چۆن گورچیلهكانمان بپارێزین و نههێڵین تووشی گرفت ببن.؟
گورچیلەكان دوو ئەندامی شێوە دەنكە فاسۆلیایین، هەریەكەیان بەقەد مستێك دەبێت و دەكەونە بەشی دواوەی سك لەهەر لایەكی بڕبڕەی پشت، فرمانی سەرەكیشیان بریتییە لە فڕێدانی شلەی زیادەو پاشماوەی ناو خوێن.”
بەردی گورچیلەش بریتییە لە نیشتووی رەق و بچووكی كانزایی و خوێی ترشی لە بەشی ناوەوەی گورچیلەكان دروست دەبێت، تا بەردی گورچیلە نەجووڵێت و نەیەتە خوارەوە، ئەستەمە هەست بە بوونی بكرێت، كاتێكیش دەجووڵێت لەوانەیە ئەم نیشانانەی خوارەوە رووبدەن :
1. ئازار لەتەنیشتەكانی پشت كەلەكەو خوار پەراسووەكان.
2. گۆڕان لەتوندی ژانەكە، لەوانەیە بۆ (20) خولەك تاكو (60) خولەك بخایەنێت.
3. ژانەكە لەپشتەوە دەداتەوە بەشی خوارەوەی سك و بنی سك.
4. بوونی خوێن لەناو میز یا لێڵ بوونی میز.
5. ئازار لەكاتی میزكردن.
6. هێڵنج و رشانەوە.
7. هەندێك جار لەرزو تای لەگەڵدایە.
هۆكارەكانی :
1. كاتێك پێكهاتەكانی ناو میز (شلەو چەندین جۆری كانزاو ترشەكان) لە هاوسەنگی لادەدەن، دەبێتە هۆی ئەوەی میز جۆرەها ماددەی كریستاڵ وەك (كالیسیۆم و ترشی یوریكی) لەخۆ بگرێت، بەشێوەیەكی زۆر كە شلەی میز ناتوانێت روونیان بكاتەوە.
2. ئەو كێشانەی كە كار لەفرمانی گورچیلەكان دەكەن لەمژین و فڕێدانی كالیسیۆم و ماددەكانی تر، ئەوا بارێك دروست دەكەن بۆ ئەوەی بەردی گورچیلە دروست ببێت، هۆكاری ئەمەش لەوانەیە بۆماوەیی بێت، یا لەوانەیە كێشەی ریخۆڵە بێت، لەوانەیە خۆراكی بێت، یا هەندێك دەرمان.
3. زۆرێك لەبەردی گورچیلەكان لەچەندین جۆر كریستاڵ پێكهاتوون، دیاریكردنی جۆری كریستاڵی پێكهاتووی بەردی گورچیلە یارمەتی دەستنیشانكردنی هۆكاری دروست بوونی دەدات، بەمەش دەتواندرێت تاڕادەیەك رێگە بگیردرێت لەدروست بوونی بەردی گورچیلە، چەندین جۆر بەرد هەیە، بەڵام باوترینیان جۆری كالیسیۆمە.
4. كەم خواردنەوەی شلە (ئاو): ئەگەر بەشێوەیەكی پێویست ئاو نەخورێتەوە ئەوا میز چڕدەبێتەوە، بەمەش مەترسی دروست بوونی بەرد زیاتر دەبێت.
5. بۆ ماوەو مێژووی خێزانی : ئەگەر یەكێك لەئەندامانی خێزانەكەت بەردی گورچیلەیان هەیە ئەوا تۆش لەمەترسیدایت، ئەگەر تۆ بەردێكت هەیە ئەوا ئەگەری دروست بوونی بەردی تریشت هەیە.
6. تەمەن و رەگەز : زۆربەی ئەو كەسانەی تووشی بەردی گورچیلە دەبن لەتەمەنی نێوان (70 – 20) ساڵیدان، رەگەزی نێر زیاتر لەبارن بۆ تووشبوون.
7. خۆراك : ئەو خۆراكانەی رێژەیان بەرزە لەپرۆتین و سۆدیۆم، هەروەها رێژەیان كەمە لەكالیسیۆم، مەترسی دروست بوونی بەردی گورچیلە زیاد دەكەن.
8. كەم جووڵان : ئەگەر زۆر دابنیشیت و جووڵەت كەمبێت، ئەوا مەترسی دروست بوونی بەردی گوچیلە زیاتر دەبێت.
9. قەڵەوی : یەكێكە لەهۆكارەكانی دروست بوونی بەردی گورچیلە.
10. بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن.
11. كێشەی كۆئەندامی هەرس.
ڕێگەكانی خۆپاراستن :
بەچەند گۆڕانكاریەكی بچووك لەشێوازی ژیانی رۆژانە دەتوانرێت خۆمان بەدوور بكەین لەم حاڵەتە، بەڵام ئەگەر ئەم گۆڕانكارییانە سەری نەگرت ئەوا ئەو كات پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ لەبواری میزو میزەڕۆدا بكرێت.
1. گۆڕانكاری لەژیانی رۆژانەو زۆر خواردنەوەی ئاو: زیاتر لە (14) پەرداخ ئاو یا (3.3) لیتر لە شلەمەنی لەرۆژێكدا، لەكەش و هەوای گەرم پێویستە زیاتریش بخورێتەوە، ئاو باشترین شلەیە بۆ خواردنەوە، هەروەها رۆژانە خواردنەوەی پەرداخێك لەشەربەتی لیمۆ سروشتی یان دەستكردی خۆت مەترسی دروست بوون كەم دەكاتەوە، بەڵام خۆت دووربگرە لەخواردنەوە شەربەتی پاودەری لیمۆ.
2. خۆراك : ئەگەر بەردی گورچیلە جۆری كالیسیۆم ئۆگزالێت بێت، ئەوا پزیشكان بەباش دەزانن ئەو جۆرە خواردنانە بەشێوەی زۆر توند كەم بكرێنەوە كە دەوڵەمەندن لە ئۆگزالێت، وەك (رێواس، چەوەندەر، پاقڵە، كەلەم، سپێناغ، پەتاتەی شیرین، كونجی، باوی)، سەرباری ئەمانەش، لێكۆڵینەوەكان ئەمەیان دەرخستووە كە ئەو خۆراكانەی كە بڕی خوێ و پڕۆتینی گیانلەبەریان كەم تێدایە زۆر بە باشی چانسی دروست بوونی بەردی گورچیلە كەم دەكەنەوە، هەرچی كالیسیۆمە، كەمكردنەوەی خۆراكی دەوڵەمەند لە كالیسیۆم دیارنییە كە ئایا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەترس دروست بوونی بەری گورچیلە یان نا، بەڵكو بەپێچەوانەوە، لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە ئەو ئافرەتانەی كە بەرهەمی شیر دەوڵەمەند بە كالیسیۆم زۆر دەخۆن ئەوانە كەمتر لەمەترسی تووشبوون بە بەردی گورچیلەدان.
3. دەرمان : وەرگرتنی دەرمان بۆ چارەسەری بەردی گورچیلە پێویستی بەسەردانی پزیشكی پسپۆڕ هەیە.
ئا/ ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی