چوارچێوەی هاوئاهەنگی : کاندیدی ئێمە لەلایەن کورد و سوننە قبووڵکراوە

 

 

لە تازەترین لێدواندا چوارچێوەی هەماهەنگی  ئاشکرای دەکات ، محەمەد شیاع سوودانی هێشتا کاندیدی ئەوانە بۆ سەرۆک وەزیران و لەلایەن کورد و سوننەشەوە قبووڵکراوە.

 

عەلی فەتلاوی، ئەندامی هاوپەیمانێتی فەتح، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی  لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “محەمەد شیاع سوودانی، نوێنەرایەتی نێوماڵی شیعە دەکات بۆ کاندیدی سەرۆک وەزیران و لەلایەن کورد و سوننەش هەڵوێستی ئەرێنی هەیە و قبووڵکراوە”.

 

گوتیشی “ئەگەری زۆر هەیە رۆژانی داهاتوو گۆڕانکاری گەورە رووبدات، بە ئاراستەی دەرچوون لەو قەیرانە سیاسییەی ئێستا کە عێراق تێیکەوتووە، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت”.

 

ئەو پەرلەمانتارەی فەتح ئاماژەی بەوەشداوە “پێکهاتەی شیعە دەستێوەردانی لە کاندیدانی کورد و سوننە نەکردووە، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار، نابێت ئەوانیش دەستێوەردان لە کاندیدی شیعە بکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران”.

Back to top button