سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات
ڕۆژی دووشەممە ١٢ـی نیسانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ماتیو تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە ڕۆبێرت وۆلەر كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا.
هەر لەو دانیشتنەدا پەسەندبوونی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ـی عێراق بە هەنگاوێكی ئیجابی لەقەڵەم درا و بیروڕاش لەبارەی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمەریكا و عێراق و ڕۆڵی لایەنەكان بۆ سەرخستنی ئەو دیالۆگە ئاڵوگۆڕ كرا.
لە درێژەی ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر مەترسی و هەڕەشەكانی تیرۆر لە عێراق و سووریا و، برەودان و بەهێزكردنی میانڕۆیی بۆ گەییشتن بە سەقامگیری بە پێویست زانرا.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوبەشیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان كردەوە.