ئایا ئێران قاسم سولەیمانی و ئەبومھدی مەھندیسی فرۆشت

ئەگەر ئێران بە قەبارەی کوژرانی قاسم سلێمانی و ابومھدی مھندس وەڵامی بۆ ئەمەریکا نەبێ، ئەوا دەتوانین بڵێین کە کوژرانی ئەو دوو سەرکردەیە لەئەنجامی رێکەوتنی پشتی پەردەی نێوان ئەمەریکا و ئێران بووە.

لەماوەی رابردودا چەند ئاژانسێک باسیان لەوە دەکرد کە خامەنەیی دۆسیەی سیاسی ناوچەکەی لە قاسم سلێمانی وەرگرتۆتەوە و بە محمد کەوسەرانی سپاردووە، خامەنەیی تەنھا دۆسیەی سەربازی لەدەستی قاسم سلێمانی ھئستۆتەوە.

گۆمان دەکرێ ئەو ئۆپەراسیۆنە دوای رێککەوتنێکی ژێربەژێری نێوان ئەمەریکا و ئێران بێت کە بەمەرجی کشانەوەی ئێران لە ناوچەکە ئەمەریکا جۆرێک لە چاوپۆشی و نەرمی بەرامبەر ئێران بنوێنێت بە تایبەت لەروی گورزی سەربازی و کەمکردنەوەی کاریگەری سزاکان بۆ سەر ئێران.

ماوەی چەند مانگێکە ھەردوو حکومەتی عێراق و لوبنان ھەڵوەشاوەتەوە، ئەمەریکا نەیتوانیوە حکومەتێک لەو دوو وڵاتە دروست بکات، دیارە ئەوەش بەھۆی ھەڕەشە و گوشار و دەستێوەردان و نفوزی بەھێزی قاسم سلێمانیەوە بووە، ئەو بۆتە رێگر لەجێبەجێکردنی رێکەوتنە نھێنیەکەی نێوان ئێران و ئەمەریکا کە خامەنەیی ئەرکی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی بە کەوسەرانی سپاردووە و قاسم سلێمانیش رێگر بووە.

ئەگەر بەوردی سەیری ئۆپەراسیۆنی بەئامانجکردنەکەی قاسم سلێمانی بکەین کە بەو خێراییە و بەو وردیە ئەنجام درا، گومانی ئەوە زیاتر دەبێ کە قاسم سلێمانی و مھدی مھندس فرۆشرابن و کرابنە قۆچی قوربانی. لەوانەشە ئێران بەجۆرێک لە جۆرەکان وەڵامی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیەی ئەمەریکا بداتەوە بەڵام لەوانەیە وەڵامەکە راستەوخۆ بۆ سەر ئەمەریکا نەبێ بەڵکو بۆ سەر ھاوپەیمانەکانی بێت!

با بینەری روداوەکان بین بزانین ئەو گومانە دەبێتە راستی یاخود پێچەوانەکەی راستە!

Back to top button