كوردستانی سور.. نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان مێژو و جوگرافيايه‌كى پڕ له‌ ململانێ

خواكوڕك

كوردستانی سور یا قەزای كوردستان (بە ڕووسی ئویەزد) یەكەیەكی كارگێری و ئەتنیكی بوو لە كۆماری ئازربایجانی سۆڤیەتی، لە نێوان ساڵانی ١٩٢٣ – ١٩٢٩.ئەم هەرێمە ناوچەیەكی فراوانی لە سەر سنوورەكانی ئازربایجان و ئەرمینیا (ئەرمەنستان) گرتبووە خۆ و (نەگۆڕنە – قەرەباخ) ی لە ئەرمینیا جودا دەكردەوە.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە لە ساڵی ١٩٢١ بۆ یەكەمینجار ئەو هەرێمە بە كوردستان ناوبراوە. لە ١٦ تەمموزی ١٩٢٣ بە بڕیاری سەرۆكایەتی كۆمیتەی جێبەجێكاری ناوەندی كۆماری ئازربایجان ئەم هەرێمە پێكهێنرا، كۆمیتەی ناوبراو دەبوایە بۆ چوار جار لە ١٩٢٢-١٩٢٣ كۆببێتەوە تا لە سەر پرسی كوردستانی سور بڕیار بدات.

لە نێو ئەنداماندا، ناكۆكی لە سەر سنوورەكانی هەرێمەكە لە ئارادا بوو، لە كۆتاییدا هەرێمی كوردستان لەم ناوچانە پێكهات: كەرەكیشڵاك (قەرەقیشڵاغ)، كەلبەجار، كوباتلی ( قوبادلی)، كوتورلی (قوتورلی)، كوردگاجی ( كوردحاجی) و مورادخانلی.

لە كۆتاییدا هەموو هەرێمەكە كرا چوار ناوچە كە: كەلبەجار، لاچین، قوبادلی و زەنگلیان بوون. پایتەختی هەرێمی كوردستان (لاچین ) بوو. لاچین تا ئەو ساڵە بریتی بوو لە ئاواییەك بە ئەبدالیار ناسرا بوو.

‎ئەو ناوچەیە دەکه‌وێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گەورە، بە گوێرەی نەخشەی ئێستا دەکەوێتە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان کە تاوەکو ئێستاش کێشەیەکی زۆری لە سەرە. شەڕێکی گەورە لە سەر ئەم ناوچەیەدا لە ساڵانی ٨٠ بۆ ٩٠ـەکان لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان دروست بوو کە هەر یەکێک لەم وڵاتانە خۆی بە خاوەنی دادەنێت. لەم شەڕەدا زیاتر لە ٣٠هەزار عەسکەر (سەرباز) لە هەردوولا گیانیان لەدەست دا.

بە گوێرەی سەرژمێری ساڵی ١٩٢٦ لە لایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە ژمارەی دانیشتوانی کوردستانی سۆر (٥١٢٠٠) دانیشتوونی هەبووە. ڕێژەی دانیشتووانی کورد ڕێژەی (%٧٣،١) بووە و ڕێژەی (%٢٦،٣) ئازەربایجانی بووە. دوای ئەم سەرژمێریە سەرژمێریەکی لەو ناوچەیە لە ژێر چوارچێوەی کوردستانی سۆر دا نەکراوەته‌وە.

سەرچاوە مێژووییەكان لە بارەی كوردستانی سورەوە زانیاریمان پێ نابەخشن، ڕەنگبێ ئەمەش بە هۆی ئەوەوە بووبێت كە لە دوای لە ناوبردنیه‌وە ئیتر بە هیچ شێوەیەك باسی لێوە نەكراوە. لە كۆتایی بیستەكانی سەدەی ڕابردووەوە ئەوەی پەیوەندی بە كوردەوە هەبوو لە ئازربایجان لە بەین برا، لە سییەكاندا ئاماژە كردن بە كورد و كوردستانی سۆڤیەتی بە تەواوی لە ئارادا نەما.

‎لە بارەی ژمارەی كوردەوە لە یەكێتی سۆڤیەت دیمەنێكی هەندێ جیاواز لەوەی ئازربایجان بەدی دەكرێت، بە پێی سەرژمێری ١٩٥٩ ژمارەی ئەوانەی خۆیان بە كورد پێناسە كردبوو لە یەكێتی سۆڤیەتدا ٥٩ هەزار كەس بوون، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ ژمارەكە گەیشتە ١١٦ هەزار كەس. پرۆفیسۆر (هەسراتیان) ئەمە گرێدەدا بە ڕووداوەكانی باشوری كوردستانەوە (شۆڕشی ئەیلول ١٩٦١ و ڕێكەوتننامەی ١٩٧٠). ڕاگواستنی ززۆرەملێی كوردانی (كەفكاز ) قه‌وقاس لە ساڵانی ١٩٣٧- ١٩٤٤ ڕۆڵی زۆری بینی لە پرۆسەی كەمبوونەوەی ژمارەی كورد و توانەوەیان لە نێو گەلانی دیكەی كۆمارەكانی یەكێتی سۆڤیەتدا.

تا كۆتایی پەنجاكان كوردە ڕاگوێزراوەكان لە هەموو مافە دەستورییەكانیان بێ بەش كرابوون. ئەوان لە ژێر چاودێری توندی دەزگای ئەمنی و هەواڵگیری دا بوون و ڕێگەیان پێنەدەدرا بچنە دەرەوەی گوندەكانیان. بۆ ڕزگار بوون لەو بارودۆخە و بۆ ئەوەی بتوانن گەشت بكەن و بچن بۆ خوێندن زۆریان بە ناچاری كوردێتی خۆیان دەشاردەوە و خۆیان بە ئازەری و كازاخی و گەلانی دیكە ناونووس دەكرد.

Back to top button