بارزانی چۆن چووە بەغداد؟
ئەردەڵان هەڵەبجەیی
دوای هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق،هەوڵەكان چڕ كرانەوە بۆ دروستكردنی حكومەتی نوێ و هەر لایەنێكیش لە هەوڵی وەدەست خستنی بەرژەوەندی حزبی و تەنانەت كەسیش بوو،پارتی وەك هێزی یەكەمی هەڵبژاردن پێش چونە بەغداد داوای پێكەوە كاركردنی كرد و بۆ ئەو مەبەستە پاكێجێكی گشتگیری ئامادەكرد و لە بری پۆست تەئكیدی لە دەستەبەركردنی مافە نەتەوەییەكان كردەوە،لێ هەندێك لایەن بە نهێنی لە پێش هەولێر ڕێگای بەغدادیان گرتە بەر و پێیان وابوو بەو كارە دوو ئامانج دەپێكن كە بریتی بوو لە خۆبێبەری كردن لە ڕیفراندۆم لە پێناو وەرگرتنی پۆست و لاواز كردنی پێگەی كورد ئەوەش لە پێناو شكاندنی پێگەی هەولێر وەك ناوەندی سیاسی گەلی كورد،ئەو هێزو سیاسیانە ڕەنگە توانیبێتیان پۆستێك بە سەركزی وەربگرن بەڵام لە پرسی لاواز نیشاندانی هەولێرو شكاندنی،بە ئەندازەك خۆیان بچوك كردەوە كە لە مێژودا شكان و لاوازی وا وێنەی نەبووە.
گەرچی سەرەتا وێنەی ئەو لاوازی و شكاندنەیان زۆر ڕون نەبوو،بەڵام دوای سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغداد وێنەكە بە تەواوی ڕون بوەوە و تێگەیشتن ئامادەبوونی بارزانی لە بەغداد جگە لە نیشاندانی گەورەیی و كاریگەری خۆی وەك ڕابەرو مەرجەعی گەلی كورد،ئەو فۆرمە حیزب و سیاسیە هەڵپەكەرانەشی هێند بچوك كردەوە كە ڕۆژێك بە بیریاندا نەدەهات بەو چەشنە تا ئاستی ونبوون بچوك ببنەوە.
بارزانی وەك سەرۆكی حزبێك هێند بە ئاستێکی بەرز پێشوازی لێکرا جگە نیگەرانی کاڵفامانی ناوخۆی هەرێم،بوە هۆی هاوارلێبەرز بونەوەی هەندێک لە دژبەران و هەندێکی دیکەش ناچاربوون لە بڕیاری دادگایی کردنی بارزانیەوە بڕیاری پێشوازی کردن لە بارزانی بدەن و بگەنە ئەو باوەڕەی دژایەتی کردنی ئەو سەرکردە جگە لە دۆڕانێکی پێشوەخت هیچ دەرئەنجامێکی نابێت.
دواجار چونی هەر سیاسیەک بۆ بەغداد بەناوی گەلی کوردەوە،نە قەدەغەکراوەو نە ڕێلێگیراو،لێ ئەو نوێنەرایەتی کردنە بۆ کەسایەتیەکی گەورەو کاریگەری وەک بارزانیە کە لەگەڵ پێیەکانی خستە بەغداد،بەغداد بلەرزێت،چون بێت بۆ داخوازی نەتەوەیەک.
نەک بۆ سیاسیەکی ڕقکردوی شەیدای پۆست،کە جگە خۆی ببێتە خاڵی لاوازی گەلێک کە سەدان ساڵە بۆ ئازادی تێدەکۆشێت نەک وەرگرتنی پۆست و مادە.