خوینی کورد‌و ، کانیاوی ئاشتی
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن
ڕه‌وشی قه‌یراناویی و ناکۆکی و ململانێ ناوچه‌ی و جیهانیه‌کان ، جه‌وهه‌ری ئاڵوگۆڕه‌کانی به‌جۆریک مانه‌فیست کردوه که له‌گه‌ڵیدا هاوته‌ریب و به‌رده‌وام بێت . جه‌هانگیری و کاڵکردنه‌وه‌ی سنوره‌کان که‌ئامانج تیایدا دروستکردنی بازاڕێکی یه‌کگرتوی جیهانی بوو به‌سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا ، زه‌مینه‌ی تاک جه‌مسه‌ری به‌جۆرێک خولقاندبوو که کۆی جیهان وابه‌سته‌و خافڵگیری ئه‌مریکا بێت ، دواتریش په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ، هه‌وڵه‌کانی سرینه‌وه‌ی پێکدادانی که‌لتوری که ( هنگتن ) به‌مه‌ترسی بوسه‌ر ئه‌مریکای ده‌زانی ، به‌شه‌ریه‌تی به‌جورێک جوڵاند ، که‌هێزه جیهانی و میحوه‌رییه‌کان ڕێگه له‌و ته‌وژمه ئه‌مریکیه بگر‌ن که‌ساڵانێکه به‌ناوی جه‌نگی دژه‌تیرورو دیموکراتیزه‌کردنی سیسته‌مه‌کانه‌وه په‌یامی جوراوجۆر ده‌رخواردی به‌شه‌ریه‌ت و ڕوژهه‌لاتی ناوین ده‌دات.
گه‌شه‌ی خێرای ئابوری چین و ، ئاماده‌یی مه‌یدانی ڕوسیا له‌ناوچه‌که‌و ، ده‌رپه‌ڕینی ئێرانیه‌کان بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی و ، داگیرکردنی ناوچه‌ی حه‌یه‌وی ، پرسی تاکجه‌مسه‌ری ئه‌مریکای کرد به‌خه‌ونێکی نه‌بینراو و ، تورکیای دۆستیشی گه‌ڕانده‌وه بۆ کوانوی میراتی قه‌ڵه‌مڕه‌وه مێژووییه‌کانی . دیاره له‌ڕه‌وتی ئه‌م گوڕانکاریانه‌شدا ، کاتێک تورکیا له‌جه‌نگی تیروردا ده‌بێت به‌هێلانه‌ی هه‌لهینانی داعش و ، کوردیش له‌هه‌دوپارچه‌ی ڕۆژئاوا‌و باشوور ده‌بنه براوه‌ی جه‌نگ و ، سنور‌و خاکی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان که‌ناوچه‌ی پڕخێرو گرنگ و حه‌یه‌ویه ده‌که‌وێته ده‌ستیان ، ئه‌وا سوڵتان هه‌ست به‌خاڵه لاوازه‌کانی به‌جه‌مسه‌ربونی وڵاته‌که‌ی ده‌کات ، بۆیه هه‌رچی جڕوجانه‌وه‌رو مرۆڤکوژه به‌ناوی ( له‌شکری محه‌مه‌ده ) وه کۆیانده‌کاته‌وه‌و ، هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی گه‌لێک ده‌دات و ، ده‌یه‌وێت ناوچه‌یه‌کی فراوانی حه‌یه‌وی بخاته بن ده‌ستی ئه‌و خه‌لافه‌ته‌ی که‌دوای شکستی به‌غدادی ، ئه‌ردوگان نماینده‌ی ده‌کات .
به‌یان نامه‌که‌ی ( هه‌سه‌ده ) که‌به‌بی هیچ ناوه‌رۆکێک ، گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌شکری عه‌له‌وی بۆ سنوری خۆسه‌ری دیموکراتی ڕاگه‌یاند ، ئاماژه‌ی به ( ١١٠٠٠ ) شه‌هیدو برینداربوونی زیاتر له ( ٢٤٠٠٠ ) شه‌رڤان کرد ، که‌له‌شه‌ڕی تاریک په‌رستاندا ڕۆحیان به‌ڕوناکی به‌خشیوه ، ئاخر کاره‌ساتی ڕۆژئاوا ئه‌وه‌بوو که تاکڕه‌وی په‌که‌که بواری نه‌دا له‌ته‌مه‌نی خۆسه‌ری دیموکراتیدا ، سه‌رجه‌م ڕۆله‌کانی رۆژئاوا له‌سایه‌ی ئه‌و خوینه‌ی بۆ ئازادی به‌خشیان ، موماره‌سه‌ی دیموکراسیانه‌ی سیاسی بکه‌ن ، که‌دواجار بوو به‌گه‌وره‌ترین خاڵی لاوازی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کوردی له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستاندا . له‌وه‌ش زیاتر غیابی په‌که‌که له مه‌شهه‌دی ئوپراسیۆنه سه‌ربازیه‌که‌ی ( کانی ئاشتی ، که‌به‌خوینی شه‌ر‌ڤانان ته‌قیبوو ) سه‌لماندی که به‌ئاگا بووه له‌پیلانی کۆبونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو هێزه ناکۆکه ( ئه‌مریکاو روسیا و ئیران و تورکیا‌و سوریا ) بۆسه‌ربڕینی رۆژئاوای کوردستان .
هه‌رچه‌نده کۆی ئاڵوگوڕه‌کانی ناوچه‌که‌و به‌تایبه‌تی دوا ته‌سعیدی عه‌سکه‌ری دژی ڕوژئاوا له‌ژێر هه‌ژموونی بڕیاره موخابه‌راتیه‌کاندا به‌ڕێوه‌ده‌چن ، به‌ڵام ده‌توانین له‌پێدراوه‌کانه‌وه خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکه‌ین ، به‌داخه‌وه کورد له‌کۆی پێدراوه‌کانی دوای ئۆپراسیۆندا خه‌ساره‌تمه‌ندی یه‌که‌مه‌و ، ئه‌وه‌ی له‌و به‌شه‌ی کوردستاندا هه‌بوو که‌به‌ره‌غمی که‌می و کورتی و ڕه‌خنه‌کانمان ، مه‌سنه‌دێکیش بوو بۆ باشوور له‌ده‌ست چوو، لێ تورکه‌کانیش جگه‌له‌وه‌ی به‌ده‌ستکه‌وتی که‌متر له‌ڕێکه‌وتنی ( ئه‌ده‌نه ) که ئه‌سکه‌نده‌رونه‌ی له‌نه‌خشه‌ی سوریا دابڕی رازی نابن ، ئه‌وا له‌و که‌لێنه سنوریه‌ش قوتار بوون که‌مه‌زاجی سوڵتانی نائارام ده‌کرد . هه‌رچی ڕوسه‌کانیشه ئه‌و ئامانجه‌یان پێکا که‌سوریایه‌کی یه‌کگرتوو ته‌سلیمی به‌شار ئه‌سه‌د بکه‌نه‌وه و ، له‌م نێوه‌نده‌شدا ئه‌وه‌ی نادیاره ، به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکایه له‌پرۆسه‌که‌دا ، بۆیه یان ده‌بێت به‌و شکسته ڕازی بێت و ، ترامپ وه‌ک ورچ گازله برینی فه‌شه‌لی خوی بگرێت ، یان له ناوچه‌که‌دا له‌ژیر چه‌تری بیده‌نگی ڕوسیادا ، موعجیزه‌ی تر ده‌خولقێت .
له‌کاتێکدا ( مه‌زڵوم کۆبانی) له‌دوای ڕێکه‌وتنه‌که ، به‌ڕای گشتی ووت ، له‌نێوان نه‌مان و سازشدا ئێمه سازشمان هه‌ڵبژارد ، ئه‌وا لێدوانه‌که‌ی مه‌زڵوم جگه‌له‌وه‌ی ده‌لیلی مه‌زڵومیه‌تی گه‌لێک بوو ، زۆریش ڕاستگویانه بوو ، به‌لام ئه‌وه‌ی جیگه‌ی شه‌رم و هه‌ڵوه‌سته‌یه ، ئه‌و ژاوه‌ژاوه بوو که‌له کۆشکی کۆماری عێراقه‌وه بۆگه‌وره‌کردنی ڕۆڵی نێوه‌ندگیری سه‌رۆک کۆمار بیستمان ، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی کۆی ڕێکه‌وتنه‌که ( زوڵم نامه ) یه‌کی مێژوویی و نه‌ته‌وه‌ییه ، که‌خاوه‌نه‌که‌ی پێیده‌ڵێت سازش ، نه‌وه‌کو به‌رهه‌مێک بۆ شانازی .