میلیشیایکی عێراقی: بەهیچ شێوەیەک پابەندی سزاکانی سەر ئێران نابین

سەرکردەیەکی میلیشیایەکی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی بەهیچ شێوەیەک پابەندی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێران، نابێت.

حەسەن سالم، پەرلەمانتاری عێراق و سەرکردەیەکی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کەعێراق پەیوەندیی عەقیدەیی و بیروباوەڕی لەگەڵ ئێران هەیە.

حەسەن سالم هەروەها رایگەیاندووە، کەبەهیچ شێوەیەک پابەندی سزاکانیئەمریکا بەسەر ئێران نەبوون و نابن.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.

Back to top button