پارتییەكانی ناو یەكێتی.. یەكێتییەكانی ناو پارتی..
ئاریان فەرەج
پارتییەكانی ناو یەكێتی و یەكێتییەكانی ناو پارتی كەس نین جگە لە پەیڕەوان و دڵسۆزانی بارزانی و تاڵەبانی. كەس نین جگە لە پارتییە تۆخ و یەكێتییە تۆخەكان.
رەنگە تاكە جیاوازییان هەر ئەوە بێت كە پارتییەكان بە تێكڕایی پەیڕەوانی بارزانی و رێبازی بارزانین، بەڵام رەنگە تێكڕای یەكێتییەكان بۆ رێبازی مام جەلال وانەبن.
پارتی و یەكێتییە رەسەنەكان جگە لە تێكۆشەرانی راستەقینە و بێ سەودای رێگای رزگاری كوردستان، هاوسەنگەرانی كوردایەتی، پیرۆزیبەخشانی راپەڕین، ئاوەدانكارانی كوردستان، بەدیهێنەرانی دەسكەوتەكان، داڕێژەرانی هاوپەیمانیی ستراتیجی، تەحریمكارانی دوبەرەكی، پارێزەرانی داعشبەزێنی كوردستان، هیچ ناو و ناسنامەیەكی دیكەیان نییە.
ئەو تێكۆشەرە مێژووكرد و خاوەن مێژووانەن كە خەباتی رۆژانی سەخت و بەرگریی سەردەمانی بەگژداچونەوەی مەحاڵ و سەركردە و هاوسەنگەرە شەهیدەكانی دوێنێ و ئەمرۆی پارێزەری ووڵات و زیندووهێشتنەوەی دۆزی كورد و كوردایەتی، شاهیدیان بۆ دەدەن، خاك و خەڵكی كوردستان دەیانناسن و لەسەر پەسن و رالێبونی كەس پەكیان نەكەوتووە. ئەوانەن كە لە گەرمەی كێبركێ و ململانێدا، بۆ بەرژەوەندی كورد و كوردستان هەموو ناكۆكییەكانیان دەخستەلاوە و قۆڵی مەردانەی كوردایەتییان لێ هەڵدەكرد. ئەوانەن كە خەڵكی كوردستان لە سایەی یەكدەستییاندا دەحەوانەوە و لە رۆژانی ناتەباییشیاندا، لە زەرەر و زیان بترازێ، هیچیان پێ نەدەبڕا.
پارتییەكانی نێو یەكێتی و یەكێتییەكانی نێو پارتی، نە پرۆ پارتین و نە پرۆ یەكێتی. نەك هەر تەسلیم بە یەكدی نین، بەڵكو كەس هێندەی ئەوان سەرسەختانە پارتی و سەرسەختانە یەكێتی نیە. بەڵام هەردوكیان تەسلیمن بە بەرژەوەندی و ئایندەی كورد و كوردستان. گوێڕایەڵ و پابەندی ئەو نەهج و رێبازی پێكەوەیی و هاوچارەنوسی و نیشتمانییەن كە مام و كاك دایانڕشت و كوردستان لە سایەیدا پێشكەوت و حەوایەوە و ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بەخۆوە بینی.
ئەوانەن كە تێدەگەن لە ئێستاوە تا چاو بڕ بكات كوردستان پێكەوەیی و هاوهەڵوێستی و تەبایی ئەو دوو هێزە دەخوازێ و هیچ بەدیلێك نە لە ئارادایە و نە لە ئارادا دەبێ.
ئەم دوو هێزە بە بەگژاكردنی بەشێكی لەخشتەبراوی شەقام و بە قسەو لاقرتێی فاشل و داخ لە دڵەكان، ناتوانن لە ئەركی مێژوویی خۆیاندا خەمساری بنوێنن. ئایندەی ووڵاتێك چاوی لە هەڵوێست و هیممەتی ئەوانە و ناكرێ لە ئاست ئەو ئایندەیەدا هاوهەڵوێست نەبن.
پارتییەكان هیچ كەس نین جگە لەوانەی بۆ سەربەخۆیی و ئازادی حەفتا ساڵە بەڕێوەن و تا كەناری ئارامی ئۆقرەناگرن و هەموو تێكۆشەوانی رێگای رزگارییش دۆست و هاوپەیمان و برایانن. یەكێتییەكانیش كەس نین جگە لە دڵسۆزانی مام جەلال و پەیڕەوانی نەهجەكەی. نەهجی ( دوابڕیاری ژیانم ئەوەیە تا مابم لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دۆست و هاوخەبات و تەبا دەبم.)