ماوەی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی پارێزگاری نەینەوا درێژ کرایەوە

بە مەبەستی ڕەخساندنی بوار لەبەردەم ئەو کەسانەی کە خوازیاری بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگارن، بڕیار درا تا کۆتایی دەوامی ڕۆژی سێشەممە ٧ی ئایاری ٢٠١٩، دەرگای خۆپاڵاوتن بە کراوەیی بهێندرێتەوە.

لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ پینجشەممە ٢ی ئایار بە واژۆی سەیدۆ چەتۆ شنگالی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەرکراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆی بەرژەوەندیی گشتی و بە مەبەستی رەخساندنی بوار لەبەردەم خەڵکی پارێگای نەینەوا بۆ خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگار و هەروەها هەردوو پۆستی جێگری کارگێڕی و جێگری هونەریی پارێزگار، هەروەها بەهۆی ئەوەی ماوەی خۆپاڵاوتنی پێشوو هەندێک پشووی فەرمی تێکەوت، بڕیار درا کە ماوەی وەرگرتنی داواکاریی خۆپاڵاوتن تا کۆتایی دەوامی ڕۆژی ٧ی ئایار درێژ بکرێتەوە.

هاوکات داوا لەو کەسانە کراوە کە خوازیاری بەدەستهێنانی ئەو پۆستەن، سەردانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بکەن و سەرجەم بەڵگەنامە پێویستەکان لە چوارچێوەی ئەو مەرجانەی ڕاگەیاندراون، لەگەڵ خۆیاندا ببەن.

Back to top button