نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران: لە بری سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان قەیرانی ئاو چارەسەر بکەن

 

 

کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، میشێل باجلێت داوای لە ئێران کرد کە ”لەبری بەکارهێنانی هێزی لە رادەبەدەر بەرامبەر ئەو خۆپیشاندانانەی دژبە پچڕانی ئاو سازدەکرێن و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، چارەسەری قەیرانی ئاو بکات”.

 

میشێل باجلێت سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای خوزستان خۆرئاوای ئێران کە گیانلەدەستدانی چەند کەسێکی لێکەوتووەتەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە ”زۆر نیگەرانین لەبارەی رووداوەکان کە بەدرێژایی هەفتەی رابردوو کوژراو برینداریان لێکەوتەوە، لەگەڵ دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی فراوانی هاووڵاتییان”.

 

کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، میشێل باجلێت ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە، خوزستان کە زۆربەی دانیشتوانەکەی عەرەبی ئێرانن پێشتر سەرچاوەی سەرەکی ئاوی وڵاتەکە بووە و بەهۆی پشتگوێ خستن و بەڕێوەبردنی هەڵەوە کە بەدرێژایی ساڵانێک ئاوەکەی گواستراوەتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی وڵات رووبەڕووی وشکەساڵی بووەتەوە وەک سەرانسەری وڵات و بەو هۆیەوە ئاوەکەی تەواو بووە.

 

هاوکات میشێل باجلێت داوای لە حکوومەتی تاران کرد، قەیرانی ئاو لە پارێزگاکە چارەسەر بکات کە کاریگەری کردووەتە سەر ژیان، تەندروستیی و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی و رایگەیاندووە ”لە راستییدا ئاو مافێکە. بەرپرسان لەبری گوێگرتن لە بانگەوازی هاووڵاتییان بۆ ئەو مافە رەوایەیان تیشکی خستووەتە سەر سەرکوتکردنی بانگەوازکاران. رەوشەکە کارەساتە و ساڵانێکە قوڵ دەبێتەوە. پێویستە بەرپرسان تێیبگەن و بەپێی ئەوە چارەسەری بکەن. لێدان و دەستبەسەرکردنی خەڵکی تەنیا توڕەیی و بێ ئومێدی زیاد دەکات”.

Back to top button