یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠.

سامان ڕەشید

گۆرین یان ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن بابەتێکی زۆر ھەستیارە وپەیوەندی بەھەموو لایەنە سیاسییەکان وڕەوت وبزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە وئامانجێکی سەرەکی ھەموو یاسایەکی ھەلبژاردنیش، جێگیری باردۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتییە ولایەنی کەم پێویستە بۆ چەندین خول،ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنەکان لەچوارچێوەی یەک یاسا بەڕێوەببرێت بۆ ئەوەی کەموکورتی وخاڵە بەھێز وبێ ھیزەکانی وەک فیدباکێک دەرکەوێت بۆ لایەن سیاسییەکان وڕێکخڕاو وبزووتنەوە وڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ئەوەی ڕوئیا وبۆچوونەکانیان سەبارەت بەو سیستەمەی ھەڵبژاردن بخنە ڕوو، بەڵام لەعێراق گۆڕینی سیستەم ویاسای ھەڵبژاردن بووەتە دیاردەیەکی ناتەندروستی سیاسی وپێش ھەموو ھەڵبژاردنێک یاسای ھەڵبژاردن ھەمواردەکرێتەوە یان ئەگۆردرێت بەپێی ئیرادەو وویستی ھەندێ لایەن،ئەمەیش کاریگەری زۆر خراپی ھەیە لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی.
لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ولەساڵی ٢٠٠٣وە بڕیارێک و دوو یاسا وچوار ھەموارکردنەوەی یاسا بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەرچوێنراوە،بەجۆرێک بۆ ھەڵبژاردنی کۆمەڵەی نیشتمانی (الجمعیە الوگنیە) ساڵی ٢٠٠٤ بڕیاری ژمارە (٩٦)ی دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانان دەرکرا،دواتر بۆ ھەلبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ساڵی ٢٠٠٥ یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ٢٠٠٥ دەرکرا، ھەروەھا بۆ خولی دووھەمی ئەنجوومەنی نوێنەران یاسای ھەمواری ٢٦ی ساڵی ٢٠٠٩ دەرکرا.دواتر بۆ خولی سێھەم یاسای ژمارە ٤٥ی ساڵی ٢٠١٣ دەرچوێنرا،بۆ خولی چوارەمیش سێ جار یاسای ھەڵبژاردن ھەموارکرایەوە لەپێش وپاش ھەڵبژاردن،ئێستاش بۆ خولی پێنجەمی داھاتووش یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەرکراوە.

یاسای ھەڵبژاردن و سیستەمی ھەڵبژاردن وجۆر وچەندی بازنەکانی ھەڵبژاردن لە وڵاتی عێراق،بابەتێکی زۆر ھەستیارە،ئەویش لەبەر پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکەی کەلە نەتەوە وئاین ومەزھەبی جیاواز پێکھاتووە،ھەروەھا مێژووی کورتی پڕۆسەی دیموکراسی وکەم ئەزموونی ھێز ولایەنەکان لەپڕۆسەی دیموکراسی وھەڵبژاردن وتەنانەت نەبوونی ھۆشیاری وڕۆشنبیری دیموکراسی لای ھاوڵاتییانیش،ھۆکارگەلێکن کە ھەمیشە گۆڕانکاری بکرێت لەسیستەمی ھەڵبژاردن.ڕەنگە لەڕووی تیۆرییەوە زۆر ئاسان بێت سیستەمێکی ھەڵبژاردن دیاری بکرێت،بەڵام لەڕووی پڕاکتیکەوە ڕەنگە مەحاڵ بێت یان زۆر قورس بێت جێبەجێ کردنی،ئەویش لەبەر چەندین ھۆی سیاسی و جوگرافی وتەنانەت ھونەریش.

لەدوای خۆپیشاندانەکانی ئەکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ لەعێراق،پرسی یاسای ھەڵبژاردن وگۆڕینی سیستەمی ھەڵبژاردن وەک داواکاری خۆپیشاندەران خەزێنرایە نێو میدیاکان و بووە قسەی زاری زۆرێک لەئەندامانی ھێز ولایەنە سیاسییەکان و چالاکەوانی خۆپێشاندەران،ئەمە لەکاتێکدا بوو کە خۆپیشاندران،لەئەنجامی کەڵەکەبوونی ڕق وکینەی حەڤدە ساڵەیان بەرانبەر بەدەسەڵاتی عەرەبستانی عێراق و لەدژی گەندەڵی و نەبوونی خەزمەتگوزاری ھاتنە سەرشەقام وداوای مافە بنەڕەتییکانیان ئەکرد لەچوارچێوەی پێداچوونە وچاکسازی لەو شێوازە دەسەڵاتدارییەی کەلەبری پێشکەوتن وخزمەتگوزاری وخۆشگوزەرانی، گەندەڵی ونەھامەتی و وێرانەیی لێ بەرھەم ھات.بەڵام ھەندێ ھێز ولایەنی سیاسی بەئامانجی جیرماندەری (Gerry-mander)،یاسایەکی نوێی ھەڵبژاردنیان کردە پێویستییەک بۆ قۆناغەکە ولە ٢٤ی ١٢ی ٢٠١٩ ،پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر یاساییەکی نۆێی پڕکەموکورتیدا بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق جگە لەماددەیەکی یاساکە،ئەویش ماددەی (١٥) بوو کە تایبەتە بە بازنەکانی ھەڵبژاردن.ئەم ماددەیەش لەدوای مشتومڕێکی (١٠) مانگی لەنێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمان،لەبەرەبەیانی ڕۆژی ٢٩ی ١٠ی ٢٠٢٠ دەنگی لەسەر درا و ئەمڕۆش ٥ی ١٢ی ٢٠٢٠ سەرۆک کۆمار واژووی لەسەر یاساکە کرد.

ئەم یاسایە لەڕووی یاساییەوە کۆمەڵێک کەموکورتی تیدایە وناکۆکە لەگەڵ چەند ماددەیەکی دەستووری وبڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی،تەنانەت ھەندێ لەماددەکانی خودی یاسەکەش دەقەکانیان پێچەوانەی یەکترن.ھاوکات لەڕووی ھونەرییەوەش جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە زۆر قورسە وکێشە وئاڵەنگاری زۆر دێتە پێش لایەنی حێبەجێکاری پڕۆسەکە کەئەویش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانە.بۆیە پێویستە ئەم یاسایە ھەموار بکرێتەوە وئەو کەمو کورتییانەی تیایدایە چارسەر بکرێت بەپێچەوانە ئەگەر یاساکە ھەموار نەکرێتەوە و کەمو کورتییەکانی یاساکە چارسەر نەکرێت،کێشەیەکی زۆری لێ بەرھەم دێت کەڕاستەوخۆ کاریگەری ئەبێت لەسەر پڕۆسەی سیاسی.

Back to top button