رۆژانه‌ 10 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی پارێزگای هه‌ولێر و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ده‌كه‌ن

نه‌ریمان فازیڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، رۆژانه‌ نزیكه‌ی 10 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی پارێزگای هه‌ولێر و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی گه‌شتیاران به‌ هاوكاریی كارمه‌ندانی بازگه‌كانه‌.

نه‌ریمان فازیڵ گوتی: “به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌ و پلانه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر هه‌یه‌، رۆژه‌ به ‌رۆژ ژماره‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ زیاد ده‌كه‌ن، كه‌ سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی بازگه‌كانه‌، كه‌ هاوكارییه‌كی زۆری كه‌رتی گه‌شتیاری ده‌كه‌ن و ئاسانكاری بۆ هاتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌شتیار ده‌كه‌ن”.

گوتیشی: “رۆژانه‌ 8 تا 10 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ژماره‌ زۆره‌، كارمه‌ندانی بازگه‌كان هاوكارێكی باشی كه‌رتی گه‌شتوگوزارن، گه‌شتیاران ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ بازگه‌كان ده‌مێننه‌وه‌ و ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت”.

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر بۆ کوردستان ۲٤ روونیشیكردۆتەوە، تیمه‌كانی گه‌شتوگوزار به‌رده‌وام چاودێری شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌ كه‌موكوڕییه‌كان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێكی له‌ ناوكاو هه‌بێت، زوو چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ن.

زیاتر گوتووشیەتی، دوای ئه‌وه‌ی رێكاره‌كانی كۆرۆنا كه‌م كرایه‌وه‌، ئێستا گه‌شتیارێكی زۆر سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كه‌ن، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه‌وه‌ تا ئێستا نزیكه‌ی 900 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ دڵخۆشكه‌ره‌، زۆربه‌ی گه‌شتیاره‌كانیش له‌ رێگه‌ی بازگه‌كانه‌وه هاتوون.

نه‌ریمان فازیڵ، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووە، له‌ بازه‌گه‌كان به‌ له‌خۆبوردووانه‌ هاوكاری گه‌شتیاران ده‌كرێت، ئێمه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌و ژماره‌یه‌ رۆژ دوای رۆژ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ساڵی پار بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌ هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ زۆربه‌ی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان قه‌ده‌غه‌ كرابوون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووە، هاوكاری كارمه‌ندانی بازگه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی گه‌شتیاران هه‌یه‌، له‌كاتێكدا بازگه‌كان ژماره‌ی كارمه‌نده‌كانیان زیاد كردووه‌، تا بتوانرێت گه‌شتیاران كه‌مترین ماوه‌ له‌ بازگه‌كان بمێننه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش تیمه‌كانی گه‌شتوگوزار له‌ بازگه‌كان هه‌ن و یارمه‌تیده‌رن بۆ راییكردنی كاره‌كان.

Back to top button