیان و تۆمەتباریان کردوون بە دزینی پارەی مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار. بۆیە ڕای گەیاند: ”ئەم جۆرە بڵاو کردنەوانە جگە لەوەی کە بەشێکە لەو ئیرھابە فکرییەی لەم ناوچەیە لەسەر ھەموو ئەندامێک و لایەنگرێکی پارتی ھەیە، ھیچی تر نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، بە ھیچ جۆرێک ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون، ھیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان بە ئێمەوە نییە“.

ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە خەڵکی سلێمانی ”باش دەزانن کێ لەم سنوورە لە پشت درووستکردنی باند و دزین و تاڵانکردن و پیاوکوشتنەوەن“. بۆیە دەپرسێت: ”‏‎ئایا ئێمە و بنەماڵەکەمان و عەشیرەتەکەمانین یان ئەوانەن کە لە پشتی دروست کردنی ئەم تۆمەتە ناشرین و ناڕەوایانەن“.

Back to top button