سەرۆك و لۆگۆی لیستی “هاوپەیمانی کوردستانی” دیاری دەکرێت
ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەکانی كوردستان بە مەبەستی دیارکردنی سەرۆك و لۆگۆی لیستی “هاوپەیمانی کوردستانی” لە شاری سلێمانی کۆدەبنەوە.
خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند، ئەمڕۆ لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی لایەن کوردستانییەکان کۆدەبینەوە بۆ بڕیاردان لەسەر سەرۆک و لۆگۆی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی، دیاریکردنی سەرۆکی لیستەکە بە رێککەوتن دەبێت لەنێوان لایەنەکاندا.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان روونیشی كردەوە، كە كۆبووەنەوەی ئهمرۆ لایەنەكان لە سلێمانی و بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك لیست و رێپێدراوی لیست و درووشم و لۆگۆی لیستەكەیە، هاوكات هەفتەی دابێتیش كۆبوونەوەیان لەسەر نووسینەوەی بەرنامەی سیاسیی لیستەكە دەبێت.
ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە 1/4/2020 ئەنجامدەدرێت. لایەنە كوردستانییەكان لەسەر ئەوە رێككەوتوون لە سنووری پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین، بە لیستی ھاوبەش بەشداری ھەڵبژاردنەكە بكەن.