له‌سه‌ر فه‌رمانى مه‌سرور بارزانى لەمەودوا پڕۆژەی وەبەرھێنان لە گوندە دوورەدەستەكانیش جێبەجێ دەكرێن

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند ، نەخشەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان ئامادە دەكرێت و لەمەودوا بە گوێرەی پێداویستیی ھەر ناوچەیەك، مۆڵەت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرھێنان دەدرێت، چونكە تا ئێستا وەبەرھێنەر خۆی پڕۆپۆزەڵی دەنارد بۆ حكوومەت، بەڵام لەمەودوا حكوومەت خۆی زەویی پێویست ئامادە دەكات بۆ ئەو شوێنانەی پێویستیان بە پڕۆژەی وەبەرھێنان ھەیە، بە تەنیا لە سەنتەری شارەكانیش پڕۆژەی وەبەرھێنان ئەنجام نادرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر  راشیده‌گه‌ێنێت ، ئێمە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان، لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای ھەولێر كۆبووینەتەوە، تا پێداویستیی ھەموو ناوچەكان لە ڕووی ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنانەوە دیاری بكرێن، ھەتا لە گوندە دوورەدەستەكانیش بێت.

سامان عارەب ده‌شڵێت ، ھەموو ئەو پڕۆژانەی پێویستن، بەرز دەكرێنەوە و دەخرێنە بەردەم حكوومەت بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە مۆڵەت بە وەبەرھێنەر بدرێت، بۆ نموونە قەزایەكی وەك چۆمان كە ناوچەیەكی سنوورییە، پێویستی بە پڕۆژەی پیشەسازیی خۆراك و چەند كەرتێكی دیكەیە، قایمقامیش بە نووسراو بۆ ئێمەی دەنێرێت و ئێمەیش دوای پێداچوونەوە دەیدەینە وەبەرھێنەران بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە.

Back to top button