ڤەنزویلا دژ بە ئەمریكا هێزەكانی خستە ئامادەباشی
دوای ئەوەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند لە ئەگەری بەردەوامی گرژیە نێوەخۆییەكانی ڤەنزویلا, ئەمریكا ئامادەیە دەست تێوەردانی سەربازی بكات, لە بەرامبەردا نیكۆلاس مادورۆی سەرۆكی ڤەنزیۆلا داوا لە سوپای وڵاتەكەی دەكات لە ئامادەباشیدا بن بۆ هەر جووڵەیەكی سوپای ئەمەریكا.
بە پێی هەواڵێكی رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی هاتووە، مادورۆ بە سوپای ڤەنزیۆلای گوتووە: “هەر كاتێك ئەمەریكا بوێری كرد و دەستی بۆ خاكەكەمان راكێشا، لە رێگای چەكەكانی دەستان بەرگری لە نیشتیمان بكەن”.
راشیگەیاندووە: “بە فەرماندە سەربازییەكانم گوتووە كە من دڵسۆزی تەواوەتیم دەوێت، متمانەم پێیان هەیە، بەڵام دەبێت چاویان كراوەتر بێت و خیانەتكاران یەكێتی سوپاكەمان تێكنەدەن”.
جێی باسە, رووسیا، كوبا و چین پاڵپشتی لە مادورۆ دەكەن و ئەمەریكا هاوپەیمانەكانی پشتگیری لە گوایدۆ دەكەن, چەند ساڵێكە ڤەنزیۆلا دووچاری داڕمانی ئابووری بووە و لە ساڵی 2018 خراپترین و بێ متمانەترین ئابووری لە جیهان هەبوو، ئەمەش وڵاتی بەسەر دوو بەرەدا دابەش كردووە؛ خۆپیشاندان و ئاڵۆزی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.