فه‌ره‌نسا كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ هاوپه‌یمانێتی دژ به‌ داعش تاوتوێده‌كات وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ سوریا

 

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێسی راگه‌یاندووه‌، دوای بڕیاری دۆنالد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ كشاندنه‌وه‌ی ھێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌رۆژئاوای كوردستان، فه‌ره‌نسا پرسی كشانه‌وه‌ی له‌هاوپه‌یمانێتی دژ به‌داعش تاوتوێده‌كات.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌كه ‌له‌ئێستا فه‌ره‌نسا هه‌زار سه‌ربازی به‌شداره‌ له‌هاوپه‌یمانێتی دژ به‌داعش كه ‌دووسه‌د سه‌ربازی له‌رۆژئاوای كوردستانه‌، ئه‌گه‌ر چی تا ئێستا فه‌ره‌نسا به‌فه‌رمی راینگه‌یاندووه‌ كه‌ ‌هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی له‌رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا هه‌یه‌، به‌ڵام له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌رنسا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سه‌ربازی فه‌ره‌نسا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ‌ناڕاسته‌وخۆ دانی به‌بوونی هێزه‌كانی فه‌رنسا ناوه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان.

 

نوسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئیمانوێل ماكرۆن له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و به‌رگری نه‌ته‌وه‌ی له‌پاریس كۆبوویه‌وه‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رێككاره‌كانی پاراستنی سه‌لامه‌تی كرێكاره ‌فه‌ره‌نسیه‌كان و سه‌رباز و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی فه‌ره‌نسی له‌ناوچه‌كانی باكوری سوریا تاوتێكراون به‌ڵام گوته‌بێژی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ره‌نسا ره‌تی كرده‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی زیاتر بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ئاشكرا بكات به‌هۆكاری ئه‌منی.

لای خۆشیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی دیپلۆماسی فه‌ره‌نسی به‌ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاندووه‌ كه ‌راستیه‌ك هه‌یه ‌ده‌بێت دانی پێدا بنێین كه ‌ئه‌و وڵاتانه‌ی ژماره‌یه‌كی كه‌می سه‌ربازیان له‌باكوری سوریا هه‌یه‌ ناتوانن بمێننه‌وه ‌ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌ته‌واوه‌تی بكشێته‌وه‌.

Back to top button