ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان لە بەغدا سکاڵا تۆمار دەکات
ئەمڕۆ لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدراڵی عێراق، سكاڵا دژی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تۆمار دەكات.
جوان یونس رۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: یاسای ھەموار كراوی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، لە مادەی 16 باس لەوە دەكات ھاووڵاتی ھەر پارێزگایەك ئەگەر لەناو پارێزگاكە نەبێت ناتوانێت دەنگ بدات، ئەمەش زیانی بۆ كورد ھەیە، چونكە دوای 16ی ئۆكتۆبەر رێژەیەكی زۆر لە خەڵكی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان ئاوارە بوون و لە ھەولێر و دەوروبەری نیشتەجێن، بەم جۆرەش مافی كورد لە ھەڵبژاردەنەكە پێشێل دەكرێت.
گوتیشی: یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دژی پێکھاتەکانە و لیژنەکەمان ئەو سکاڵایە تۆمار دەکات بۆ ئەوەی یاساکە ھەموار بکرێتەوە، چونکە ئەگەر بەو یاسایە ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، کورد لە ناوچە کوردستانییەکان دەنگی کەم دەکات، چونکە یاساکە رێگە نادات ئاوارەکان لە دەرەوەی پارێزگاکانی خۆیان دەنگ بدەن.
لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان داوا دەکەن یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ھەموار بکرێتەوە بڕیارە مانگی چواری ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجام بدرێت.