شارێكی پارێزگای لوڕستان بە تەواوی ژێر ئاو کەوت
لافاو زیانی بە دەیان ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەیەنێت و شارێك لە سنووری پارێزگای لوڕستانیش بە تەواوی ژێر ئاو کەوتووە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان باری نائاسایی لوڕستان درێژەی هەیە و سەرجەم شەقامەکانی ئەو پارێزگایەش بەهۆی لافاوەوە داخراون و رێگەیەک بۆ دەرچوونی خەڵکەکەی نەماوە.
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، تا ئێستا بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە، زیان بە 400 شار و شارۆچکەی 15 پارێزگای ئەو وڵاتە گەیشتووە و 46 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەکی دیکەوەی پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان مەترسیی ژێر ئاوکەوتنی هەیە و بەرپرسانیش داوایان لە دانیشتوانی زۆربەی ناوچەکانی ئەو پارێزگایە کردووە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، چونکە ئاستی دوو رووباری ئەو ناوچەیە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و دەیان پرد و رێگای سەر رووبارەکان رووخاون.
بەپێی تۆماری ڤیدیۆیی و وێنەکانی ئەو ناوچەیە, گومان دەکرێت ئاستی زیانە گیانی و مادییەکان زۆرتربن و شارۆچکەی مەعلومان لەو پارێزگایە بە تەواوەتی ژێر ئاو کەوتووە و هێزەکانی فریاگوزاریی تەنها لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە دەتوانن فریای خەڵکەکە بکەون.
عەبدولڕەزا رەحمانی، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە: “تەنها بەهۆی لافاوی دوێنێوە نزیکەی 84 پرد رووخاون و 141 رووبار ئاوەکانیان بەرزبووەتەوە و 409 حاڵەتی رۆچوون و هەرەسی زەوی و شاخ و کێوەکان روویداوە”.
هاوکات رێگای دوو هەزار و 199 گوند بە تەواوەتی لەناوچووە و تا ئێستا توانراوە تەنها 60 هەزار کەس لەلایەن هێزە فریاگوزارییەکانەوە رزگار بکرێن و شوێنی پارێزراویان بۆ دابین بکرێت.