وەزارەتی پێشمەرگە و شاندێكی باڵای سەربازی ئەمریكا كۆبوونەوە بۆ چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە

 

دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاریدا هاوكاری وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن بۆ چاكسازی لە نێو وەزارەت و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ھاوپەیمانان و پێشمەرگە بریاردراوە مانگی حەوت كۆبوونەوەی باڵا بۆ چاكسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەرێوەبچێت.

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 5/5/2019، بە ‌سەرپەرشتی كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت و بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەت، فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی، فەریق جەمال محەمەد سەرۆكی ئەركان و ژمارەیەك لە ئەفسەرو پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوونەوەی ئاسایی لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ ھێزەكانی ھاوپەیمانان و بۆردی چاكسازیی و بەڕێوەبەرایەتی چاكسازیی سەر بە ‌وەزارەت لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو.

لە كۆبوونەوەكەدا ھەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشھاتەكان و پرۆژەكانی چاكسازیی پێشمەرگە كرا، ھاوكات تیمی ئۆفیسی ھەماھەنگی ئاسایشی ھاوبەش راپۆرتێكیان لەبارەی ھاوكارییەكانیان بۆ پێشمەرگە پێشكەش كردو بەڵێنیاندا بەردەوامبن لە ‌ھاوكارییەكانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.

لە كۆتایی لە كۆبونەوەكە بڕیاردرا لە مانگی حەوتی ئەمساڵ كۆبوونەوەیەكی باڵا بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆگرامی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام بدرێ.

Back to top button