ليژنه‌يه‌كى په‌رله‌مانى عێراق: پێویسته به‌غدا سنوورێك بۆ پێشێلكاری و ده‌ستدرێژییه‌كانی په‌كه‌كه و توركیا دابنێت
شاندی هه‌شت كه‌سی په‌رله‌مانتارانی عێراق دوای سه‌ردانیان بۆ ناوچه‌كانی ململانێی نێوان سوپای توركیا و چه‌كدارانی په‌كه‌كه له سنووری هه‌ولێر و دهۆك راپۆرتێكیان به‌رز كرده‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و تێیدا داوایانكردووه، حكومه‌تی عێراق هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ڕ بۆ سنووردانان به رووی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی هه‌ریه‌ك له توركیا و په‌كه‌كه له‌سه‌ر خاكی عێراق ده‌یكه‌ن و بوونه‌ته هۆی وێرانبوونی ناوچه سنوورییه‌كان و ئاواره بوونی هاووڵاتیان. دا‌واشیان كردووه هاووڵاتیانی قوربانی ئه‌و ره‌وشه‌ی په‌كه‌كه و سوپای توركیا درووستیان كردووه به شه‌هید هه‌ژمار بكرێن و قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووان بكرێته‌وه.
له‌سه‌ر فه‌رمانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ژماره 91ی رۆژی (8ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021)، له باره‌ی به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه له راستییه‌كانی بڕینه‌وه‌ی دارستانه‌كانی ناوچه سنوورییه‌كان به تایبه‌تی ناوچه‌كانی ئامێدی و زاخۆ له لایه‌ن سوپای توركیاوه، لیژنه‌یه‌كی نوێنه‌ران سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی كرد و راپۆرتێكی سه‌باره‌ت به‌و پرسه ئاماده‌كردووه و به‌رزی كردووه‌ته‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران. لیژنه‌كه‌ی نوێنه‌ران له هه‌شت نوێنه‌ر پێكهاتووه و راپۆرته‌كه‌یان له توێی 9 خاڵدا خستووه‌ته‌ڕوو.
پوخته‌ی راپۆرته‌كه
1- له 8/6/2021، لیژنه‌كه روویكرده دهۆك و له لایه‌ن پارێزگاری شاره‌كه‌وه پێشوازی لێكرا.
2- پارێزگاری دهۆك، عه‌لی ته‌ته‌ر، ره‌وشی ئه‌منی و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ژینگه و ره‌هه‌نده‌كانی ئاواره‌بوونی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی به‌م جۆره خسته‌ڕوو:
أ- توركیا بوونێكی سه‌ربازی روونی له سنووری پارێزگای دهۆك و هه‌ولێر و مووسڵ هه‌یه و زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی توركیای لێیه، هاوكات چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ی لێیه.
ب- ئه‌و هاتنه‌ناوه‌وه سه‌ربازییه‌ی توركیا بووه‌ته هۆی ئاواره‌بوونی گوندنشینه‌كان و به‌جێهێشتنی زه‌وی كشتوكاڵی له لایه‌ن جوتیارانی ئه‌و ناوچانه‌ی توركیای لێیه.
ج- بوونی سه‌ربازی توركیا بووه‌ته هۆی وشكبوونی زه‌وییه‌كان و بڕینه‌وه‌ی دارستان و سووتاندنیان و نه‌هێشتنی داروپه‌ردووی خانووه‌كانی هاووڵاتیان له لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه و زیانگه‌یاندن به ماڵ‌وموڵكی هاووڵاتیان ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی راوه‌ستانی وه‌به‌رهێنان له‌و ناوچانه‌دا، به تایبه‌تی ناوچه گه‌شتیارییه‌كان.
3- شانده‌كه سه‌ردانی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووری كرد له ناوچه‌كه و تێبینی ئه‌وه كرا، له رووی میلاكه‌وه كه‌موكورتی هه‌یه و هێزێكی كه‌م له‌وێن و پێویستیان به پشتیوانی لۆجستی هه‌یه و تا ئێستا كامێرای شه‌و و ئامرازی ده‌ستنیشانكردنیان نییه و به‌رز و نزمی ناوچه‌كه‌ش وایكردووه، كۆنترۆڵكردنی سنوور سه‌خت بێت و چه‌كدارانی په‌كه‌كه به ئاسانی هاتوچۆ بكه‌ن.
4- له 9/6/2021، لیژنه‌كه سه‌ردانی قائیمقامیه‌تی ئامێدی كرد و له‌گه‌ڵ قائیمقام و به‌ڕێوبه‌ری هه‌ر شه‌ش ناحیه‌ی سنووری قه‌زاكه كۆبووه‌وه و باس له‌و زیانانه كرا، كه له ئه‌نجامی بوونی په‌كه‌كه و هێزه‌كانی توركیا به‌ر ناوچه‌كه كه‌وتوون.
5- لیژنه‌كه سه‌ردانی چیای مه‌تینی كرد، كه تێیدا پێنج پێشمه‌رگه شه‌هید بوون و چاوی به فه‌رمانده‌كانی زێره‌ڤانی له‌و چیایه كه‌وت و مه‌به‌ست له بوونی پێشمه‌رگه له ناوچه‌كه، پاراستنییه‌تی و رێگرتنه له بوونی په‌كه‌كه له‌و شوێنه و هه‌روه‌ها رێگرتنه له‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌دا بگرن، كه زاڵه به‌سه‌ر رێگه‌ی ئامێدی – دهۆك دا.
6- له 10/6/2021، لیژنه‌كه له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د كۆبووه‌وه بۆ باسكردن له ئیمكانیه‌تی هاوكاری نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی ئیتیحادی له هه‌ردوو بواری ئه‌منی و دیپلۆماتی له پێناو به‌دیهێنانی ئاسایش و سه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا.
7- لیژنه‌كه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌می ناوچه‌كه و فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پاراستنی سنوور لیوا ركن حماده فازڵ كۆبووه‌وه و تێیدا باس له پێویستی هێزه‌كه‌یان له بواری مرۆیی كرا به جۆرێك بتوانرێت سنوور به درێژایی 1150 كیلۆمه‌تر بپارێزرێت، كه له ناوچه‌ی سنووری ره‌بیعه‌وه بۆ سنووری دیاله درێژده‌بێته‌وه و سنووری عێراق به رووی هه‌رسێ وڵاتی سووریا، توركیا، ئێران ده‌گرێته‌وه.
8- راستییه‌كان:
أ- هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه ئه‌منییه‌كان له ناو سنووری عێراق و به تایبه‌ت له سنووری هه‌رێمی كوردستان قه‌باره‌ی بوونی به‌رده‌وامی چه‌كدارانی په‌كه‌كه و سوپای توركیایه.
ب- بوونی سوپای توركیی ئه‌مانه ده‌گرێته‌وه:
· له 16ی 6ی 2020ه‌وه سوپای توركیا هاتووه‌ته ناو خاكی عێراق و له سنووری باتۆڤای سه‌ر به قه‌زای زاخۆ ئۆپراسیۆنێكی به ناوی “چنگی هه‌ڵۆ” ده‌ستپێكردووه و 20 بنكه‌ی سه‌ربازی داناوه و به قووڵی 14 كیلۆمه‌تر و به پانی 30 كیلۆمه‌تر ناوچه‌كه‌ی گرتووه.
· له 24ی 4ی 2021 سوپای توركیا ده‌ستی به كرده‌ی سه‌ربازی كردووه له كه‌رتی فه‌وجی یه‌كی ناحیه‌ی كانی ماسی له قه‌زای ئامێدی و ناوچه‌كه‌ی خستووه‌ته چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنی چنگی تریشقه و 9 بنكه‌ی سه‌ربازی گرنگی داناوه و به قووڵی 6 كیلۆمه‌تر و پانی 10 كیلۆمه‌تر له ناوچه‌كه‌یه.
· پێشبینی ده‌كرێت توركیا بنكه سه‌ربازییه‌كانی له ناو خاكی عێراق بگه‌یه‌نێته 70 بنكه‌ی سه‌ربازی و ژماره‌ی سه‌ربازانی هه‌ندێك له‌و بنكانه نزیك ده‌بێته‌وه له 1500 سه‌رباز.
· هاتنه ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراقه و پێچه‌وانه‌ی هه‌موو رێسا و نه‌ریته‌كان و هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌روه‌ری عێراق.
· چالاكییه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له ناو خاكی عێراق له فراوانبوونی به‌رده‌وامدایه و هێزه‌كانی زیاتر ده‌كات و كرده‌وه‌ی دوژمنكارانه‌یان كردووه به تایبه‌ت له رووی به ئامانجگرتنی گوند و ناوچه‌كانی دانیشتوان و ده‌ربه‌ده‌ركردنی هاووڵاتیان و وشككردنی زه‌وی و كێڵگه كشتوكاڵییه‌كان و رێگرتن له هاووڵاتیان بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ناوچه‌كانی خۆیان و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ماددی و ئابووری و گه‌شتوگوزاری لێكه‌وتووه‌ته‌وه و زیانی زۆر به‌و زه‌ویانه كه‌وتووه كه ئه‌و هێزانه‌ی تێدان.
· ئه‌و كرده‌وانه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ناو خاكی عێراق ده‌یكه‌ن هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی عێراق و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵگه هه‌بووه له‌و ناوچانه‌ی كه هه‌ن.
· پێشمه‌رگه پێنج شه‌هیدی له چیای مه‌تین داوه له كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كرده‌وه‌كانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ناوچه‌كه و ئه‌و جۆره رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه له ناوچه‌ی دیكه دووباره بووه‌ته‌وه.
· فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پاراستنی سنوور، له ناوچه‌ی یه‌ك، ژماره‌یان كه‌مه و سنووره‌كه‌یان فراوانه و له رووی پڕچه‌ككردنه‌وه پێویستیان به چه‌ك و ئامێر و كه‌رسته‌ی دووربینین و چاودێریكردن هه‌یه.
· بۆشایی فراوان له سنووری نێوان عێراق و توركیا هه‌یه و ناوچه‌ی ئارام نییه و ئه‌و بۆشاییانه بوونه‌ته رێڕه‌وێكی ئارام بۆ جووڵه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه.
· هه‌ماهه‌نگی و گفتوگۆی مه‌یدانی نێوان هێزه عێراقییه‌كان و هێزه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ناكۆكی له‌ناو خاكی عێراقدا (سوپای توركیا و په‌كه‌كه) نییه.
9- راسپارده‌كان:
أ- پێویسته حكومه‌تی ئیتیحادی له رێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه رۆڵی دیپلۆماسی فراوان بگێڕێت هه‌ریه‌ك له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، كۆمكاری عه‌ره‌بی، رێكخراوی كۆنگره‌ی ئیسلامی به‌شداری پێ بكات له دانانی سنوورێك بۆ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر خاكی عێراق.
ب- لیژنه‌كانی هاوبه‌شی نێوان حكومه‌ته‌كانی توركیا و عێراق به‌گه‌ڕبخرێن و كار بكرێت بۆ رێگرتن له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق.
ت- پێویسته حكومه‌تی عێراق ره‌وشی یاسایی بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ناو خاكی عێراق رێكبخات و رێگری له‌وه بكات ئه‌و چه‌كدارانه ببنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ و پێویسته رێز له سه‌روه‌ری عێراق بگرن و رێگری بكرێت له به ئامانجگرتنی مه‌ده‌نییه‌كان و گوندنشینان و نه‌دانه ده‌ستی هیچ پاساوێك بۆ ده‌ستوه‌ردانی توركیا و سنووربه‌زاندنی سوپاكه‌ی.
ث- كۆمه‌ك و پشتیوانیكردنی هێزه‌كانی پاراستنی سنوور له ناوچه‌ی یه‌كه‌م و به‌هێزكردنی توانای مرۆییی به لیوایه‌ك به‌لانیكه‌م و زیادكردنی پشتیوانی لۆجستی و دابینكردنی ئامێر و كه‌رسته‌ی چاودێری و دووربینی و پڕچه‌ككردنی.
ج- داخستنی ئه‌و ناوچانه‌ی له نێوان سنووری عێراق و توركیا كراونه‌ته‌وه و بۆشایی ئه‌منیان تێدایه و كاركردن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پاراستنی سنوور بۆ رێگرتن له چوون و هاتنی چه‌كدارانی په‌كه‌كه و هێزه‌كانی توركیا.
ح- به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانای هه‌واڵگری له‌و كه‌رتانه‌ی له ناوچه‌كه‌دان.
خ- ئه‌گه‌ر له حاڵێكدا نه‌توانرا توانای هێزه‌كان زیاتر بكرێت و بگه‌نه ئاستی لیوایه‌ك، پێشنیاز ده‌كه‌ین لیوای 91/ فیرقه‌ی 14 ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه بكرێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كان.
د- ژوورێكی هاوبه‌شی ئۆپراسیۆنه‌كان له نێوان هێزه ئه‌منییه‌كان و حكومه‌تی هه‌رێم پێكبهێنرێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری تایبه‌ت به هه‌ڕه‌شه‌كان و كاركردن له‌سه‌ری به هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆر له نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ئیتیحادی.
ذ- پێویسته شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی كارا بكرێت بۆ تیشك خستنه سه‌ر كرده‌وه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی توركیا و په‌كه‌كه و لێكه‌وته‌كانیان.
ر- قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانمه‌ندان له رێی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت و نوێنه‌رانی هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی ئیتیحادی و حكومه‌تی هه‌رێم.
ز- قوربانیانی دوژمنكاری توركیا و كرده‌وه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان له هاووڵاتیانی عێراق به شه‌هید هه‌ژمار بكرێن.
س- میوانداری هه‌ریه‌ك له‌م به‌ڕێزانه بكرێت:
· فه‌رمانده‌ی سنوور له ناوچه‌ی یه‌كه‌م.
· به‌ڕوبه‌ری گشتیی هه‌واڵگری و ئه‌منی له وه‌زاره‌تی به‌رگری و به‌ڕێوبه‌رانی هه‌واڵگری و ئه‌منی له دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی.
· راسپاردنی لیژنه‌كه به به‌رده‌وامبوون له كاری بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌نجامی ئه‌و چالاكیانه‌ی پێشنیازی كردوون له سه‌ره‌وه.
· لیژنه پێشنیاز ده‌كات كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق بكرێت بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و رێكارانه.
س:k24