له‌شكری، لە میرنشینی سۆرانەوە تا ئەمڕۆ

 ئاسۆ مامزادە

ساڵی 1590ی زاینییە، رمبەی ناڵ و زین و زرمەی پێی 500 شۆڕەسوار پێدەشتەکانی کوردستانی ئەوێ ساڵیان پڕ کردووە، تەپوتۆزی بەرپێیان گەییوەتە ئاسمان و لەوپەڕی زەنوێرەکانەوە وا پێدەچێ کە فەیتوونی خواکانە و هاتوون سنوور بکێشنەوە. ڕانک و چۆغەی بووزووی ڕەشی دووتوێیان لەبەردایە و بە چەرمی گامێش و قورقوشم و ئاسن زرێپۆش کراون و 500 ڕمبی سەر بە پەیکان بە دەستیانەوە و 500 زینی قەڵتاغ چووکی قایش ئەسڵی بولغار لەسەر پشتی 500 ئەسپی سپیی کفڵ خڕی گوێ مەقەستی کلک لەسەر چوارانە،  پێش قەڕاوڵیان پیاوێکی بە قەڵافەتە، کەواو پانتۆڵێکی دە بەرقۆپانی ڕەشی لەبەردایە و دوو پشتێنی ئاوریشمی سێ گرێ وەک ماری قەفخواردوو باڵایان تەنیوە و خەنجەرێکی دەسک نێروەیی لە ناویدا وەک ئەستێرەی گەلاوێژ دەدرەوشێتەوە، شیرێکی کەرگەدەنی سەر و مل بە جۆللانێی گوڵینگی هەورامان لەناو کالانی پێستی شێر و قەدیفەی ڕەش بە سیمی زێڕ نەخشێنراو بە لاقەدیەوە سەما دەکات،  پەستەک و کڵاوی نمەدیی بە پەڕی چێرگ و هەڵۆ و نەخشێنراو بە چەند هێمایەکی دەوڵەت و کەوڵێکی خەزی سێ قەڵاتەی قاقم نیشانی بەسەر شانەوەیە وهەموو گیانیان وەک قەڵغان داپۆشیوە، شەپۆلی هەناسەی تێکەڵ بە شەپۆلی یاڵی ئەسپە لغاو مروارییە ئەسڵە موسڵییەکەی، شاخە بەرزەکان و لێڕەوارەکان دەبڕێت و چەندسەد چیا ئەولاتر دەبێتە گەردەلوول و بەربینگی چەند سوارێک دەگرێت کە هاتوون بۆ دزینی خاک و بڕینی هەناسەی.

شۆڕەسواران، ئاوا خەرامان بۆ کوێ دەچن؟ میرمان بەرەو کام هەڵدێر دەبەن؟ کوان سەرهەنگەکانی سوپا، تابووری پێنجەم بڕووخێنن، خۆفرۆشەکان بتۆپێنن، میرمان کانیا میرزێندین بەگیانە.

ئەمانە چەندسەد شۆڕەسواری گاردی شاهانەی میرنشینی سۆرانن، لە هەریری پایتەخت وەدەرکەوتوون و میر سلێمان خانی قولی بەگیان ئیسکۆرت دەکەن بەرەو بەغدا، پێشتر لەشکری، سەرۆک ئەرکانی سوپای سۆران، پیلانێکی گەورەی دژ بە میر داڕشتووە، بە والیی عوسمانی لە بەغدای گوتووە میرسلێمان خان بەتەمای ڕاگەیاندنی سەربەخۆییە، بەڵام دەرباری بەغدا باوەڕی پێناکەن، لەشکری پێیان دەڵێ میر کاتێک کە لە کوردستانە زۆر بە گوڕوتین قسە بۆ سوپا و خەڵکەکەی دەکات و باسی سەربەخۆییان بۆ دەکات، میر کە بۆنی خاکی کوردستانی بەسەردا دێت هەموو ڕۆحی دەتەنێت و سەرخۆشی دەکات، شێتی نیشتمانەکەیەتی، بانگهێشتی بکەن و بڕێک خاکی کوردستان لە دیوەخانەکەتان و ژێر فەرشەکەی ڕۆبکەن، ئەوجار دەبینن کە چۆن سەرخۆشانە باسی کوردستان و میرنشینەکەی دەکات.

دەرباری بەغدا بەقسەی دەکەن و دەست دەکەن بە داڕشتنی پیلان، خان سلێمان خان بانگهێشتی فەرمی دەکەن بۆ بەغدا و لەولاشەوە چەند سوارێک دەنێرن لە چیای حەمرین خۆڵ ببەن بۆ دەربار. خان سلێمان خان و سوارەکانی بە ئاڵای دەوڵەتی سۆرانەوە دەگەنە بەغدا و پێشوازییەکی شاهانە و گەرمیان لێ دەکرێت، میر هاوشانی والیی بەغدا بەرەو دیوەخانی گەورەی دەربار دەڕۆن و لە جێگەی تایبەتی دادەنیشێت و میوانیی شاهانە دەستپێدەکات، کە لە دیوەخان دادەنیشێت بە دەم قسە کردنەوە هەست بە بۆنێکی زۆر ئاشنا دەکات، والی و وەزیرەکان قسە و باسی ئاسایی و سیاسی تێکەڵ دەکەن، باسی دەوڵەتەکەی و باسی دراوسێکان و باسی کاروباری میری و خەڵک و سوپا، باسی باج و خەراج و پێدانەوەی عەهد و پەیمان بە بەغدا.

میر بەرەبەرە زیاتر هەست بە بۆنە خۆشەکە دەکات، بێ قەراری دەکا و بەتەواوی سەرخۆشی دەکات، ڕاوێژکارەکان و چەند شۆڕەسوارێکی هەستی پێ دەکەن، چونکە بۆنی خاکی نیشتمان باڵی بەسەر ئەوانیشدا کێشاوە، وردە وردە هەست بە مەترسی دەکەن. میر ئیتر بەبێ منەتی باسی سنووری دەوڵەتەکەی و سەربەخۆیی وڵاتەکەی و جوانیی لێڕەوارەکان و قەڵافەتی چیاکان و سوپا و پاکی و بێگەردیی خەڵکەکەی دەکات. ئەمانیش پلانی کۆتایی جێبەجێ دەکەن و میر دەکوژن.

هەواڵەکە بە گوێی شازادە خانزاد دەگاتەوە و بۆیشی دەردەکەوێت کە پیلانەکە لەشکری دایڕشتووە. لەشکری لەگەڵ 100 سواری بندەستی خۆی چوونەتەوە شنگال و ناوێرن بگەڕێنەوە پایتەخت، خانزاد کە مکوڕە لەسەر جێبەجێکردنی یاساکانی دەوڵەتی سۆران، بەتایبەتی بۆ خۆفرۆشێك کە میری برای کوشتووە، پیلانێک دادەڕێژێت، نامەیەک بۆ لەشکری دەنێرێت و تێیدا دەنووسێت: گەورەمان لەشکری، تکات لێدەکەین پاش گەیشتنی ئەم نامەیە بە زووترین کات بگەڕێیەوە بۆ هەریر، چونکە کەسمان نییە تۆ نەبێ، بۆ هەڵسووڕانی کاروباری دەوڵەت، بۆ سەرپەرشتیکردنی سوپای بێ سەردار هەر تۆمان هەی، دڵنیاش بە ئەگەر بگەڕێیەوە بۆ پایتەخت، ئایشەت لێ مارە ئەکەین و لە جێگای میرسلێمان خان داتدەنێین.

ئەگەرچی بندەستەکانی پێی دەڵێن لەوانەیە پیلان بێت، بەڵام لەشکری هەوای میرایەتیی سۆران لە کەلەی داوە و بە سەد سوارەکەیەوە دەگەڕێتەوە پایتەخت، هەر شەوێ سەد سوارەکەی دەکوژن و بۆ بەیانیش خانزاد جلی سوور لەبەر دەکات و فەرمان دەدا بە دیواری قەڵای کۆشکەوە چوار مێخی بکەن و دیوارێکی پانی لەپێش هەڵچنن و تا تەواوکردنی دیوارەکە و خنکاندنی، بە ئامادەبوونی خەڵکی پایتەخت و هەموو سەرهەنگ و وەزیرەکان، چۆنیەتی پیلانگێڕانەکەی بە بەیت بۆ بگێڕێتەوە.

هەر ئەو خاکەی بێ ئەوەی بیهەوێ بووە هۆی کوژرانی میر سلێمان خان، لەشکرییشی کوشت، ئەوە هێزی لەبننەهاتووی خاکە، لەوانەیە ئەگەر لەشکرییش لەو کاتەدا لەگەڵ میربایە، پەژیوان بووبایەتەوە و نەیهێشتبا میر شەهید بێت، خوێنی ڕۆڵەکانمان هەزاران ساڵە بست بە بستی خاکی کوردستانیان تەنیوە و بووەتە بەشێک لە بۆن و بەرامە و تامی ئەم خاکە.

چی وادەکات کەسێک نیشتمانفرۆش بێت، لە حاڵەتی بندەستەیی دا بیانوو زیاترە، دەسەڵاتت نییە و بژێویی ژیانت داگیرکەر دەیدات، کە ئەمەش بیانوو نییە و نابێ شتی وا رووبدات، ئەی ئەگەر حکومەتی خۆت هەبێ و سەرۆک ئەرکانی سوپاش بووی؟ مەگەر ئەوەی حکومەتەکە بە هی خۆت نەزانی، ئەی بە هی کێی دەزانی؟ ئەو ڕق و قین و سەدبەرەکییەی ئێمەی مرۆڤی کورد تووشی هاتووین لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت، چاومان بە یەکتر هەڵنایە و ژێربەژێر پیلان بە دژی یەک دادەڕێژین، ڕق وا کوێری کردووین بڕوا بە دوژمن دەکەین، بەڵام بە براکانمان نا، هەموو ئەمانە بە یەک ئەنجام دەگەن، ئەو کەسانەی لەپێناوی بەرژەوەندیی تاکە کەسی و ڕق و قینی کۆن وڵاتەکەیان هەرزانفرۆش دەکەن، ئامادەن بۆ تۆپینی خۆیان و زەرەری ساحێبیان کە کوردستانە، باشە بۆچی؟
نموونەمان لە مێژوودا ئەوەندە زۆرە ناچارم بە چەند وتار باسیان بکەم، کە نموونە هەرە بەرچاوەکانیان ڕووخانی قەڵای دمدم و میرنشینەکانی بۆتان و بابان و سۆرانە.

خەسارناسی

لە پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریی ماد (550 پ.ز)، شکۆی کورد شکا و ئیتر نەیانهێشت خۆی بگرێتەوە. کەمبوجیەی دووەمی دوا پاشای ئەخمینی بەر لە مردنی وەسیەت دەکا و بە وەزیرەکانی دەڵێ قەت نەهێڵن مادەکان دەسەڵات بگرنەوە دەست. قسەیەکی کۆن هەیە دەڵێ ئەگەر کورد یەک بگرن هەموو دونیا دەگرن، بە واتا کلاسیکیەکەی ئەوە ڕاستە و هەر ئەوەشە لە نەستی بەکۆمەڵی خەڵکی ناوچەکە دا ماوەتەوە، بەڵام لەڕاستیدا کورد ئێستا تەنیا بە بەشی خۆی ڕازییە کە ئەویشی پێ ڕەوا نابینن. ئیمپراتۆریی ماد بە هاوکاریی شانشینی بابل گەورەترین و دڕندەترین ئیمپراتۆریی ئەوسا، یانی ئاشوورییەکانیان تێکشکاند (612 پ.ز) کە بە ئیمپراتۆریی خوێن ناوی دەناسرا و مادەکان و خەڵکی ناوچەکەیان زۆر ئازار دابوو، پێشتر سکاکانیان تێکشکاندبوو کە بۆ 28 ساڵ بەشێكی زۆری مادیان گرتبوو و هاوپەیمانی ئاشوور بوون، هوەخشەتەری سێیەمی پاشای ماد پاش تێکشکانی ئاشوور چاوی بڕییە شارە تیجارییەکانی یۆنان و لەسەر ڕێگا لەگەڵ شانشینی لیدیا بەیەکیاندا دا، بەڵام لەبەر ڕووداوی خۆرگیران (585 پ.ز) شەڕیان ڕاگرت و ڕووباری هالیس (قزل ئیرماق) بوو بە سنووری نێوانیان.

پاش شکانی ماد، میللەتانی تری ناوچەکە بەتایبەتی فارسەکان، بێجگە لە سەرکوتکردنی شۆڕش و هەر چەشنە هەوڵێکی بەدەوڵەتبوون، لە ڕێگای ڕاگەیاندنە کلاسیکییەکانی وەک کتێب و قسەی زارەکی و دروستکردنی حەدیسی ساختە و چیرۆک و هتد..، هەوڵیان دا سیمای کورد ناشرین بکەن و تا ڕادەیەکی باشیش سەرکەوتن. لە ڕووی سیاسییشەوە دەستیان کرد بە چاندنی تۆوی دووبەرەکی لەنێوان میرنشین و شازادە و میر و عەشیرەتە  کوردەکان و ئیتر دووبەرەکی و ناکۆکی و یەکتر قبووڵ نەکردن شانبەشانی مێژوو لەگەڵمان هات تا ئەمڕۆ و بوونەتە هۆکاری زۆربەی شەڕە ناوخۆییەکان.

ئەم ڕقە کۆنە کە بیرێکی خێڵەکی و دواکەوتووانە نوێنەرایەتی دەکات، لە سەرەتاکانی سەدەی رابردوودا و پاش نەمانی میرنشینەکان بەرگی نوێیان پۆشی و قاڵبی حیزبیان بەخۆوە گرت، زۆربەی هەرەزۆری حیزبە رزگاریخوازەکانی کوردستان لەسەر دەستی میر و کوڕە ئاغاکان دروست بوون، ئەمجار هەندێک لە کوڕە ئاغاکان بوونە نوێنەری چینی کرێکار و بە بیانووی نەهێشتنی چینایەتی، دژایەتیی حیزبە نەتەوەییەکانیان کرد کە ئەمانیش هەر کوڕە میر و ئاغاکان ڕابەرایەتییان دەکردن. باسی کرێکاری هەموو جیهان و حکومەتی جیهانییان دەکرد، بەڵام ڕزگاریی نەتەوەیی لای ئەوان شتێکی بێ بنەما بوو، تا ئێستاش هەر وایە، لەلایەکی دیکەشەوە هەندێک لە شێخ و مەلاکان حیزبی ئیسلامییان بۆ دامەزراندین و ئەمانیش باسی ئوممەی ئیسلامییان بۆ دەکردین، بەڵام دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانیان پێ خەیاڵێکی ناشەرعی بوو، لە حاڵێکدا کە وا نییە، دەنا ئەو هەموو وڵاتە ئیسلامییە نەدەبوون.

دروستکردنی دەوڵەت تەنیا بۆ کورد بڤەیە، مەنسووری حیکمەت کە بەشێك لە چەپە کوردەکان تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لە مارکس و لێنین لەلایان گەورەترە، بە دەیان وتاری هەیە لەسەر کیانی نەتەوەیی ئێران و بەرگری لە ناوی کەنداوی فارس، بەڵام موریدە کوردەکانی وا ڕاهێناوە بە ئاڵای کوردستان بڵێن پەڕۆی کۆن و ئەمانیش تەنانەت قسەکردن بە کوردییان پێ شوورەییە، ئەمە هزری کۆلۆنیالیزمی فارس و عەڕەب و تورکە و لەمێژە بەسەرماندا سەپاندوویانە.

لەشکری بۆ وای کرد؟

لەشکری بەپێی ئەو بەیتانەی زارەوزار بۆمان ماونەتەوە، ڕیوایەتی جۆراوجۆری هەیە، ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی میرنشینی سۆران بدەینەوە نابێ لەبەر دەسەڵات بووبێ، چونکە لەشکری ئێزدی بوو، بێجگە لە دوژمنایەتییەکی کۆن کە لە نێوان ئێزدییەکان و سۆراندا هەبوو، خەڵکی بندەستی شانشینی سۆران تا سەر ئێسقان موسوڵمان بوون و دڵنیام بە هیچ شێوەیەک بە خەیاڵی ئەوان و لەشکریشدا نەهاتووە کە ئێزدییەک میرایەتییان بکات، چۆن بەو پلەوپایەیەش گەیشتووە لای میرانی سۆران، سەیرم پێ دێت.

بەڵام ئەو دوژمنایەتییە چۆن ئاگرەکەی خۆش بوو؟، بەداخەوە لەبەر هەڵە تێگەیشتنی ئیسلام لە ئاینی ئێزدی، هەر لە پاش هاتنی ئیسلامەوە بۆ ناوچەکە، دژایەتییان کردوون و کوشتنیان حەڵاڵ کراوە، بەنیسبەت شانشینی سۆرانیشەوە بەپێی گێڕانەوەی حوسێن حوزنی و مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی، ساڵی 1534 کە سوڵتان سولەیمانی قانوونی ئارامگەی بەغدای گرت، زستانەکەی لە هەولێر بەڕێ کرد، ئەوسا عیزەدین شێر لە میرەکانی سۆران میری هەولێر بووە و پێشوازییەکی گەرمی لێکردووە، بەڵام سوڵتان لە ماڵەکەی خۆیدا سەرۆک هۆزی دنەداون بۆئەوەی لێی هەڵگەڕێنەوە و پاشان پلانیان بۆ ڕێکخست و شەوێک لە مۆڵگەی شاهانە بە نهێنی خنکاندیان و گەنجینەی میرییان تاڵان کرد و پاشان حوسێن بەگی داسنی لە ماڵە میرانی ئێزدی کردە میری سۆران، بەڵام میرسەیفەدینی دووەم، لەشکری سۆرانی ڕێکخستەوە و تەنیا لە شەڕی یەکەم 500 پیاوی سەرناسی داسنییان کوشتن و میرنشینەکەی وەرگرتەوە، حوسێن بەگ پاش شکانی دەچێتە ئەستەنبوڵ بۆ سکاڵا و هەر لەوێ دەیکوژن، قبوڵکردنی میرایەتیی سۆران لەلایەن حسێن بەگەوە لەوانەیە هەوڵێک بووبێ بۆ کۆتاییهێنان بەو کوشتن و قڕکردن و نەهامەتیانەی بە درێژایی مێژوو بەسەر ئێزدییەکان هاتووە.

دەرەنجام ئەم بەسەرهاتانە بە پیلانی دوژمنانمان بە سەدان جار بەسەرمان هاتوون و تا نەبینە خاوەنی کیانی سەربەخۆ هەر دووبارە دەبنەوە، چونکە لۆژیکی تۆڵەسەندنەوە لە یەکتر، بێ ئەوەی لە خۆمان پرسیار بکەین بۆ وایان لێکردین، لەناوماندا نابڕێتەوە، دوژمنیش باش ئەوە دەزانێ.

هەموو خۆفرۆشییەکیش لە پێناو پارە دا نییە، لەبەر هەموو ئەو هۆکارانەی باسمان کرد، خۆبەکەمزانین بەرامبەر بێگانە بەتایبەتی داگیرکەران لە ناخی تاکی کورد دا چێندراوە و دەبێ لە ڕیشەوە دەریکێشین، خیانەت و وڵاتفرۆشیش تەنیا لەناو کورد دا نییە؛ ئەگەر بڕوانینە مێژووی سکۆتلەندا، خیانەتە گەورەکانی کوڕە میرەکانی سکۆتلەندامان بۆ دەردەکەوێت و ڕێک ئێستای کوردستانمان بیر دەخاتەوە، ئەم خیانەتانە لە فیلمی دڵە ئازاکە بە باشی پیشان دراون، هەر ئەو کەمبوجیەی باسمان کرد لە ڕێگای داگیرکردنی میسردابوو کە براکەی ناردەوە پایتەخت و ئەمری کرد لە ڕێگا کوشتیان، بەڵام بۆ لە کورد زۆر دیارە؟ چونکە کیانمان نییە، تەنیا ڕێگای کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو نەهامەتییانە ئەوەیە بەهەر شێوەیەک بووبێت ئەگەر جارێ پارچەیەکیش بووبێت بیبەین بەرەو سەربەخۆیی، ئێستا دەنگەکانیشمان گەیشتوونەتە کۆمەڵگای جیهانی و ناتوانن خۆیان لە دەنگی ئازادیی میللەتێک نەبان بکەن، تەنیا دەبێ خۆمان بگرینەوە و وڵاتەکەمان بونیات بنێین و بچینە ناو کاروانی پێشکەوتنی جیهانییەوە، پاش بنیاتنانی دەوڵەت ئیتر نە خیانەت دەمێنێ نە فرۆشتنی وڵات، ئیتر مێژوویەکی نوێ دهۆنینەوە.

 

Back to top button