فازڵ میرانی: هەرێمی كوردستان بە یەكڕیزی پارێزراو دەبێت.. ئەمساڵ پارتی كۆنگرە نابەستێت
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی كاتێك كۆنگرە دەبەستیت كە بارودۆخەكان گونجاو بن. دەشڵێ: “ئێمە شتێكمان جێگیر كرد و جارێكی دیكە ئەم میللەتە پێویستی بە ریفراندۆم نییە”. میرانی راشیگەیاند: “لە ساڵی ١٩٨٥ـەوە ئەو گومانەم ھەیە، پەكەكە دێت و توركیا بەدوایدا دێت، وەكو ئەوەی پەكەكە پێی خۆش بێت توركیا بێت كوردستانی عێراق نەھێڵێت و داگیری بكات”.
كەناڵی ئاسمانیی رووداو، چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی چاوپێكەوتنەكە دەربارەی دۆخی ھەنووكەیی ناوچەكە و عێراق و ھەرێمی كوردستان و بۆردوومانكردنی خاكی ھەرێم و شەڕی توركیا و پەكەكە و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و نووسینەوەی دەستوور بوو.
فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دەستپێكی چاوپێكەوتنەكەدا ئاماژەی بە بابەتی دەستووری ھەرێمی كوردستان دا و گوتی، لە راستیدا مەسەلەی دەستوور زۆر دواكەوت، ئێمە كاتی خۆی لە پەرلەمانی كوردستان یەكلایەنە سیستەمی فیدراڵیمان دانا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣ پاش گۆڕینی رژێمی عێراق لایەنی دووەممان ھێنا و پڕۆژەی گرێبەستی فیدراڵییەكە یاساییتر بوو، چونكە سیستەمی فیدراڵی وەكو گرێبەستێكە، نابێت یەك لایەن پەیڕەوی بكات، شێوازی گرێبەستیش وایە دەبێت لە نێوان دوو لایەن یان زیاتر بێت، كە لە نێوان پێكھاتەی سیاسیی عێراق و پێكھاتەی سیاسیی كوردستان بوو. دەبوو لەوساوە بیرمان لە نووسینەوەی دەستوور كردبایەوە.
ھەروەھا كە دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ نووسرایەوە، لە ماددەی ١٢٠ی ئەو دەستووردا ماف بە ھەرێمی كوردستان دراوە خاوەنی دەستووری خۆی بێت، مەرجداری كردووە لەگەڵ ماددەكانی ئەو دەستوورە، ھەرچەند من ئەوكات تێبینم ھەبوو ئێستاش تێبینیم ھەیە، نەك لەگەڵ ماددەكانی ئەو دەستوورە بگونجێت، بەڵكو لەگەڵ رۆحی ئەو دەستوورە بگونجێندرێت، چونكە دەستوور ماددە و رۆحی ھەیە.
ھەر سەبارەت بە دەستووری ھەرێمی كوردستان، میرانی رایگەیاند، كە جاری وا ھەیە بابەتێك لە بابێك لە بابەكان یان فەسڵێك لە فەسڵەكاندا نەھاتووە، بەڵام لەگەڵ رۆحی دەستوور دەگونجێت یان دژی رۆحی دەستوور نییە، بۆیە زۆر شت ھەیە لە دەستووری عێراق لەگەڵ ئێمە ناگونجێت، بۆ نموونە بابەتی پرسی یاسای باری كەسی سەبارەت بە پێكھاتەكان، وەكو ئێزدی و مەسیحی و خەڵكی دیكە، ئێمە تایبەتمەندیی خۆمان ھەیە، تایبەتمەندیی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیشمان ھەیە.. بە ھەر حاڵ ئێمەی كوردستانی بە شێوەیەكی گشتی و ئێمەی كورد بە تایبەتی لەوەدا زۆر دواكەوتووین بەداخەوە، بابەتی دەستووریشمان كردە بابەتێك بۆ موزایەدەی سیاسی، لە كۆنفرانسەكەش باسم كرد و گوتم ئێمە كە ھاتووینەتە ئێرە، باسی یەكڕیزی و دەستوور دەكەین، حەق نییە وەكو مینبەرێك بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و موزایەداتی سیاسی بەكاری بھێنین، دەستوور پێویستییەكی میللەتێك و نیشتمانێكە.
سەبارەت بەو موزایەدە سیاسییەی بە دەستوورەوە دەكرێت، فازڵ میرانی، دەڵێت، ھەموومان ئەوە دەزانین، ھەمووشمان ئەو گومانە دەكەین، من بە شتێكی باشی نازانم لە بەرامبەر ئەو قوربانیانەی داومانە، لە بەرامبەر ئەو ھەرێمەی كە پێی گەیشتووینە خەڵكێك بە ھیچی نازانێت، كە بەرھەمی خەباتی ١٠٠ ساڵە و خوێنمان بۆی داوە، ئێمە ئەگەر نەیپارێزین.. چ شتێك ئەو ھەرێمە دەپارێزێت؟ یەكڕیزی دەیپارێزێت، یەك حیزب و یەك پێكھاتە بە تەنیا ناتوانێت بیپارێزێت، كەواتە یەكڕیزی بۆ پاراستنی ئەمەیە.
میرانی ڕاشیگەیاند، بەداخەوە فكرێكی وا ھەیە لەناو ئێمە كە لە كۆنفرانسەكەش گوێم لێ بوو دەڵێت، “ئەگەر ئەمە نەكرێت و ئەگەر بەرەنگاری گەندەڵی نەبێتەوە، دەستوور بۆ چییە؟”.. ھەر ئەوەندە ماوە بڵێن، “ئەگەر پاشەكەوتی مووچەخۆران نەدرێتەوە، دەستوورمان ناوێت”، ئاخر چۆن دەكرێت ئەمە بیركردنەوەی بزووتنەوەیەكی سیاسی بێت؟ میللەتێك ١٠٠ ساڵە خەبات دەكات تاوەكو ئەمەی بەدەست ھێناوە.
“واتە دەستوور گرێبەستێكی كۆمەڵایەتییە لە نێوان حكومڕان و ھاووڵاتی، ھاووڵاتی دەتوانێت بە پشتبەستن بە ماددە دەستوورییەكان داوای مافەكانی بكات، حكوومەت ھەر كارێكی كردبێت، ھاووڵاتی بە دەستوور داوای مافی خۆی دەكات. بابەتی دووەم، دەستنیشانكردنی دەسەڵاتەكان لە نێوان سەرۆكایەتیی ھەرێم و نێوان سەرۆكایەتیی حكوومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری لە دەستووردا دیاری دەكرێت، كەواتە دەستوور یەكێكە لە پێویستییەكانی ئێمە، دەبوو لە ٢٠٠٣وە تاوەكو ئێستا خاوەنی دەستووری خۆمان بووینایە، بەڵام بەداخەوە”. فازڵ میرانی وای گوت.
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی پێشی وایە، ئێستا كاتەكەی گونجاوە گەرموگوڕییەك ھەیە بۆ نووسینەوەی دەستوور، بەڵام دیسان هەندێك لایەن دەیانەوێت ئەو دەستوورە بە حیزبی بكەنەوە، لەوانەیە ناكۆكیمان ھەبێت و تێڕوانیمان جیاواز بێت، ئەوەش بە دەستوور چارەسەر دەكرێت، بۆ نموونە پێشتر ناكۆكییەكی گەورە ھەبوو لەسەر چۆنێتی ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم، ئایا لەنێو پەرلەمان ھەڵبژێردرێت یان راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە ھەڵبژێردرێت. ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر گوتمان با لەنێو پەرلەمان سەرۆكی ھەرێم ھەڵبژێردێت، ھەندێك لە حیزبەكانی خۆمان ئەوسا ئۆپۆزسیۆن بوون ھاتنە حكومڕانی و بوونەوە ئۆپۆزیسیۆن، گوتیان دەبێت سەرۆكی ھەرێم لەنێو میللەتەوە ھەڵبژێردێت، سەرۆكی ھەرێم لەنێو میللەت ھەڵبژێدرا و جەنابی سەرۆك بارزانی بووە سەرۆكی ھەرێم، خوا لێی خۆش بێت مام جەلال خۆی بانگەشەی بۆ كرد، ئەمجارە گوتیان ناوەڵا دەبێت لەنێو پەرلەمان ھەڵبژێردرێت.
فازڵ میرانی جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئێمە دەستوور بۆ قۆناخێك دانانێین، دەستوور بۆ كەسێك و حیزبێك و پێكھاتەیەكیش دانانێین، ئێمە دەستوور بۆ وڵاتێك دادەنێین كە پێی دەڵێن كوردستانی عێراق، ئەو كوردستانەی حیزبەكانی تێدایە، نەتەوەكان و ئایینەكانی تێدایە و بۆ رۆژێكیش داینانێین، ئێمە كە دەڵێین سەرۆكی ھەرێم لەنێو میللەتەوە ھەڵبژێردرێت، لەبەر ئەوە نییە ئێمە بەربژێرێكمان ھەیە لەوانەیە حیزبەكان وا بڕوانن كە بەربژێری ئێمە لە ھیی ئەوان بەھێزترە، با تەفسیری خۆیان ھەبێت، چونكە ئێمە ئازادین لە بیركردنەوە، بەڵام ئێمە وەكو پارتی تەفسیرێكی دیكەمان ھەیە، ئێمە دەڵێین لەبەر ئەوە نییە سبەی جەنابی سەرۆك بارزانی یان كەسێكی دیكە كە كاریزمای ھەیە، ئێمە دەڵێین ئێمەی میللەت، بۆ نموونە من جووتیارێكم و خەڵكی ئەو دەشتی دزەییەمە، من جەنابت دەكەمە وەكیلی خۆم بۆ ئەوەی بێیت و لە پەرلەمان یاسا دەربكەی، چونكە ھەموومان ناتوانین بێینە ھۆڵی پەرلەمان یاسا دابنێین، بەڵام بۆ سەرۆكایەتی من مافی ئەوەم ھەیە خۆم دەنگی خۆم بدەم.
سەبارەت بەو بۆچوونەی پارتی كە سەرۆك دەبێت لەنێو خەڵكەوە ھەڵبژێردرێت، فازڵ میرانی، دەڵێت، بە دڵنیاییەوە، بۆ؟ ئێمە بەرگری لە دەنگدەر دەكەین، بەرگری لە جووتیار و كرێكار و فەرمانبەر و ئەوانەی كە ناتوانن بێنە پەرلەمان، تۆیان ناردووەتە پەرلەمان بۆ ئەوەی یاسایان بۆ دەربكەی، لەوانەیە من دەنگت پێبدەم بچیە پەرلەمان بۆ دەركردنی یاسا، بەڵام كە ھاتە سەر ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم ڕەنگە رای من لەگەڵ ھیی تۆ جیاواز بێت، لەوێدا من حەز دەكەم خۆم نوێنەرایەتیی دەنگی خۆم بكەم.
ھەر سەبارەت بەو گرفتە سیاسییەی پێشتر ھەبوون لەسەر سیستەمی سیاسی و ئێستاش ھەر ماون، فازڵ میرانی، پێی وایە، رەنگە مابێت، دەشڵێت، من نازانم ئێستا، لە لیژنەی دەستووریدا نیم، بەڵام بە دڵنیاییەوە من لە پشتی پەردەوە چاودێری دەكەم، رای ئێمە ئەوەیە، لە ھەندێك وڵات سەرۆك راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە ھەڵدەبژێردرێت و لە ھەندێك وڵاتیش لەنێو پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت، ھەردوو شێوازەكەش دیموكراتییە، بەو پێیەی ئەوانەی لەنێو پەرلەمانن ھەڵبژێردراوی خەڵكن، بەڵام من بیانوویەكی یاساییم ھەیە و ئامادەشم بەرگری لێبكەم، ئەویش ئەوەیە كە من دەنگت پێدەدەم بچیە پەرلەمان یاسا دەربكەیت، بەڵام بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆك حەزدەكەم خۆم دەنگ بدەم، نەك تۆ دەنگی من بدەیە یەكێكی دیكە.
لەبارەی نووسینەوەی دەستوور، كە ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان پرۆژەی ھەیە بۆ نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی كوردستان، فازڵ میرانی، دەڵێ، شتێك ئامادە كراوە، ھەر حیزبە شتێكی ئامادە كردووە، پەرلەمانیش وا خەریكە شتێكی لێ ئامادە دەكات، ئەو كۆبوونەوانەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدات چ ئەوەی لە بارەگای خۆی كردی، چ ئەوەی بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ پەرلەمان، لایەنە جێبەجێكارەكە پەرلەمانە، دەبێت لە پەرلەمان پەسند بكرێت، پاش ئەوەی حیزبەكان رای خۆیان لەسەری دەدەن، دواتر دەچێتەوە لای سەرۆكی ھەرێم، سەرۆكی ھەرێم كە واژۆی لەسەر رەشنووسەكە كرد، راپرسی لەسەر دەكرێت، بۆ نموونە خاڵێكی ناكۆكی ھەیە لەسەر شێوەی ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، ئێمە دەتوانین بیكەینە پاشكۆیەك و لەگەڵ دەستوور پێكەوە بیدەینە دەنگدان، ئەگەر میللەت گوتی با لە پەرلەمان بێت، با لە پەرلەمان بێت، ئەگەر میللەت گوتی لەلایەن ئێمەوە بێت، با لای میللەت بێت.
پەیوەست بەوەی ئەو ناكۆكییانەش بخەنە ریفراندۆمەوە، فازڵ میرانی دەڵێت، ئەگەر لە لیژنەی داڕشتنی دەستوور نەگەیشتنە ئەنجامێك، ئێمە ئەو پێشنیازەش دەكەین، چی تێدایە؟ دواخستنی دەستوور بەرگەی ئەوە ناگرێت لەسەر تێبینی ئەو حیزب و ئەو حیزب بھێڵینەوە و دەستوور راگرین، ئەوە گوناھێكی گەورەیە.
پەیوەست بە بۆچوونی پارتی لەبارەی ئایین و ئازادییەكان لە دەستووردا، فازڵ میرانی ئاماژە بەوە دەكات، لە دەستووردا ھاتووە زۆربەی ھەرە زۆری ھاووڵاتیانی كوردستان موسڵمانن، بەڵام رێز لە ئایینەكانی دیكەش دەگرین، جیاوازە دین ھیی دەوڵەت بێت یان ھیی ھاووڵاتیان بێت، چونكە ھاووڵاتیان جیاوازن دینەكانیش جیاوازن، بەڵام بڵێی دەمەوێت حوكم سیستەمێكی ئیسلامی دابنێم، ئەوكاتە حیزبێكی ئیسلامی زۆرینەی پەرلەمان بھێنێت، حكوومەتێك لەسەر فەساڵی خۆی دروست بكات، ئەوسا دەتوانین سیستەمەكەش بگۆڕین، بەڵام ئەویش دەبێت بچێتە ریفراندۆم، چونكە سیستەمی ئێمە كە لە دەستووردا جێگیر دەبێت ئێستا سیستەمی پەرلەمانییە، بەڵام حیزبێك لە رەوتە ئیسلامییەكانی ئێمە كە رێزم بۆیان ھەیە بێت و بڵێت ئایینی دەوڵەت بە فەرمی ئایینی ئیسلامە.. ئەگەر ئایینی دەوڵەت بێت واتە ئەو ھاووڵاتییەش ھیی ئەو دەوڵەتەیە، واتە ئەگەر كەسێك دزییەكی كرد بەپێی ئەو سیستەمە دەبێت دەستی ببڕدرێت، لە حاڵەتێكدا زۆر دەوڵەتی ئیسلامی ھەن ئازادی تاك و خەڵكی تێدایە، بۆ نموونە یەكێك لە سیستەمە ھەرە ئیسلامییە سەركەوتووەكان لە جیھاندا مالیزیایە، لە مالیزیا نە مەشروب قەدەخەكراوە، نە حیجاب سەپێندراوە، حیجاب ھەیە و سفوریش ھەیە، مالیزیا سیستەمێكی ئابووری تەواوی ھەیە لەسەر سیستەمی ئیسلامی، ئەو حیزبە ئیسلامییانە با بچن ببینن و لێیان فێر ببن و لێرە وەكو ئەوان بكەن، تەنانەت ئێستا حیزبێكی ئیسلامی لە توركیا حاكمە، بەڵام مەشروبی قەدەخە نەكردووە، ھەر بۆ بەرچاوڕوونی، من مەشروبخۆر نیم و بەرگری لە مەشروبخۆر ناكەم، بەڵام باسی سیستەمەكە دەكەم، بۆیە دەبێت دەستوورێك دابنێین تایبەتمەندی كەلتووری پێكھاتەی كوردستانی لە رووی ئایینی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە كاروباری ناوخۆی پارتی و نیازی ئەوەی پێش ھەڵبژاردنەكان كۆنفرانس ئەنجام بدەن، لە كاتێكدا كە كۆنگرە دواخرا، فازڵ میرانی دەڵێت، ئەمە ھەرچەندە ئیشێكی حزبییە، بەڵام ئێمە حیزبێكی مۆدێرێن و كۆنین و شتەكانی خۆمان بەپێی پێویست ناشارینەوە، ئێمە داوامان لە كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەكان كردووە، بەرپرسێك لەوێ كە یەكێك لە حیزبەكانی كوردییە، دژی ئێمە كۆمیسیۆنی ھان داوە و دەبێت ھەر لەو ماوەیە كۆنگرە ببەستین، ئێمەش شاندێكمان ناردووە و قسەمان لەگەڵیان كردووە و گوتوومانە ئێمە حیزبێكی تازە نین و حیزبێكی بچووكیش نین، رێزمان ھەیە بۆ حیزبە بچووكەكان، بچووك گەورە دەبێت و گەورەش بچووك دەبێت، ئەمە سیاسەتە.. بەڵام ئێمە نیو ملیۆن ئەنداممان ھەیە ئەگەر لە ھەزار كەس كەسێكیش بۆ كۆنگرە دابنێین دەبێت ٢ ھەزار كەس ببەینە كۆنگرە، لەبەر ئەوەی كۆرۆنا ھەیە، سبەی خوانەكا ٥٠-١٠٠ كادری ئێمە تووشی كۆرۆنا بێت و رووحیش لە دەستی خودا دایە.. بۆیە بە كۆمیسیۆنمان گوت ئایا ئێوە دووژمنی ئێمەن؟ دەتانەوێت سبەی ٢٠٠ كادری ئێمە شتێكیان بەسەربێت؟ گوتیان ناوەڵا، كەواتە دەرفەتمان پێبدەن ھیچ نەبێت دوای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، كە دوای ئەویش ھەڵبژاردنی كوردستان دێت، باشە ئێمە ئەو حیزبە سەقامگیرەی خۆمان تووشی ناسەقامگیری بكەین لە ئەنجامی كۆنگرەیەك ئێوە ستەممان لێدەكەن.. نیمچە بەڵێنێكیان پێداوین كە ئەو ماوەیە لێمان ببوورن، ئەگەر وابێت ئەوا كۆنفرانسیش نابەستین، ئەگەر ھەرواش بوو، ئەوا ناچارین كۆنفرانسێك ببەستین بۆ ئەوەی لەكۆڵ خۆمانی بكەینەوە و كۆمیسیۆن وازمان لێ بھێنێت.
ھاوكات لەبارەی دواخستنی كۆنگرەش، فازڵ میرانی، جەخت دەكاتەوە، ئێمە كاتێك كۆنگرە دەبەستین كە بارودۆخەكان گونجاو بن، ھەم بارودۆخی سیاسی و ھەم تەندروستی.
بۆیە بە تێڕوانینی میرانی بارودۆخی سیاسی و تەندروستی گونجاو نییە بۆ بەستنی كۆنگرە، ھەروەھا دەشڵێ، ئێمە بارودۆخی ناوخۆیی خۆمان دەبینین، پەیوەندیی نێوان خۆمان و حیزبە كوردستانییەكان، پەیوەندییەكی باش نییە، ھەرچەندە ئێستا بارودۆخەكە بەرەو ئەوە دەچێت جەنابی سەرۆكی ھەرێم كاك نێچیرڤان لە ھەوڵدایە بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان، دەشكرێت ئێمە ناكۆكیمان ھەبێت، بەڵام كۆببینەوە، چونكە لە سیاسەتدا دەرگای داخراو نییە.
ھاوكات سەبارەت بە بارودۆخە تەندروستییەكەش، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، مەسەلەی كۆرۆنا بەردەوامە، لەلایەكی دیكەوە شەڕی پەكەكەو توركیا ھەیە و شەڕەكە ھاتووەتە بەر دەرگای ماڵی ئێمە، كۆنگرە ببەسترێت رێژەیەكی زۆر لە سەركردە سەربازییەكانی ئێمە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرە دەگەڕێنەوە، ناشكرێت ئەو سەنگەرانە چۆڵ بكرێت، لەلایەكی دیكەوە نابێ بەبێ ھەڵبژاردن ئەندامانی كۆنگرە بێنی، بۆیە سەقامگیریی حیزب بۆ ئێمە گرینگە تاوەكو ھەڵبژاردنی عێراق دەكرێت، پاشان ھەڵبژاردنی كوردستانمان لەپێشە، بۆیە وەكو خۆم بارودۆخەكە بە گونجاو نابینم لەمساڵدا كۆنگرە ببەستین.
فازڵ میرانی روونیشی دەكاتەوە، ئێمە حیزبێكین جیاواز لە حیزبەكانی دیكە، ئێمە مەرجەعیەتێكی بەھێزمان ھەیە، ھەموو كێشەكانی ئێمە لە رێگەی ئەو مەرجەعیەتەوە چارەسەر دەبێت كە ئەویش مەسعوود بارزانییە، سوپاس بۆ خودا ناكۆكی لەنێوان ئەندامانی سەركردایەتی نییە، ناكۆكی لە رێكخستنەكان ھەبێت، ھەمووی لەوێ چارەسەر دەبێت.
دووەم، ئێمە كۆنگرەمان ھەیە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ یان دەبێت نیوەی زیاتری ئەندامانی حیزب داوای بەستنی كۆنگرە بكەن یان دوو لەسەر سێی ئەندامانی سەركردایەتی داوا بكەن یان سەرۆكی حیزب داوا بكات، ھیچ یەكێك لەو مەرجانە نەھاتوونەتە پێش، واتە كەس یەخەی ئێمەی نەگرتووە، تەنانەت بنكەی جەماوەری ئێمە زۆر دڵسۆزن، من لێرەوە سوپاسیان دەكەم، ھەموویان رەچاوی بارودۆخی حیزبەكەیان دەكەن و فشار لەسەر ئێمە دروست ناكەن.
پرسێكی دیكە ھەیە، ئەویش ئەوەیە ئێمە سەقامگیری لە رێكخستنەكانمان ھەیە، خۆشبەختانە بە دەگمەن هەیە پارتییەك ببێتە حیزبێكی دیكە، ئەندامێكی سەركردایەتیی ئێمە دەستی لەكار نەكێشاوەتەوە لەبەر ئەوەی كۆنگرە نابەسترێت.. لە ماڵی خۆی دانەنیشتووە لەبەر ئەوەی كۆنگرە نابەسترێت.
سەبارەت بەو دۆخەی ئێستا، ئایا ھەموو ڕازین، فازڵ میرانی، لە وەڵامدا گوتی، مەرجەعییەتی ئێمە چی بڵێت، ئێمە رازین و لەگەڵی راھاتووین، بەبێ ئەوەش نابینە پارتی، دەبینە حیزبێكی دیكە، ئێمەش دەمانەوێت ھەر پارتی بین، ئەوەی مەسعوود بارزانی بیڵێت، ئەوەیە.
پەیوەست بە شەڕی پەكەكە و توركیا، لەگەڵ گرژیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكان، فازڵ میرانی رایدەگەیەنێت، مەترسییەكە شەڕی كورد كوردە، ئەو شەڕەی كە جەنابی سەرۆك حەرامی كردووە، ئێمە و یەكێتی ئاشت بووینەوە تاوەكو ئێستا، لە ئاشتبوونەوەی پێشتریش لەگەڵ پەكەكە، جەنابی سەرۆك گوتی من حەز ناكەم چیدیكە كورد شەڕی كورد بكاتەوە، بەڵام ئەو شەڕەی نێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا من لەگەڵ ئەوەدا نیم زیانی زۆری ھەبێت و خەڵك بكوژرێت، بەڵام ئەمە ماوەی زیاتر لە مانگێكە شەڕ ھەیە كەچی زیانەكان نابینم لە ھیچ لایەك، پەكەكە دێت و توركیا بەدوایدا دێت، وەكو ئەوەی پەكەكە پێی خۆش بێت توركیا بێت كوردستانی عێراق نەھێڵێت و داگیری بكات.
ھاوكات فازڵ میرانی گومانی ھەیە لەو شەڕە، وەك خۆی دەڵێت، لە ساڵی ١٩٨٥ـەوە ئەو گومانەم ھەیە، دەبێت میكانیزمێكی كوردی ھەبێت ئەو دەوڵەتە ھەرێمیانە بەكار بھێنن بۆ ئەوەی كیانێكی كوردی دروست نەبێت.
لەبارەی ئەوەی پەكەكە ھۆكارە بۆ ئەوەی توركیا بێت ئەم كیانە كوردییە تێكبدات، فازڵ میرانی ئاماژە بەوە دەكات، ئێستا ھۆكارە، ھۆكار چییە؟ ئەم شەڕەی ئێستا لە كوردستانی توركیا نەكراوە، پەكەكە دەڵێ بەرگری دەكەم، لە ساڵی دوو ھەزار و چەند بوو، ئێمە لەگەڵ پەكەكە دانیشتبووین، برادەرێكی ئەوان گوتی ئێمە زاخۆیان لێ دەكەینە ڤێتنام ئەوكاتەی سوپای توركیا بەنیاز بوو بێتە كوردستانی عێراق، منیش دەستیم گرت و گوتم بەقوربانی چاوت بم ئەو سوپایەی توركیا لەكێوە دێن، دەبێت لە دیاربەكرەوە بێن، گوتم دۆڵەكانی دیاربەكر تاوەكو ماردین دونیایەك شەڕی تێدا دەكرێت، لە ماردینەوە تاوەكو دەگاتە لای سلۆپی و جزیرە دونیایەك شەڕی تێدا دەكرێت، زەحمەت نەبێت سەرەتا دیاربەكر بكە ڤێتنام ئەگەر سەركەوتوو نەبوون، دۆڵەكانی سلۆپی و پشتی جەزیرە و شرناخ بكە ڤێتنام ئینجا وەرە زاخۆ، بۆ زاخۆ دەكەیە ڤێتنام، واتە من لەوێوە شەڕی توركیا ناكەم تا دەگاتە زاخۆ كە ھاتە زاخۆ ئینجا شەڕ دەكەم.. بۆیە من لەوساوە گومانم ھەیە، بەڵام من ناڵێم ھەموو پەكەكە لەسەر ئەوە كۆكن، من دەڵێم میكانزمێك و ئامانجێكی ھاوبەش ھەیە، توركیاش پێی خۆشە بە میللەتی خۆی بڵێت پەكەكە لەنێو توركیا نەماوە، من وا دوای پەكەكە كەوتووم تاوەكو باكووری عێراق دەیانبەم، وەك ئەوان دەڵێن باكووری عێراق، ئەمە واتای چی دەگەیێنێت؟ ئەمە ئەوە دەگەیێنێت ھەردوولا پێیان خۆشە شەڕەكە لە وڵاتی ئێمە بكەن، لە وڵاتی خۆیان شەڕ ناكەن.
سەبارەت بەوەی كە ئایا ھیچ رێككەوتنێك لە نێوان توركیا و پەكەكە ھەیە، فازڵ میرانی، لە وەڵامدا گوتی، من ناڵێم رێككەوتن، من لە سیاسەتدا ئەو قسانە ناكەم، چونكە ئەمە دەبێتە تۆمەت، چونكە دەبێت بەڵگەت ھەبێت، بەڵام من سەیری پرۆسەكە دەكەم ھەردووكیان شەڕی خۆیان ھێناوە بۆ ئێرە، ئێ بۆ لە وڵاتی خۆیان شەڕ ناكەن، لەلایەكی دیكە دەبێت ھەموو كورد ئەوە بزانێت كە پەكەكە دەڵێت من پرسێكی نەتەوەییم نییە، باشە ئەگەر كێشەیەكی نەتەوەییت نەبێت، ئەی بۆ خەڵك دەكوژیت و خەڵك بە كوشتن دەدەی؟ ئێمە حاڵی حازر كێشەی نەتەوەییمان ھەیە، بەڵام ئەو دەڵێت دەوڵەتی نەتەوەیی باوی نەماوە، راستە، بەس جارێ تۆ ببە دەوڵەت پاشان دەوڵەتەكە مەكە بە دەوڵەتێكی نەتەوەیی، بیكە بە دەوڵەتێكی دیموكراتی، دەڵێن ئێمە فیدراڵیەتی ئیداری دەكەین لەگەڵ ئێران، سووریا و عێراق.. باشە خۆت چیت ھەیە تاوەكو فیدراڵیەت لەگەڵ خەڵكی دیكە بكەی؟ ئێمە فیدراڵیەتمان ھەیە یەڵڵا یەڵڵا عێراق قبووڵمان ناكات.
مەسەلەیەكی دیكە ھەیە، ئێران پاڵپشتی دەكات، عێراق پاڵپشتی دەكات، سووریا پاڵپشتی دەكرد، باشە ئەگەر تۆ بۆ كورد ھەوڵ دەدەی ئەو وڵاتانە كوردستانیان دابەش كردووە، ھەموویان دژی ئەوەن تۆ كیانێكی نەتەوەییت ھەبێت، خێرە ھەموویان پاڵپشتی ئێوە دەكەن؟ كاتی ئەوە ھاتووە ئێمە بە خەڵكی خۆمان بڵێین مەسەلەكە ئەوەیە.. ئێمە دژی پەكەكە نین، ئێمە دژی میللەتی خۆمان نین لە كوردستانی توركیا و ئێران و سووریا، بەڵكو ئێمە دژی سلوكیەتی ئەوەین كە لەنێوانی ئەو وڵاتانە و نێوان ئەو حیزب یان ئەو حیزبی كوردیدا ھەیە.
سەبارەت بەوی كە ئایا لەبارەی ئەو مەترسییانەوە، بە فەرمی سەركردایەتیی پەكەكەتان ئاگاداركردووەتەوە، فازڵ میرانی گوتی، بەرپرسەكانی ئێمە لە لێدوانەكانیان ئەو پەیامەیان پێگەیاندوون، پێشتریش پێیان راگەیێندراوە كە ئێمە دژی خەباتی ئێوە نین، بەڵام پێمان باشە لە وڵاتی خۆتان خەبات بكەن، پەكەكە وادەكات توركیا بێتە خواكوڕك و دەوروپشتی شیلادزێ و زاخۆ و ئەو ناوچانە، بەڵام واناكات خەڵكی و جووتیارەكانی ئەو ناوچانە بچنە گوندەكانی خۆیان كە ئەوان زاڵن بەسەریدا، ئایا شتی وا لە دونیادا ھەبووە؟ بەڵام مەسەلەكە ئەوەیە كە جەنابی سەرۆك گوتوویەتی شەڕی كورد و كورد نەكرێت، ئەگەرنا شەڕ بێتە بەر دەرگای ماڵت ناچاری بەرگری لە خۆت بكەی، ئەگەرنا پەكەكە ئەوە دەزانێت ئەو كارەی ئەو دەیكات نە یاساییە و نە مافی خۆشیانە.
پەیوەست بە شەڕی پەكەكە و پێشمەرگەش، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، شەڕ بە دەستی مرۆڤ نییە، مەسەلەیەكی كوردی ھەیە دەڵێ، شەڕ و شتێكی دیكە ھەیە بەدەست مرۆڤ نییە، كە بوو.. بوو، بەڵام ئەمە ھەمووی ئاماژەی ئەوەیە كە ئەو شەڕە دەبێت، ئینجا خراپە دوور یان نزیكە ھەموومان كۆكین لەسەر خراپییەكەی، نەبێت باشترە، بەڵام بە دەستی مرۆڤ نییە.
بڕیار وایە لە ١٠ی ١٠ی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكرێت و پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ھیچ لایەنێكی سیاسی ھاوپەیمانی دروست نەكرد، بۆیە فازڵ میرانی، روونی دەكاتەوە و دەڵێت، لیژنەكان دانیشتن، بە رای من كێشەیەك ھەبوو لەسەر لیستەكان و ژمارەی كاندیدەكان، بابەتی دووەمیش بیرۆكەیەك ھەبوو كە نەك تەنیا لە ناوچەكانی ١٤٠، ئەگەر كەشی سیاسی ھێزە سیاسییەكانی كوردستان بەرژەوەندیی ھەرێمیان لەبەرچاو بگرتبایە، پێویست بوو ھەموویان بێن، یەكەم جار پارتی و یەكێتی، پاشان داوا لە حیزبەكان بكرێت ئێستا چەند كەسمان ھەیە لە بەغدا ھەریەكەو ئەوەندە كاندیدەی بۆ دابنێن ھەموومان بە یەك لیست دابەزیباین بۆ ھەڵبژاردن، ھەرچەندە یاسای ئێستای ھەڵبژاردنەكان كە فرە بازنەیە، ئەو یەك لیستییەی تێكدا، لەوێ كورد بە تەنیا بوو ئێمە دژی ئەو یاسایە بووین، ئێمە لەگەڵ ئەوە بووین یان عێراق ھەمووی یەك بازنە بێت، یان ھەر پارێزگایەك بازنەیەك بێت، لە كۆتاییدا سوننە و شیعە بە زۆرینە ئەو یاسایەیان بەسەر ئێمە دەرباز كرد، كە بوو بە یاساش ئێمە ناچارین ملكەچی یاسا بین، بۆیە نەمانتوانی ئەو یەك لیستییە دروست بكەین، بەڵام دەمانتوانی لەسەر بازنەكان رێك بكەوین، ئەویش بە داخەوە كورد لەگەڵ خەڵكی دیكە رێكدەكەوێت و لەناوخۆیان رێك ناكەون، من ناتوانم بڵێم ئیشێكی باشمان كردووە، حەز ناكەم بڵێم خەتای كێش بووە، خەتای ھەموومان بووە.
میرانی زیاتر روونی كردەوە و گوتی، نا خەتای ھەموومان بووە، قسە قسە رادەكێشت، ئەگەر بچینە باسی ئەوەی خەتای پارتی بوو، خەتای پێش خەتاش ھەیە، ئێمە قەدەخەیە بچینە كەركووك، قەدەخەیە ئاڵای كوردستان ھەڵبدەین بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن، قەدەخەیە بچینە شنگال و زوممار و كەلار و كفری و خانەقین و دیالە، بۆ خەڵكێك ھەیە ئازادە وەكو دەڵێن، ئێمە چۆن ھاوپەیمانی پیكبھێنین؟ من ھاوپەیمانی بكەم شوێنێك بۆ من قەدەخە بێت و شوێنێكیش بۆ تۆ ئازاد بێت، بۆیە پارتی بە بەرژەوەندیی خۆی نەزانی، ئێمە ئێستاش لە گفتوگۆداین لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەبێت وەسیلەیەكمان ھەبێت ئەمنیەتی كاندیدەكانی ئێمە و كەمپەینەكانی ئێمە لەو شوێنانەی ماددەی ١٤٠ پارێزراو بێت، كە ئێمە تۆمەتبارین بە جوداخوازی و خەڵكی دیكە جواداخواز نییە، ئەگەر وانەبێت رەنگە لەو ناوچانە ئەگەرچی باشیش نەبێت، بەڵام بیر لەوە دەكرێتەوە بەشدار نەبین باشترە لەوەی بەشدار بین.
دەربارەی ئەوەی ئەگەر پارتی بە فەرمی نەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، كاندیدەكانتان لەو ناوچانە دەكشێننەوە، فازڵ میرانی رایگەیاند، من ناڵێم دەكشێینەوە، چونكە ئەوە بڕیاری سەركردایەتیی پێویستە، بۆیە من ناتوانم ئەو بڕیارە بدەم، بەڵام دەبێت خەڵكی ئێمە بزانن ئێمەی پارتی مەغدورین، ھاوپەیمانییەك ھەیە دژی ئێمە، كوردی تێدا بەشدارە و عێراقی تێدا بەشدارە، بۆیە ئەمەی دەكرێت دژی پارتییە، ئەی بۆ ھاوبەشەكانی من بتوانن بچنە كەركووك، من نەتوانم بچمە كەركووك، بارەگاكانیان ئازادن، بارەگاكانی ئێمە حەشدی شەعبی تێدایە.
ئایا ھیچ حیزبێكی كوردی ھەیە حەز نەكات پارتی بچێتەوە كەركووك، فازڵ میرانی بەو شێوەیە وەڵامی دایە و گوتی، چۆن نییە، تۆ لەمن باشتر دەزانی، بەڵام بۆ بەرژەوەندی ئەو بارودۆخە من ئەو قسانە ناكەم، لای من بەرژەوەندیی كورد لە سەرەوەی میزاجی كەسی و حیزبییە، ئێستا تاوەكو قسەی گرژ كەمبكەینەوە، داوا لە راگەیاندن دەكەم بەدوای قسەی گرژدا نەگەڕێن، قسەی گرژ لە دەمی من و قوباد تاڵەبانی دەرنەھێنن، ھەوڵ بدەن قسە باشەكان بخەنە ناو دەمی ئێمە، چونكە ئەگەر ئەو ئەزموونە پارێزراو نەبێت، ئێوەش راگەیاندنتان نابێت، من بەردەوام ئەو تێبینییەم ھەیە راگەیاندنی كوردی ئێمە بەداخەوە لەلایەنە نەرێنییەكان دەگەڕێت، رووداویش لەگەڵ ئەوەدایە ئەمە زۆر خراپە، چونكە ئەگەر ئێمە نەبین ئێوە نابن، جا ئەگەر ئێوە دەتانەوێت نەبن، ھەوڵی نەمانی ئێمە بدەن، پێم خۆشە ئەو قسانەش نەبڕن، ئەمە نەك بۆ ئێوە، بۆ كوردستان ٢٤، كوردسات، NRTو .. تا دوایی.
میرانی، بەسەرھاتێك دەگێڕێتەوە و دەڵێت، كاتی خۆی كە وەزیری ناوخۆ بووم، جارێك لە مزگەوتێك نوێژی ھەینیم دەكرد مامۆستای ئەو مزگەوتە بە رەحمەت بێت زۆر دۆستی من بوو، دوای نوێژی ھەینی دەچوومە حوجرەكەی بۆ خۆمان دادەنیشتن و گفتوگۆمان دەكرد، من و كاك خورشید شێرە و شێخەڵڵا و كۆمەڵێك لە برادەرانی دیكە.
رۆژێك ئەو مامۆستایە دابەزیە سەر حكوومەت، ئەوكات ھیچمان نەبوو ھەژار بووین، منیش دانیشتبووم گوێم لە گوتارەكەی دەكرد، دەنگم نەكرد كاتێك چووینە حوجرەكە گوتم، “مامۆستا، پرسیارێكت لێدەكەم ئەمڕۆ ھیچت بۆ حكوومەت نەھێشتەوە”، گوتی، “ئێ نابێت ئێمە بەرگری لە داواكارییەكانی میللەت بكەین؟”، گوتم، “باشە، ئەو حكوومەتە ھیچی باشی نەكردووە؟”، گوتی، “ئاخر ھیچی نابینم”، گوتم، “با من شتێكت بەبیر بھێنمەوە، تۆ لەسەر ئەو مینبەرە بووی ئافرەتی كورد لەناو زیلی عەسكەری منداڵی دەبوو كاتێك تەعریب و تەھجیر ھەبوو، بەڵام نەتدەتوانی یەك قسەش بكەی، ئێمە دۆستی یەكدین، بەڵام ئێستا من ئەو ئازادییەم بۆ تۆ دروستكردووە لەسەر ئەو مینبەرە باسی من دەكەی، ئایا ئەوە كەمە؟ بۆیە ئێوە دەبێت بە باش بڵێن باش و بە خراپیش بڵێن خراپ”، فەرموودەیەكم بۆ ھێنانەوە و كە پێغەمبەر دەڵێ: ” قل للمحسن ڕحسنت و قل للمسیو ڕسڕت”، ئیحسانەكەی پێشخستووە، لە رووی زمانەوانییەوە ھیچ جیاوازییەكی نییە، بەڵام ئەو موحسنەكەی پێشخستووە، واتە یەكەمجار چاكەكەی بڵێ ئینجا خراپەكانیان بڵێن.
سەبارەت بە حوكمدراوانی بادینان و ئازادیی ڕادەربرین، فازڵ میرانی دەڵێ، بە تێڕوانینی من ئەمە بەسیاسیكردنی ئازادییەكانە، شاندێكی ئەمریكی چوونە رووسیا بە بریجێڤنیان گوت ئازادی لە رووسیا نییە، گوتی بۆ؟ گوتی ئێمە لە بەردەمی دەرگای كۆشكی سپی باسی حكوومەتی خۆمان دەكەین، گوتی دەتوانن لەبەر دەرگای كرملینش باسی حكوومەتی خۆتان بكەن.
ئەم بابەتەش بابەتێكی دادوەرییە، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانیی حكوومەتی خۆمان دەكەین و پشتیوانیش لە دەسەڵاتی دادوەری دەكەین، بڕیاری دادگا دەرچوو پشتگیریمان لێ كرد، ئێستا كەیسەكە لەدوای تەمیز لە قۆناخی راستكردنەوەی بڕیاری تەمیزە، ھەر بڕیارێك دەربچێت ئێمە ھەر پشتگیری لێدەكەین، بەڵام خەڵكەكە ئەمەیان كردووەتە بابەتێكی سیاسی، حیزبێك بەیانێكی دەركرد ئەوەی دیكە بەیانێكی دەركرد وەك ئەوەی لای ئەوان ھیچ كەسێك ھیچی لێنەھاتووە و پێی یەكێك وەرنەگەڕاوە، یان دڕكێك نەچووەتە چاوی كەسێك، بەڵكو تەنیا ئەو چەند كەسەی لە بادینان گیراون.. ئەگەر مێژووی رۆژنامەگەری و رۆژنامەڤانان بخوێنینەوە، جارێ من گومانم ھەیە ئەوانە رۆژنامەنووس بن، من نایانناسم، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەو لاپەڕانە ھەڵبدەینەوە، ژمارەیەكی زۆر لە راگەیاندنكارانی كورد لێرە بێت یان لەوێ، لە كەركووك، یان دھۆك یان سێمێل یان چەمچەماڵ یان سلێمانی یانیش لە كەلار بێت، ئەگەر شتەكە كۆمەڵ بێت ھەموو پرۆسەی سیاسی كەمتەرخەمە لەو رووەوە، بەڵام بێیت و خۆت تەبریئە بكەی… دەڵێن دوو مشك بە یەكەوە لە چاڵێك ھاتنە دەرەوە یەكێك لەولایەوە سوڕایەوە ئەوەی دیكە لەلایەكەی دیكە، یەكێك بە توركی پرسیاری لەوەی دیكە كرد، ئەوەی دیكەش گوتی بووەستە بووەستە، گوتی ئێمە تەمەنێكە لەبن ئەو خۆڵە بە یەكەوەین كەی فێری ئەو توركیە بوویت؟ كێشەی ئێمەی پارتی لەگەڵ ھاوبەشەكانیشی ئەوەیە، تەمەنێكە پێكەوەین، دێن بە توركی قسە لەگەڵ ئێمە دەكەن.
پەیوەست بە ناوھێنانی كۆنسوڵخانەكان لەلایەن دادگاوە، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی پێی وایە، بڕیاری دادگا لە دیباجەكەیدا نەدەبوو ناوی ھیچ كۆنسوڵخانەیەك بھێنێت، من نازانم ھەڵەیان كردووە نەیانزانیوە، چونكە بەرژەوەندیی ھەرێمی كوردستان لە سەرووی ھەموو شتێكەوەیە، من دەتوانم ئێستا باسی ئەمریكا بكەم باسی رووسیا، توركیا بكەم، بەڵام پرسیارێك لێرەدا ئەوەیە ئایا من چیم، من ھەموو ھەرێمم؟ بۆیە بە تێڕوانینی من ناوھێنانی كۆنسوڵخانەكان و دەوڵەتەكان كارێكی راست نەبوو، چونكە ئەگەر مرۆڤ دۆستەكانی زۆر نەكات، باشترە دووژمنەكانی كەمبكاتەوە، یەكێك لە خراپییەكانی ئەو بڕیارەی دادگا تێكەڵكردنی خەڵكێكی دیكە بوو لەناویدا كە بەرژەوەندی نەبوو، بەڵام بەھەرحاڵ ئێمە وەكو پارتی پشتگیری لە بڕیارەكانی دەسەڵاتی دادوەری دەكەین، تەنانەت ئەگەر تێبینیشمان ھەبێت، دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیی خۆی ھەیە، خۆشیان بەرنامەیەكیان داناوە بۆ ئەوەی چاكسازی بكرێت لەناو ئەنجوومەنی قەزا یان دەسەڵاتی دادوەری، ئەگەر مرۆڤ خۆی خۆی چاك بكاتەوە باشە، ئەگەرنا دەبێت، تەسھیزی دەسەڵاتی دادوەری لە خانەقینەوە تاوەكو زاخۆ شتێكی راست نییە و پارتی بە راستی نازانێت، ئێمە دەمانەوێت حیزبەكان پەنا بۆ دەسەڵاتی دادوەری ببەن ئەگەر ستەمیان لێ كرا.
ھەوڵێك ھەبوو بۆ نزیكبوونەوەی ھەندێك لایەنی سیاسی عێراقی بە تایبەت لەگەڵ سەدرییەكان، ئەو ھەوڵانە بەكوێ گەیشتوون، سەری گرتووە ھیچ، لە وەڵامدا فازڵ میرانی گوتی، ئێمە لەگەڵ سەدرییەكان بە تەنیا نا، لەگەڵ تەواوی پێكھاتەكانی عێراق ھەوڵی خۆمان داوە و پەیوەندییەكانمان باش كردووە، چونكە خۆتان دەزانن هەموومان ریفراندۆممان كرد و خەڵكێك دژی ئەنجامەكەی وەستانەوە، ھەموویان بە ملی ئێمەدا ھێنا، گوتمان باشە ئێمە رازین، ئێستا ئێمە رازین، كە ئەمە شەرەفێكی گەورەیە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بە دەرئەنجامەكانیشیەوە، ئێمە شتێكمان جێگیر كرد جارێكی دیكە ئەم میللەتە پێویستی بە ریفراندۆم نییە، میللەت بڕیاری خۆی داوە، ئینجا سەركردایەتییەك دێتەوە ئەو دۆخە جێبەجێ دەكاتەوە، تەمەننا دەكەم ئەو جیلە ساخ بین و ئەوە ببینین كورد ببێتە دەوڵەت، ھاوكات درزێك كەوتە نێوان پەیوەندییەكانی ئێمە و لایەنی عەرەبی لە عێراق بە تێكڕایی، ئێمە پێویستیمان بە چاككردنەوەی ئەو پەیوەندییانە ھەیە، ھەڵبژاردنمان لەپێشە، دوای ھەڵبژاردن پێكھێنانی حكوومەت دێتە پێشەوە، مادام ئێمە لەناو عێراق ماوین ئێمە دەبێت لەگەڵ ئەواندا بین، دۆستی ئێمەشن، لە پێش ریفراندۆم ھەموویان پەیوەندی نایابیان ھەبوو لەگەڵ ئێمە.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ چاوپێكەوتنێكی لەگەڵم كرد، گوتی چیدیكە لە دوای ریفراندۆم كەس ھاتوچۆی سەرۆك بارزانی ناكات، گوتم دوو مانگی دیكە دەرفەتم بدێ ھەموو ئەوانەی دەیڵێی دووبارە بەسەر فەرشی سووری مەسعوود بارزانی دێنەوە لای وەكو پێش ریفراندۆم، كاتێك پەیوەندییەكان چاك بوونەوە ئەیاد عەلاوی و حەكیم و ئەوانەی دیكە ھاتنەوە، تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی تۆ پێشتر دەتزانی؟ گوتم نا ئەوە سیاسەتە، پارتی رەقەمە لە عێراق، سەرۆك بارزانی كاریزمایەكە لە عێراق، ئەمانە ھەمووی دۆست و ناسیارن و پێویستیمان بە یەكدی ھەیە، نەك ئەوان پێویستیان بە ئێمە بێت، ئێمەش پێویستیمان بە ئەوانە، بۆیە دۆستایەتی ھەمیشەیی نییە و دوژمنایەتیش ھەمیشەیی نییە، بەڵام بەرژەوەندیی ھەمیشەیی ھاوبەش ھەیە. میرانی وای گوت.
دەربارەی ئەوەی كە پارتی لە كام لایەنی عێراق نزیكە، فازڵ میرانی دەڵێ، ئێمە لەو لایەنانە نزیكین، ئەوانەی ستراتیژیان باشبێت بۆ كورد، بۆیە من ناڵێم كامیان باشە، بەو رەھاییەش باش نییە، ھیچ نەبێت لەناویاندا كەسانێك ھەن باشبن، خۆ ناكرێت بڵێی ھەموو پارتی خراپن، ناكرێت بڵێی ھەموو یەكێتی خراپن، ناكرێت بڵێیت ھەموو جەماعەتی حەكیم یان ھەموو سەدرییەكان خراپن، مرۆڤی باش لە ھەموو شوێنێك ھەیە، بە دڵنیایی مرۆڤی خراپیش ھەیە.
سەبارەت بەوەی لە ریفراندۆم ئەوە دەرنەكەوت كە ھەموویان دژ بە مافەكانی كوردن؟ بە تایبەت كە دێتە سەر ھەندێك بڕیاری چارەنووسساز لە ھەرێمی كوردستان ھەموویان دژن، فازڵ میرانی پێی وایە، ئەو كوردەی ئەوە نەزانێت ئاقڵ نییە، من ھەمیشە دەڵێم ئێمە كێشەمان لەگەڵ كەسەكان نییە، كێشەی ئێمە نە لەگەڵ جەعفەرییە، نە عادل عەبدولمەھدییە، نە مالیكی و نە عەبادی و نە مستەفا كازمییە، كێشەی ئێمە ئەو ئەقڵیەتەی كە كورد بە خزمەتكار دەزانێت، تا ئەو ئەقڵیەتانە پەیدا نەبن لە بەغدا، كورد دۆستی نییە، بۆیە ئەو كوردەی ئەمە نەزانێت ناحاڵییە، بەڵام مامەڵەشیان لەگەڵ دەكەین، مادام دەوڵەتی خۆت نییە و لە عێراقدا دەژی، ناچاری پەیوەندی لەگەڵ ببەستی.
تەنانەت رۆژێك بە یەكێك لەوانەم گوت، گوتم ئێوە موسڵمانن؟ گوتی بەڵێ، گوتم ئێمەش موسڵمانین، گوتم فەرموودەیەك ھەیە تۆ گومانت لەو فەرموودەیە ھەیە؟ گوتی كامیان، گوتم ئەوەی دەڵێت (لا یۆمن ڕحدكم حتی یحب لڕخیە ما یحب لنفسە) گوتی ئا بڕوام پێیەتی، گوتم كەواتە یان ئێمە موئمن نین یان ئێوە موئمن نین، دەنا بۆ، بەحرەین بەقەد ھەولێرە بۆ ئەو دەوڵەت بێت بۆ من دەوڵەت نەبم، ھەموو وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بەقەد كوردستان نابن.
سەبارەت بەوەی بۆ ئەم ھەڵبژاردنە پارتی چەند كورسی دەھێنێت، زۆر جاریش بەپێی ئەو دیراسەیەی دەیكەن بەرچاوتان روونە، لە وەڵامدا میرانی گوتی، لە كاك خەسرۆ گۆران بپرسن، ئەو بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنە، بۆیە من دەڵێم ئەو سیاسییەی بە ژمارە قسە بكات، یان سیاسی نییە یان بە ھەڵەدا دەچێت، ئەمە دەوەستێتە سەر دەنگدەر، دەنگدەر دەبێت ئەو وەڵامە بداتەوە، بەڵام یەك شت ھەیە، ئێمە جەماوەرێكی جێگیرمان ھەیە سوپاس بۆ خودا سوپاسگوزارین، ھەموو كادر و ئەندامانی حیزب، ھەموو پێشمەرگەكانی پارتی و ھەموو دۆستەكانی ئێمەش، خێزانی شەھیدەكان لێرەوە سوپاسیان دەكەم، سەری رێز و نەوازش بۆ ھەموویان دادەنوێنم، سەرەڕای رەخنە و گلەییەكانیان لە ئێمە، كاتێك ھەڵبژاردن بووە، دەنگیان داوە بە حیزبەكەی خۆیان، ئێمە پشتمان بەوە قایمە، ئینجا ئەو پشتقایمییە چەند دەھێنێت و چەند تەگەرەی تێكەوتووە، دەنگدەرەكان خۆیان دەزانن.
ھاوكات فازڵ میرانی دەڵێت، ستراتیژیەتی ئێمە ئەوەیە پارێزگاری لە كورسییەكانی خۆمان بكەن، لە دوای ریفراندۆم ئامانجی ستراتیژی ئێمە ئەوە بوو ٣٨ كورسییەكەی خۆمان بپارێزین، چونكە ھەموو لایەك دژی ئێمە بوون وەكو ئێستا، كەچی خەڵكی ئێمە، ئێمەی تووشی شۆك كرد، گوتیان راوەستە تۆ كارێكی خراپت نەكردووە خەڵكێك دژی ریفراندۆمە بەس منی ئەندام و كادری تۆ لەگەڵ ریفراندۆمدامە و دەنگت پێدەدەم، ئەوەبوو ٣٨ـەكە بوو بە ٤٥. ئەمە راستییەكە، واتە ستراتیژیەتی ئێمە پاراستنی ٣٨ كورسییەكە بوو، بەڵام سەرەتا سوپاس بۆ خودا سوپاس بۆ ئەو خەڵكەشی كە دەنگی پێداین بووە ٤٥. ھەڵبژاردنیش وەكو فوتبۆڵە جاری وا ھەیە سوپرایزی تێدا روودەدات، بۆیە ئەوەی دەنگ دەدات ئەو سوپرایز دروست دەكات.
سەبارەت بەوەی دەگوترێت جۆری ھەڵبژاردنەكە لە بەرژەوەندیی حیزبە گەورەكانە، فازڵ میرانی گوتی، نەوەڵا ئەویش وانییە، ئەگەرچی من لەگەڵ بەكارھێنانی ئەو دەستەواژەیە نیم (حیزبە كەمینەكان یان بچووك)، بەڵام بە دڵنیایی ئەم یاسایە حیزبە بچووكەكان زەرەرمەندترن لە حیزبەكانی دیكە، بەڵام رەنگە حیزبە گەورەكانیش زەرەر بكەن، بەپێی بازنەكان، بۆ نموونە یەكێك كوڕی ئەو ناوچەیەیە بەڵام لە بازنەیەكی دیكە كاندید كراوە، رەنگە خەڵك دەنگی پێنەدات، لێرەدا ئێمە بە ھەموو شێوەیەك پشت بە رێكخستنەكانی خۆمان دەبەستین، ئێمە پلانی ھەڵبژاردنی خۆمان ھەیە، دەنگدەرەكانی خۆمان دابەش دەكەین، بۆ نموونە لە ھەڵبژاردنی پێشوو كەسێكی سوورچی لە مێرگەسۆر كاندیدمان كرد دەرچوو، یەكێكی مێرگەسۆر ھێنامان لە ناوچەی رواندز كاندیدمان كرد دەرچوو، بۆیە ئێستاش ئێمە بە تەواوەتی پشت كادر و ناوچەكان و لقەكانی خۆمان دەبەستین، كە ھەریەك كاندیدی خۆی دەربچووێنێت لە ناوچەی خۆی.
پەیوەست بەوەی كە لە ھەولێر و دھۆك كورسیتان مسۆگەرن، لە سلێمانی و كەركووكیش كورسیتان دەبێت، میرانی دەڵێ، لێی بێبەش نابین.
ھاوكات سەبارەت بەوەی كە لە دوای ١٦ ئۆكتۆبەرەوە نەگەڕاونەتەوە كەركووك، ئەگەر لەوێ بەشداربن كورسی بەدەست دەھێنن، فازڵ میرانی گوتی، كاندیدی بەھێزمان ھەیە لە كەركووك، لە سلێمانیش بەھەمان شیوەیە، رەنگە كاندیدەكان نەناسم ئەوانەی سلێمانی، ھەندێك لەناو حیزبدان، من جاری وا ھەیە نایانناسم، مامۆستایەكی زانكۆیە، دكتۆرێكە، ئەندازیارێكە، ئەندامی حیزبە بەس من نایناسم، بەڵام لە ناوچەكەی خۆی بەرچاوە. بەڵام كاك شاخەوان كاندیدێكی بەھێزە لە كەركووك.
له kdp.info وهرگيراوه