سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌

به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/5/25، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز مارك برايسۆن باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عيراق و ‏شاندێكى سياسى و سه‌ربازيى ياوه‌رى كرد.‏

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سياسيى عيراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى ‏كوردستان، شه‌ڕى دژى تيرۆر و جموجۆڵه‌كانى داعش به‌تايبه‌تى له‌ ناوچه‌كانى ‏ماده‌ى سه‌د و چل، گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و كاريگه‌رييه‌كانى له‌سه‌ر عيراق و هه‌رێمى ‏كوردستان و ناوچه‌كه‌، تاوتوێ كران.‏

 

هه‌ردوولا جه‌ختيان له گرنگيى هه‌بوونى تێڕوانين و لێكگه‌يشتنى هاوبه‌شى لايه‌نه ‏عيراقييه‌‌كان بۆ چاره‌سه‌رى كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بڕيار و ئيراده‌ى ‏سياسى هه‌بێت، ده‌رفه‌ت هه‌يه‌ لايه‌نه‌كان بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكى كۆكه‌ره‌وه كه‌ ‏چه‌قبه‌ستوويى و بنبه‌ستى سياسى تێپه‌ڕێنێت.‏

 

هه‌ردوولا نيگه‌رانييان له‌ دۆخى شه‌نگال و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ ده‌ربڕى كه‌ بوونه‌ ‏هۆى دووباره‌ ئاواره‌بوونه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئێزدى و جه‌ختيان له‌ گرنگيى پێكه‌وه‌كاركردنى ‏حكوومه‌تى فيدرالى عيراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئارامى بۆ ‏ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌. ‏

 

سه‌ردانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ سلێمانى و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ ‏سياسييه‌كان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق له‌گه‌ڵ ‏ده‌وروبه‌ر و چه‌ند پرسێكى جێی بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

Back to top button