پێشمەرگە رێگا لە داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان دەگیرێت لە لایەن توركیا
یاد سرێشمەیی
دوای ئەوەی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان كەلكی لە ئالۆزیەكانی خۆپیشاندان دژ بە رژێمی ئەسەد و داگیركاریەكەی داعش لە چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا وەرگرت و لە رۆژئاوا بە ناوی خۆسەری دیموكراتی بە هەماهەنگی لەگەڵ رژێم و بە پاڵپشتی راستەوخۆی پەكەكە چەند كانتۆنێكیان دامەزراند, ئیدارەی رۆژئاوا لە تێگەیشتنێكی سەربازیەوە هاتە ئاوا بوون بۆیە هەرزوو لە رێگای (یەپەگە- یەپەژە) باڵی سەربازی پەیەدە جۆرێك لە قۆرغكردنی دەسەڵات و پیادەكردنی سەربازی زۆرە مڵێ و دژایەتی كردنی پارت و گرووپە سیاسەكانی دیكە بینرا كە تا ئەمڕۆش ئامادەی هەیە, زۆرێك لە سەركردە سیاسەكانی پارتەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان لە زیندانەكانی پەیەدەن.
چوارساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە دەمێكدا رۆژئاوا لەژێر فشاری توندی گرووپی توندئاژۆی داعش دابوو, بەشێكی زۆری خاكی رۆژئاوا داگیركرا, داگیركاریەكە و ئاستی رووبەروونەوەكان لە نێوان (داعش-یەپەگە و یەپەژە) لە لایەك و (داعش- سوپای سوریا) بە جۆرێك بوو لە بەرژەوەندی داعش دەشكایەوە, بۆیە هەرێمی كوردستان بڕیاری هاوكاری كردنی رۆژئاوا چ لە رووی لۆجستی چ لە رووی مەشقپێكردنی كوران و كچانی رۆژئاوا ئامادەی خۆیی پیشاندا, لە دەمێكی كورت هێزێك زیاتر 500 كەس بە ناوی” پێشمەرگەی رۆژ” لە فێرگەكانی باشووری كوردستان مەشقیان بینی و ئامادەكران بۆ رێگری لە داگیركاری رۆژئاوا و هاوكاری كردنی یەپەگە.
خواستی دەسەڵات لە لایەن پەیەدە بە رێنوێنی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان, رێگای بە گەڕانەوەی ئەو هێزە نەدا بۆ رۆژئاوا, تەنانەت وەك بابەتێكی سیاسی لێكدرایەوە لە كاتێكدا رۆژئاوا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت پێویستی بەو هێزە هەیە, بە مانایەكی دیكە بە ڕێگادان بە گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ, دەرفەت لەبەردەم هێزە هەرێمیەكان و داعش بچووك دەبوویەوە كە دەست بۆ رۆژئاوای كوردستان درێژ بكەن, لانی كەم داگیركاریەكەی عەفرین رووی نەدەدا.
ئێستا توركیا بیانووی داگیركاری لە رۆژئاوا بوونی پەكەكە یە, رۆچوونی پەكەكە بۆ نێودەسەڵاتی پەیەدە هیچ مانایەكی بۆ جیاوازی نێوان یەپەگە و پەكەكە نەهێشتۆتە, بیانووەكەی توركیا بۆ جیهان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە رێژەیەكی زۆر لە مەعقوڵدەچێت, ئاخر بەشێكی عەفرین داگیركرابوو, لە بەشەكەی دیكەی بە بەرزكردنەوەی وێنەی عەبدولا ئۆج ئالان دژایەتی و تووڕەیی خەڵكیان دژ بە داگیركاریەكەی توركیا نیشان دەدا, لە كاتێكدا توركیا بە بڕشتر هەنگاوی دەنا بۆ رووبەڕوونەوەی ئەو ئایدۆلۆژیایەی پەیەدە كە لە هەناوی پەكەكەدا لە دایك بووە.
هەنوكەش توركیا بەردەوامە لە هەڕەشەكردن لە رۆژئاوای كوردستان, لەسەر هەمان بیانووی پێشوتر كە پەیەدەو باڵە سەربازیەكانی بە بەشێك لە پەكەكە دەزانێت, بە مانەوەی ئەو هێزانە لە ناوچەی سێرەی توركیان مەترسی هاوشێوەی چارەنووسی عەفرین دەخاتە سەر ئەو ناوچانە, هەڵبەت ئەمریكا ئەو راستیە باش دەزانێت, دەشزانێت هیچ چارەسەرێكی بۆ بیانوو بڕكردنی توركیای نیە, بەو پێكهاتەیەی ئێستا حوكمی ناوچەكەدەكەن بە تەنها پێشمەرگەی رۆژ دەتوانن بیانووی توركیا ببڕن, بۆیە بانگی دانیشتنی یەپەگە و پێشمەرگەی رۆژی كرد, بە ناڕەزایەتی بەردەوامی (یەپەگە و هەسەدە) دژ بە گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ, ئەمریكا هۆشداری مەترسی گەورەی بە پەیەدە داوە.
ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا دا, كشانەوەی ئەمریكا كۆمەڵێك مەترسی دیكە سەرباری ئەو مەترسیانە دەكات كە لەسەر رۆژئاوای كوردستانن, چونكە هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشكانی توركیا لە رۆژهەڵاتی فورات, تەنها چارەسەری دۆخی رۆژ ئاوا گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژە بۆ رۆژئاوای كوردستان بەمەش دەتوانرێت توركیا بیانوو بڕبكرێت, لە ئەگەری هەر هێڕشێك هێزێكی تۆكمە لە تەك هەسەدە بۆ بەرگری كردن لە رۆژئاوای كوردستان ئامادەییە.