تۆمه‌تبارێك به‌ تاوانی تیرۆر خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق كاندید ده‌كات

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق له‌ چوار چێوه‌ی شه‌ركه‌تی عێراق بۆ كورد یه‌كڵا بووه‌ته‌وه‌, به‌ڵام تا ئێستا له‌ نێوان حزبه‌ كوردستانیه‌كان نه‌توانراوه‌ كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار یه‌كڵا بكرێـته‌وه‌, تاوانبارێكیش به‌ تۆمه‌تی تیرۆر بڕیاری داوه‌ خۆی كاندید بكات له‌سه‌ر پشكی كورد بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار.

سه‌لیم شوشكه‌یی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و تۆمه‌تبار به‌ تاوانی تیرۆر رایگه‌یاندووه‌:” كه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق كاندید ده‌كات و سی ڤیشی پڕكردۆته‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ ئامانجه‌كه‌شی له‌و بڕیاره‌ وتی: ” مه‌به‌ستم له‌ خۆكاندید كردنم بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ته‌نها ب ئه‌وه‌یه‌ پارتی و یه‌كێتی حساب بۆ ئێمه‌ش بكه‌ن و بێبه‌شمان نه‌كه‌ن له‌ پۆسته‌ سیادیه‌كان”
وتیشی، “وه‌ك چۆن له‌ پرسی هه‌ڵبژاردنی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا پێمان راگه‌یاندن كه‌ ئه‌و پۆسته‌ ته‌نها هی ئه‌وان نییه‌ و ئێمه‌ش هه‌ین و گرفتمان بۆ زوو یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ دروستكرد، ده‌مانه‌وێت له‌ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماریش هه‌مان په‌یامیان پێبگه‌یه‌نین، تاكو پارتی و یه‌كێتی فێربن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ رای هه‌موو فراكسیۆنه‌ كوردیه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران”.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كانی تری ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ پاڵپشتی له‌ خۆكاندیدكردنی ده‌كرێت یان نا، سه‌لیم شوشكه‌یی وتی: “په‌یوه‌ندیه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی عێراق به‌ شیعه‌ و سونه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌هۆی چوار ساڵ كاركردنی رابردوو، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی شه‌خسیه‌ و هیچ رێككه‌وتنێكمان له‌گه‌ڵیاندا نییه‌، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ كاتی ده‌نگدان له‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان، به‌ هۆی كاندید بوونی ئێمه‌ گرفت بۆ كاندیده‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی دروست ده‌بێت”.
شایه‌نی گوتنه‌, سه‌لیم شوشكه‌یی په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵ له‌ لایه‌ن دادگاوه‌ فرمانی ده‌ستگیركردنی به‌ تۆمه‌تی هاوكاری كردنی تیرۆر ب ده‌ركراوه‌.

Back to top button