
پەرلەمانتارێکی پارتی: سکاڵا لەسەر سەرۆکی پەرلەمان تۆمار دەکەین
سەلوان ئاکرەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، زنجیرەیەک زانیاری نوێی لەبارەی پڕۆسەی دەنگدان بۆ پۆستە بەتاڵەکان و هەڵوێستی حزبەکەی ئاشکرا کرد.
ئاکرەیی ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان بە نیازی تۆمارکردنی سکاڵای یاساییە لەسەر سەرۆکی پەرلەمان، ئەمەش بەهۆی دەرنەچوونی ڕێباز حەملان بۆ ئەو پۆستەی کاندید کرابوو.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: “پڕۆسەی دەنگدان بە ڕێباز حەملان زۆر خێرا بووە و ئەمەش گومانی زۆری دروست کردووە.”
هاوکات ئاشکرایشی کرد کە لایەنەکانی وەک (دەوڵەتی یاسا) و (هاوپەیمانیی عەزم) هەمان کێشەیان هەیە و ئەوانیش بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکان پەنا بۆ دادگا دەبەن.
سەبارەت بە چارەنووسی دەنگدان لەسەر پۆستە بەتاڵەکانی دیکەی ناو حکومەت و پەرلەمان، سەلوان ئاکرەیی ڕایگەیاند کە بەهۆی هاتنی پشووەکانەوە، پڕۆسەی دەنگدانەکە بۆ کاتێکی دیکە دوا دەخرێت.