زه‌مه‌نی ده‌ستوه‌ردانی ئێران له‌ كاروباری نێوخۆی هه‌رێم به‌سه‌ر چوو

چاودێرێك
 
هه‌موومان له‌ زاری سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌ گوێمان لێ بووه‌ كه‌ چه‌ند گرفت و كێشه‌یان هه‌بن، دواجار چه‌پكه‌گوڵه‌كه‌ی مام كۆیان ده‌كاته‌وه‌!، كه‌چی ئه‌وه‌تا ده‌بینین سه‌ردانی لاباڵێكی یه‌كێتییه‌كه‌ی مام بۆ تاران، له‌م دروشمه‌ به‌تاڵیان ده‌كاته‌وه‌ و نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ خۆیان ڕاده‌ستی ئه‌جێندای ئه‌فسه‌رێكی سوپای قودس كردوووه‌.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م سه‌ردانه‌ و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونه‌ی باڵی ده‌ستڕۆیشتوو، جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌ وابه‌سته‌ییی قووڵیان به‌ ئێرانه‌وه‌؛ نوێكردنه‌وه‌ی په‌یمانی له‌مێژینه‌یانه‌. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان باش ده‌زانن زه‌مه‌نی شه‌سته‌كان به‌سه‌رچووه‌ و ئێستا هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی سه‌روه‌ری و سنووری دیاریكراو و دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی و شه‌رعیی خۆیه‌تی، ده‌بێ بپرسین:
ئێران به‌ چ هێز و ئه‌جێندایه‌كه‌وه‌ ده‌یه‌وێ ده‌ست له‌ كاروباری هێزێكی سیاسیی به‌شدار له‌ حكوومه‌ت وه‌ربدات؟، ئاخر قاسم سلێمانی ئه‌فسه‌رێكی سوپای قودسه‌ و زیاتر نا، به‌ چ حه‌قێك ده‌ست له‌ كاروباری نێوخۆی یه‌كێتی وه‌ربدات و ناوچه‌ی نفوزیشی به‌ هیی ئێران بزانێ و ڕیشسپی هه‌ر خۆیان بن؟.
 
ده‌بێ خه‌ڵكی تێكۆشه‌ر و له‌خۆبردووی شاری سلێمانی كه‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ریی زۆریان له‌ شۆڕشه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستاندا هه‌بووه‌ و هه‌زاران قوربانییان بۆی داوه‌، قه‌بووڵ نه‌كه‌ن وڵاتێكی دراوسێ كه‌ی و چۆنی ویست شار و ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان بۆ مه‌به‌ستی خۆیان به‌ كار بێنن؛ ده‌بێ له‌ لاباڵه‌كه‌ی یه‌كێتی بپرسنه‌وه‌ و ڕێی خۆراده‌ستكردنیان لێ بگرن.
 
ڕاسته‌ كه‌ وڵاتان پێوه‌ندیی هاوسه‌نگ و فه‌رمی و به‌گوێره‌ی یاساكانی نێوده‌وڵه‌تییان له‌گه‌ڵ یه‌كدیدا هه‌یه‌، به‌ڵام پێوه‌ندیێك نا له‌ ڕێی ئه‌فسه‌رێكه‌وه‌ بێ كه‌ سلێمانی و ده‌وروبه‌ریشی به‌ به‌شێك له‌ كۆماره‌ ئیسلامییه‌كه‌ی ده‌زانێ!، پێوه‌ندیێك نا وه‌ك ئه‌وه‌ی باڵه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كه‌ی یه‌كێتی له‌ پێناو زاڵبوون ملكه‌چكردنی باڵی ناوه‌ندی بڕیاردا بینای كردووه‌. كه‌سیش نییه‌ نه‌یزانێ ئه‌مه‌ خیانه‌ته‌ ئه‌و باڵه‌ی یه‌كێتی له‌ گه‌ل و نیشتیمان و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆیشیان ده‌یكا.
ئێستا هه‌رێمی كوردستان سنوور و سه‌روه‌ری و هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌یه‌، دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌یه‌، پێوه‌ندیی به‌هێز و یاسایی و نه‌ریتی له‌گه‌ڵ وڵاتاندا هه‌یه‌ و هاوسه‌نگیی خۆی پاراستووه‌، بۆیه‌ چیی دی ڕێ نادات ئێران یان هه‌ر وڵاتێكی دی، سیاسه‌ت و ئه‌جێندای خۆی به‌سه‌ر به‌شێك له‌ سیاسییه‌كاندا بسه‌پێنێ. لێمان ڕوونه‌ و كاتی ئه‌وه‌ به‌سه‌ر چووه‌ ئیدی ئێران به‌ ویستی خۆی ده‌ست له‌ كاروباری كوردستان وه‌ربدات، كاتی ئه‌وه‌ش به‌سه‌رچووه‌ هه‌ر تاقم و گرووپێك له‌ نێو حزبێكی سیاسیی هه‌رێمی كوردستاندا وابه‌سته‌یی خۆی و جاشایه‌تی بۆ ئێران و غه‌یری ئێرانیش بره‌و پێ بدات.
Back to top button