ئاسایشی ھەولێر دەستگیركردنی خاوەنی شوێنە گەشتیارییەكەی موسڵی راگەیاند
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا دەستگیرکردنی سێ گومانلێکراوی ڕووداوی نغرۆبوونی بەلەمەکەی شاری موسڵ ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئەوە خراوەتە روو “دوای ڕووداوی نغرۆبوونی بەلەمێکی پەڕینەوە لە شاری موسڵ لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر هەڵساین بە بەدواداچوون و دەستگیرکردنی سێ گومانلێکراوی ئەم کارەساتە بە ناوەکانی (رەیان مجید ابراهیم، عبید ابراهیم، احمد فتحی) کە خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکەن”.
ئاسایشی هەولێر ڕوونیشکردووەتەوە، “لەلایەن ئێمەوە بەسەرپەرشتی دادوەری لێکوڵینەوەی هەولێر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتی فیدراڵ هەماهەنگی دەکرێت و دەستی هاوکاریمان کراوەیە لەسەر ئەم بابەتە”.
جەختیشکراوەتەوە، هەر کەسێکی تر لەم کەیسی کارەساتەدا لەلایەن دادگاوە داواکرابێت و لە سنووری چالاکیمان بێت و ئامادەین دەستگیری بکەین و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
رۆژی هەینی 21-3-2019، بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێک لە رووباری دیجلە لە مووسڵ، نزیکەی 100 کەس گیانیان لەدەست دا و نزیکەی 70 کەسی دیکەش بێ سەروشوێن بوون.