مهسرور بارزانی له داڤۆس: بڕیاری دادگای ئیتحادی سیاسییه و جێبهجێی ناكهین
ئەمڕۆ سێشەممە 24/5/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، بەشداریی لە پانێلێکی تایبەت به ناونیشانى (پێکهاتەیەکی نوێی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) كرد و گوتی: “عێراق تاكە نموونەیە لەسەر هەموو جیهان، دەبێ دوو لەسەر سێی دەنگەكانت لە وڵات هەبێ، ئەگینا ناتوانیت حكوومەت پێك بهێنیت”.
لە دوێنێ دووشەممەوە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس دەستی پێكردووە و لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەشدا، مەسرور بارزانی زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەركردەی وڵاتان و بەرپرسانی جیهانی ئەنجام داوە.
دهقى قسهكانى مهسرور بارزانى له وهڵامى هادلی گامبێڵ، پێشكهشكاری كهناڵی (CNBC)و بهڕێوبهری پانێلهكه:
من پێموایە كێشەكان لە شوێنێك ناوەستن، دەچنە شوێنانی دیكە، كاریگەریی ئەو شەڕەی ئۆكراینا كاریگەریی لەسەر هەموو جیهانه، ناتوانیت كێشەكە بە پشتگوێخستنی كێشەكانی دیكە چارەسەر بكەیت، كێشەی ئاسایشی خۆراك هاتۆتە ئاراوە، باشترین ڕێگە ئەوەیە كە چارەسەرێكی هاوبەش بە شێوەیەكی ئاشتییانە بۆ كێشەی كەمیی خۆراك بدۆزینەوە كە ئێستا كێشەیەكی سەرەكییە.
پرسیار: لەسەر هێرشە مووشەكییەكانی ئێران قسەمان بۆ بكەن، پەیامی ئێوە چییە بۆ ئێرانییەكان؟ وڵاتانی عەرەبی دەتوانن هاوكار بن؟
مەسرور بارزانی: ئێمە دەبێ لەسەر ئاسایشی ناوچەكە بە گشتی قسە بكەین. ئەو هێرشانە بەهۆی نەبوونی تێگەیشتنی تەواوە بووە، خواستێكیش هەبووە لە لایەن هەندێك وڵات كە دەیانەوێ هەژموونی خۆیان بسەپێنن بەسەر وڵاتێكی دیكە، جگە لەوەی لە ئۆكتۆبەری رابردوو خەڵكی لە هەڵبژاردن بڕیاریان دا چ عێراقێكیان دەوێ، هاوپەیمانی دروست كرا، وەك هەر وڵاتێكی دیموكرات براوە و دۆڕاو هەیە، بەداخەوە براوەكان نەیانتوانی حكوومەت پێك بهێنن، عێراق تاكە نموونەیە لەسەر هەموو جیهان، دەبێ دوو لەسەر سێی دەنگەكانت لە وڵات هەبێ ئەگینا ناتوانیت حكوومەت پێك بهێنیت. دەكرێ ئەو هێرشانەی كران بەشێوەیەك بێت وەكوو فشارێك بووبێت بۆ سەر هاوپەیمانێتییەكەی (كورد و سوننە و سەدرییەكان) تاوەكوو لە هاوپەیمانێتییەكە بكشێنەوە، بۆیە پەیامێكی دیكەشیان هەڵگرتبوو كە ئەویش ئەوەیە كە هەژموونی وڵاتان لەسەر عێراق بەردەوامە.
بۆ سنوورداركردنی ئەو هێرشانە دەبێ هەوڵێكی هەمەلایەنە لە لایەن وڵاتانی ناوچەكە بدرێت، پێویستی بە پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەیە.
پرسیار: مەبەستت ئەمریكایە؟
مەسرور بارزانی: بەڵێ ئەمریكا و هەموو وڵاتانی دیكەش كە بەرژەوەندییان لە ناوچەكە هەیە، دەبێ ڕێز لە سەروەریی عێراق بگرن.
ئێمە لە عێراق دەمانەوێ جارێكی دیكە سەروەریی خۆمان بەدەست بهێنینەوە، بۆیە هەوڵەكان دەبێ بە شێوەیەك بن كە زیادبوونی هەژموون لە عێراق خراپە، ئێمە هەموو هیوا دەخوازین چارەسەرێك بێتە ئاراوە، بەڵام بە كردار هیچ هەنگاوێك نەنراوە كە عێراق بكەوێتەوە سەر ڕێچكەی خۆی و بەرگری لە خۆی و سەروەریی خۆی بكات، بۆتە مەیدانێك بۆ ئەوەی هێرشی بكرێتە سەر و مووشەكی ئاراستە بكرێت، هەژموونی وڵاتانی تێدا هەبێت و و لایەنەكانی سەر بە وڵاتانی دیكە هەژموونی خۆیانی تێدا بسەپێنن.
پرسیار: دەمانەوێ لەبارەی نەوتی عێراق و كوردستان پرسیارت لێ بكەین، زۆرجار باس لەوە دەكرێ كە مەترسیی دروستبوونی هیلالی شیعی لە ناوچەكە هەیە و ترسی وڵاتانی كەنداویش هەر ئەوەیە، ئەمە چ مەترسییەك لەسەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكات؟
مەسرور بارزانی: كاتێك سەیری ئاسایشی عێراق دەكەین و هەموو ئەو شتەی قسەمان لەسەر كردووە، نەوت بێت، داعش بێت و قاعیدە بێت، دەبێت سەیری هۆكارەكان بكەین كە بۆچی ئەم كێشانە سەریان هەڵدا لە عێراق. ئەگەر سەیری هەموو دۆخەكە بكەین دەبینین چەندین بڕیاری هەڵەی سیاسی دراون و بوونەتە هۆكاری سەرهەڵدانی ئەم كێشانە، لە نێویشیاندا قەیرانی نەوت. پشتگوێخستن و ڕێز نەگرتن لە دەستووری عێراق، هەبوونی هەژاری، نادادپەروەری، نایەكسانی، بڕیاری هەڵە، بەڕێوەبردنێكی هەڵە، حكوومەتێكی خراپ كە لە عێراق بووە، بۆتە هۆی سەرهەڵدانی ئەم كێشانە.
یەكێك لەو هۆكارانەی لەسەرەتاوە گوتم، پێموانییە عێراق وڵاتێك بێت بڕیارەكانی سەربەخۆیانە بدات، بۆیە لە لایەن وڵاتانی دەرەوە كاریگەریی خراوەتە سەر عێراق و هۆكاری دەرەكی دەستیان بەسەردا گرتووە. زۆرێك لە دۆستە عێراقییەكانمان دەڵێن با عێراق خۆی بڕیار بدات، تا ئێستا عێراق خۆی بڕیاری نەداوە، بەڵكوو كەلێنێكی زۆر هەیە و وڵاتانی دیكە ئەو كەلێنەیان پڕكردۆتەوە. گرنگە هەموو دۆستەكان لەوە دڵنیا ببنەوە كە خەڵكی عێراق خۆیان چارەنووسی خۆیان هەڵبژێرن. كاتێك ئەمە هاتە ئاراوە و دەستوور ڕێزی لێگیرا كە ئەمە پاكێجێكی گەورەیە بۆ هەموو وڵاتەكە، ئێمە دەستوورێكمان هەیە بەڵام بەداخەوە پشتگوێ خراوە و زۆرێك لە ماددە گرنگەكانی كە پەیوەستن بە هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی عێراقەوە پشتگوێ خراون و سڕینەوەی نەتەوەیی جێبەجێ كراوە، هۆكار بووە لە ناوچە دوورە دەستەكان هاوكاریی تیرۆریستان بكەن، چونكە پشتگوێ خراون و مافەكانیان پێ نەدراوە.
ئەمڕۆش كە ئەم بڕیارە سیاسییە دراوە كە پێی دەڵێن دادگای فیدراڵی، بە ناوی دامەزراوەیەكی یاساییەوە كراوە، هیچ شتێك چارەسەر ناكات، عێراق ئەوەندە كێشەی هەیە كە پێویستی بەوە نییە كێشەی دیكەی بۆ دروست بكرێت.
پرسیار: ئایا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێز لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەگرێت؟
مەسرور بارزانی: حكوومەتەكەی من دەسەڵاتی تەواوی هەیە، دامەزراوە یاساییەكان لە هەرێمی كوردستان بڕیارەكەیان ڕەت كردۆتەوە، چونكە بڕیارێكی سیاسی بوو، بڕیارێكی دەستووری نەبوو، بە گوێرەی دەستوور نەدرا، شتێك بوو بە گوێرەی یاسا و ماددەكانی دەستوور دەرنەكراوە، خودی دادگای فیدرالیش بە گوێرەی دەستوور دانەمەزراوە، بڕیارێكی سیاسییە و بە ناوی لایەنێكی یاساییەوە دەركراوە.
نەخێر، ئەمە ناوچەیەك نییە كە پێمانوابێت بتوانین ئەم بڕیارە پەسەند بكەین، چونكە ئەمە پێشێلی دەستوور و مافە دەستوورییەكانی ئێمەیە، دەستوور لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە و پابەندین و ڕێز لە دەستوور دەگرین، ئەركەكانمان بەجێ دەگەیەنین، بەڵام مافیشمان هەیە و رێگە نادەین مافمان پێشێل بكرێت.