
وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی ئایار ڕەوانەی بەغدا دەکات
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پڕۆسەی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ حکومەتی فیدراڵ دەستی پێکردووە و بڕیارە سبەی لیستەکە بگاتە دەستی بەرپرسانی دارایی لە بەغدا.
لە ڕاگەیاندراوی وەزارەتەکە هاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (20ی ئایاری 2026)، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسانی ڕەوانەی بەغداد کردووە. بڕیارە سبەی پێنجشەممە، لیستەکە بە فەرمی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەی لەسەر داهاتە نانەوتییەکان داوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە دیاریکردنی بڕی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایار و پشکی حکومەتی فیدراڵ، پەیوەستە بە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی کۆتایی مانگ. بۆیە تاوەکو سەرجەم داتاکان لە یەکە ژمێریارییەکانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری نەنێردرێن، بڕی وردی داهاتی مانگی ئایار دیار نابێت.