پارتی ناوی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەكانی ئامادە كردووە
ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان ڕایگەیاند، پارتی حەوت سەرۆك و حەوت جێگر و پێنج بڕیاردەر وەردەگرێت و ناوەكانیشیان ئامادە كراون.
پەرلەمانی كوردستان ١٥ لیژنەی هەمیشەیی هەن، بەپێی پەیڕەی ناوخۆی پەرلەمانیش، بڕیارە ٢٥ رۆژ لە دوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان، لیژنەكان دیاری بكرێن، دوای ئەوەی لە (٢٦-٢-٢٠١٩)ـش پەرلەمانی كوردستان لیژنەی یاسایی هەڵبژارد، ١٤ لیژنەی تری پەرلەمان مابوون، كە دواتر ئەو لیژنانەش دابەش كران.
بژار كۆچەر، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: “پارتی هەمیشە لە مافی خۆی خۆش بووە و سازشی لەسەر مافەكانی كردووە، بەپێی یاسایی سانت لیگۆیش، ئێمە لەگەڵ هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەر ئەوە رێك كەوتبووین دابەشكردنی لیژنەكان بە شێوازی ( 1.4) بێت نەك (1.7)، چونكە ئێمە پێمان باش بوو هەموو فراكسیۆنەكان ئەندامیان هەبێت، بۆیە ئەگەر لەسەر شێوازی (1.4) بێت، ئەوا هەمووان مافیان پارێزراو دەبێت”.
كۆچەر گوتیشی: “پارتی لەسەر ئەو شێوازەش سازشی لە مافی خۆی كرد، چونكە ئیستیحقاقی پارتی ٢١ پۆستە، كەواتە سەرۆكی لیژنەكان و جێگر و بڕیاردەرەكانی بەردەكەوت، جگە لە ئەندام، بەڵام ١٩ پۆستی وەرگرت”.
لەبارەی ئەوەی كە ئایا پارتی كەی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەرەكان دەستنیشان دەكات، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: “پارتی حەوت سەرۆك و حەوت جێگر و پێنج بڕیاردەر وەردەگرێت و ناوەكانیشیان ئامادە كراون”.