لیزا كاكەیی: یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پەسەند دەكرێت.. كار بۆ نووسینەوەی دەستوور دەكەین

پەرلەمانتارێكی فڕاكسیۆنی پارتی دەڵێ، لەم خولەدا كار بۆ ئامادەكردنی نووسینەوەی دەستوور دەكەن، جەختیش لە پەسەندكردنی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و جێبەجێكردنی پڕۆژەی چاكسازی دەكاتەوە.

لیزا فەلەكەدین كاكەیی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووه‌: لە دواكۆبوونەوەی فڕاكسیۆنەكەمان لە پەرلەمان، ئەولەوییەت بە پەسەندكردنی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بەخشرا، بەوەی كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان بە كۆدەنگیی سەرجەم فڕاكسیونەكان بێت، هەروەها لەگەڵ حكوومەتی نوێش كاری لەپێشینەمان پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی و ئامادەكاری بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی كاتی بۆ نووسینەوەی پڕۆژەی دەستوور دەبێت.

كاكەیی گوتیشی: لیژنەی ئامادەكاریی نووسینەوەی دەستوور، پێویستە گشتگیر بێت و نوێنەری تەواوی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە كوردستانییەكان لە خۆ بگرێت، بۆ ئەوەی بتوانین دەستوورێكی باش و گونجاو بە یەكگرتوویی سەرجەم لایەنەكان بۆ هەرێمی كوردستان  دابڕێژین، كە مافی تێكڕای پێكهاتەكان لە خۆ بگرێـت، بێگومان بە نووسینەوەی دەستووریش، چارەسەری زۆر پرسی گرینگ دەكرێـت لە هەرێمی كوردستان.

ناوبراو دەشڵێت: ئێمە وەك گەورەترین فراكسیۆنی نێو پەرلەمان، هەموو هەوڵ و توانامان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی لەم خولەی پەرلەماندا هەرێمی كوردستان ببێت بە خاوەنی دەستوورێكی ڕێك و تەندروست، كە مافی هەمووان تێیدا پارێزراو بێــت.

Back to top button