مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی: شوان داودی دهستى داوهته هاشوهوشى ئیعلامیی كه دوورە لە ئسووڵی حزبی
مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی لادانی شوان داودی لە پۆستی سەرپەرشتیاری دەزگای میدیایی كەركووكی سەر بە حزبەكە بڵاو كردەوە و دهلێ : ئهو هاشوهوشە ئیعلامییەی داودی دەستی داوەتێ، دوورە لە ئسووڵی حزبی .
بە گوێرەی ئەو روونكردنەوەیە كە لە ماڵپەڕی فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە لەسەر بنەمای سیڤی، كەسێكیان لە مانگی ١١ی ٢٠٢٠ بۆ پۆستی سەرپەرشتیاری دەزگای میدیایی كەركووك دیاری كردووە، بەڵام ”شوان داودی هانای بۆ ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس برد تا جێبەجێكردنی بڕیارەكە دوابخات. بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی ئەو وەختەی یەكێتیش، بڕیارەكە سڕكرا“.
له نووسراوهكه باس لهوهشكراوه كه، ”ئێستا كە دەرفەت بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی یەكێتی و كارگێڕی مەكتەبی سیاسی لەبارە، بڕیاری لادانی شوان داودی و دەست بەكاربوونی عیماد ناسیح پەسەند كراوە.
مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی بە جێگای سەنجی دەزانێت كە شوان داودی دەستی داوەتە ”ئەم هاشوهوشە ئیعلامییە“ و ”دوور لە هەموو ئسووڵێكی حزبی كە ئیلتیزامی كادیری یەكێتی پێ دەناسرێتەوە، ئەمەش دەریدەخات بڕیاری پێشتری رەتكردنەوەی سیڤییەكەی لە كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و پاشان بڕیاری لابردنی لە ڕۆژی ١٧ی ٧ی ٢٠٢١ كارێكی حزبیی دروستە، چونكە لە كادیری راگەیاندنی یەكێتی ناوەشێتەوە ئەم جۆرە هەڵایە دروست بكات“.
ئەو ئۆرگانەی یەكێتی رەتی كردۆتەوە لادانی شوان داودی پەیوەندی بە بابەتی تەكلیفی مەڵبەندی كەركووكی حزبەكە و پاكتاوكردن و دەركردنی حزبییەوە هەبێت و جەخت دەكاتەوە كە ”ئەمانە هیچ ئەسڵ و ئەساسێكیان نییە“.