سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئیسپانیا دەکات

 سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21/9/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە خوان خۆسێ ئیسکۆبار باڵیۆزى ئیسپانیا لە عێراق و شاندێکى بازرگانی یاوەرى کرد.

 

لە دیدارێکدا برەودان بە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیسپانیا بەتایبەتى لە بوارى ئابوورى و بازرگانیدا تاوتوێ کرا و سەرۆی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان ئامادەیە هەموو هاوکارى و ئاسانکارییەک پێشکەش بە کەرتى تایبەت و وەبەرهێنەرانى ئیسپانى بکات بۆ ئەوەى دەرەفەتى کار و سەرمایەگوزارییان بۆ بڕەخسێت و هاوبەشى و بەشدارى لە بنیاتنان و پەرەپێدانى کەرتە جیاکانى هەرێمى کوردستاندا بکەن.

 

دۆخى ناوچەکە بەگشتى، پرۆسەى سیاسى لە عێراق، پەیوندییەکانى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدرالى عێراق و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانیان، بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا، مەترسییەکانى تیرۆر و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.

Back to top button