کۆمیسیۆن رۆژی شه‌ممه‌ ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان

 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دادگای فیدڕاڵی راگه‌یاند كه‌ بڕیاری ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست ده‌ستوریه‌, کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژ شەممە دەوامی فەرمی سەرجەم فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنە و مۆڵەت بە هیچ فەرمانبەرێک نادرێت، ئەوەش وەکو دەستپێکی جێبەجێکردنی یاسای ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەو دادوەرانەی کە بۆ راییکردنی کاری کۆمیسیۆن دیاریکراون کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پلانی جێبەجێکردنی یاسای هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستنیشانکراوە، بەگوێرەی ئەو بڕیارەی کە دادگای فیدراڵی دەریکردووە.

بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردراوە رۆژی شەممە 23-6-2018 دەوامی فەرمی سەرجەم کارمەندانی کۆمیسیۆنە و مۆڵەت بە هیچ کارمەندێک نادرێت مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت.

دوای ناڕەزایی چەندین لیستی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمان بە ئامادەبوونی 173 پەرلەمانتار بڕیاریدا دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە بە دەستیش جیابکرێنەوە، چونکە ژمارەیەک لایەنی سیاسی گومانیان لە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەنگدان هەیە.

رۆژی 21-6-2018 دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەبارەی یاسا نوێیەکەی پەرلەمان دا و رایگەیاند، بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ ژماردنی دەنگەکان بە دەست یاساییە بەڵام بڕیاری تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکانی رەتکردەوە.

دوای لابردنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنیش لەلایەن پەرلەمانەوە، ئێستا نۆ دادوەر لە بەغدا کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەبەن و لە هەر پارێزگایەکیش دادوەرێک بۆ سەرپەرشتی کارەکانی کۆمیسیۆن دیاریکراوە.

لە هەرێمی کوردستان هەر شەش لایەنی گۆڕان، یەکگرتوو، هاوپەیمانی، کۆمەڵ، شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی ناڕازین لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەڵێن، ساختەکاری کراوە و دەنگەکانیان بۆ لایەنی دیکە ئەژمارکراون.

Back to top button