خوێندنی ئەلیكترۆنی… تاكە ڤاكسینی پەروەردەیی لەدژی كۆرۆنا
(جی كەی شیسترتۆن) كە نووسەرێكی بەریتانییە لەمیانی وتەیەكیدا بایەخی فێركردن دەخاتەڕوو كە بریتیە لە ڕوحی كۆمەڵگا كە لە نەوەیەكەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەویەكی دیكە، بۆیە لەهەموو كۆمەڵگایەكدا ئەركی تێكڕای پەروەردەكاران و بڕیار دەرانە وابكەن ئەو ڕوحە بەپاكی و بێخەوشی بۆ نەوەكانی دواتر دەستاو دەست بكاو هزر و بیرو مێشكیان پڕ لە زانست و زانیاری بكرێت و وانەكانی هەموو بابەتەكان بە تەواوی لێی فێرببن و وەریبگرن.
فێركردنی لەدوورەوە لە ئێستادا بووەتە پێویستییەكی هەنووكەیی و بە تایبەتی لە كاتی بوونی نەخۆشی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس بەو پێیەی لەیەك دووركەوتنەوەی تاكەكان هۆكارێكە بۆ بڵاونەبوونەوە و تەشەنە نەكردنی، بەمهۆیەشەوە ئەو رێگایەی فێركردن لە سەردەمێكی زووەوە داهێنراوە و پەیڕوكراوە.
هەرچەندە بە ڕای شارەزایان, خوێندنی ئەلیكترۆنی لە دوورەوە جێگرەوەیەكی باش نەبوو, بۆ خوێندنی ناو پۆل، بەڵام ئەم ڕێگاچارەیە دۆزرایەوە بۆ دوورنەكەوتنەوەی قوتابی بە شێوەیەكی یەكجاری لە خوێندن دانەبڕێ و ساڵێكی خوێندنی لە كێس نەچێت لە دواڕۆژی خۆی بێئومێد و راڕا نەبێت. بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئامانجەی خوێندنی ئەلیكترۆنی هاندانی قوتابیان دایبابان بۆ مندالەكانیان زۆر پێویستە و پێویستە لەسەر مامۆستایان و دایكان و باوكان قوتابیان زیاتر هان بدەن بۆ زیاتر بەشداریكردنیان لە وەرگرتنی وانەی بابەتەكانیان لە رێگای (ڤایبەر, واتسئاپ, پلاتفۆرم و تەلەڤزیۆنی پەروەردەیی وەزارەتی پەروەردە) و مامۆستایان لە ڕێگەی گروپ بەردەوام بەدواداچوون بكەن.
لەجیهاندا بەر لە ساڵانی زووەوە بۆ دەستبەركردنی خوێندن بۆ كەسانی بەتەمەن و رەخساندنی فێربوون بۆ ئەوانەی كە كاتیان نەبووە لە هۆڵەكانی خوێندن ئامادە بن پەنا بۆ خوێندنی لەدوورەوە بردراوە.
لە ساڵی 1892 لە زانكۆی شیكاگۆ یەكەم كارگێڕی سەربەخۆی فێركردن لە رێگەی نامەگۆڕینەوە، بەوە بووە یەكەمین زانكۆ لەسەر ئاستی جیهان كە پشت بە خوێندنی لەدوورەوە ببەستێت. ئەوسا دەرفەتی درێژەدان بە خوێندنی بۆ قوتابیانی بە تەمەن رەخساند و هەستی بەرپرسیارەتی لەبەرامبەر فێربوونی لەلایاندا دروستكرد… دەگوترێ كە لەو سەردەمەدا قوتابیان ئەرك و وانەكانیان بە پۆستە بۆ مامۆستاكانیان دەنارد و نووسینەكانیان راست دەكرایەوە و نمرەی لەسەر دادەنرا و بۆ قوتابییەكان دەنێردرایەوە. لە ساڵی 1970 لە زانكۆی كراوەدا تەكنیكی وەكو تەلەڤزیۆن و رادیۆ و كاسێتی ڤیدیۆ لە فێركردندا بەكارهات، لەچوار دەیەی كۆتایییشدا چوار زانكۆ لە ئەوروپا دامەزران و زیاتر لە بیست زانكۆش لەسەرانسەری جیهان كاریان بە شێوازی خوێندنی لەدوورەوە كرد و زانكۆی (NYSE) وەكو یەكەمین زانكۆی كراوە لە ئەمریكادا هەژمار دەكرێ كە لەسەر خواستی قوتابیان كار بۆ فەراهەمكردنی خوێندنی باڵای بە شێوازە لەدوورەوە بكات. لە ساڵی 1999 پەروەردەی تەلەڤزیۆنی خولەكانی خۆی لە رێگەی تەلەڤزیۆنەوە بەڕێوە دەبرد كە(tele courses) كە سەركەوتووترین شێواز بوو زانكۆ كراوەكانی بەریتانیا بەكاریان هێنابێت، بە تایبەت ئەوەی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەناوی (The United States Open University) دامەزرا.
پێشتر لە ساڵی 1956 لە شیكاگۆ كۆلیژەكانی جڤاك بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ چەند كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی و فێركاری، خزمەتگوزاری فێركردنیان تاقیكردەوە. لە كۆتایی ساڵانی 1980ش خوێندنی لەدوورەوە پێشكەوتنێكی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی ئەویش بە بەكارهێنانی فیلمی ڤیدیۆی فێركاری و بەوەش تەكنۆلۆژیای نوێ توانی رێگای فێربوون لەنێوان قوتابی و مامۆستایاندا كورت بكاتەوە و هەردوولا گوێبیستی یەكتری بن، ئەمەو دواتریش لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و پەیوەندییە ئەلیكترۆنییەكاندا، خوێندنی لەدوورەوە بۆ خوێندن لە ڕێگەی كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت گۆڕدرا كە لە شێوەی شۆڕش لەبواری تەكنۆلۆژیای زانیاریدا بەرجەستە بوو.
پاش ئەوەی كۆرۆنا جیهانی داگرت و هێزی ئەوەی گرتە دەست تاكو لەسەر هەموو ئاست و كایەكاندا وڵاتان ناچار بە گۆڕانكاری ریشەیی بكا و بواری پەروەردە و فێركردنیش یەك لەو بوارانە بوو كە كەوتە ژێر ئەو كاریگەرییەدا, لەمیانی ئەو گۆڕانكارییانەی پەروەردە بەخۆیەوەی سەرهەڵدانی شێوازی نوێی بەدەستهێنانی زانیاری بوو… بەوەش فێربوونی ئەلیكترۆنی بووە دیاردەیەكی ئەكادیمی كە لەدەرەنجامی ئەو پەتایەی كۆڤید نۆزدەدا گەشەی كرد.
لەگەڵ ئەوەی كە قوتابخانە وەكو شوێنگە و لایەنی مەعنەوی بوارێكی پەروەردەیی فراوان لەژیانی نەوەكاندا پێكدەهێنێت، قوتابخانە بەو شوێنە ناوزەد دەكرێ كە قوتابی لەگەڵ هاوڕێ و هاوتەمەنەكانی رەفتار و هەڵسوكەوت دەكات كە لەڕووی رۆشنبیری و بایەخدانەكانیان هاوشێوەن، ئەوە هۆكارێكە بۆ دروستبوونی كەسایەتی قوتابی و سەرەڕای هەڵسوكەوتی لەگەڵ مامۆستا وەكو سەرچاوەی زانیاری یان رێگای بەدەست هێنانی زانیاری كە ئەوەش ئاسەوار و كاریگەری بەسەر كەسایەتی منداڵدا جێدەهێڵێت.
سەبارەت بە گرینگی و ئامادەیی قوتابی لە قوتابخانەدا, زانایانی وەكو (ئانا فروید) و (دەروونناسی بەریتانی (جۆن بۆلبی) باسیان لەو بابەتە كردووە، و هەروەها زانای ئەنسروپۆلۆژیا لە زانكۆی كالیفۆرنیا (سارە بلافەر هێردی) سەبارەت بە خوێندنی لەدوورەوە وەكو جێگرەوەیەك بۆ خوێندنی نێو هۆبە دەڵێت: (نازانین كەرەنتینەكردنی منداڵ لەنێو ماڵدا چجۆرە كاریگەرەیەك بەسەر منداڵدا دەكات، ئەو جۆرە تاقیكردنەوە سەختە هێشتا كاری لەسەر دەكرێ و دەرەنجامەكانی روون نەبووەتەوە). ئەو درێژە بە قسەكانی دەدا و دەڵێت:(منداڵ لەكاتی كەرەنتینەكردن و بەبێ بوونی هاوڕێ و یاریكردن لەوانەیە چەندین ئاسەواری هەبێت، بەڵام بۆ زانینی ئەوە بەشێوەیەكی زانستی زۆركەم توێژینەوە كراون)… بێگومان منداڵەكان دەكەونە ژێر كاریگەری ئەو دۆخە, چونكە باوانیان و تێكڕای كۆمەڵگاش گیرۆدەی دۆخی كۆرۆنان.
سەبارەت بەهەمان بابەت، (جێمس كوان) مامۆستای بواری دەروونناسی لە زانكۆی فیرجینیا بۆچوونی خۆی وەها دەخاتەڕوو كە هەڵسوكەوتی نێو قوتابخانە و یاریكردنی منداڵ كاریگەرییەكی زۆری هەیە و كاردانەوەی بەسەر ئاستی فێربوونیان هەیە)، بۆیە لە بارودۆخی تەشەنەكردن و زۆربوونی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و بەدەر لە زیانەكان باس لە سوودەكانی بەكارهێنانی موبایل و تابلێتیش دەكرێ كە دەبێتە هۆكارێك بۆ بوونی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان قوتابی و مامۆستا هەروەها زانیارییەكان بەشێوەیەكی بەردەوام نۆژەن ئاپدەیت دەبنەوە. ئەوە بێجگە لە بەهەدەرچوونی پارەیەكی زۆری دەوڵەت لە خەرجكردنی بۆ چاپكردنی پەرتووك و میتۆدەكانی خوێندن و لێنووس و پەڕاو و پێنووس و كەڵوپەڵ و پێداویستیەكانی نێو پۆل …هتد
(جۆن دێوی) پەروەردەكار و فەیلەسوفی ئەمریكی كە جێپەنجەی بە سیستەمی فێركردنی نەتەوە یەگرتووەكانی ئەمریكا وە دیارە و ڕۆلی هەبوو لە دانانی فەلسەفەی پەروەردەی لەو ولاتەدا گوتوویەتی :- (فێركردن پەیڕەوێكی كۆمەلایەتییە, فێركردن گەشەسەندنە, فێركردن ئامادەكاری نیە بۆ ژیان… فێركردن خودی ژیانە)، لێرەدا ئەگەر دەستەواژەی (فێركردن پە یڕەوێكی كۆمەڵایەتییە) و مەبەست لێی ئاویتەیی و تێكەڵبوون هۆكارە, بۆ دروست بوونی پەیوەندی لە نێوان قوتابی و قوتابخانە وەك خێزانێك بێت, ئەوە لێرەدا لە میانەی گۆڕانكاری و ئەپدەیتی نەخوازراوی سەردەمی كۆڕۆنا بە شێوەیەكی چڕتر لەوەی پێشوو پەنا بۆ خوێندنی لە دورەوە براوە, بۆ ئەوەی ئەو بژاردەیە هەڵگری خەسڵەتەكانی نیمچە واقعی بێت ناوی (فێركردنی ئەلیكترۆنی كۆمەلایەتی) لێنراوە هاوشێوەی سۆشیال میدیا و ماڵپەرە كۆمەڵایەتییەكانی وەكو (فەیسبووك، ئانستاگرام، تویتەر…هتد) بەڵام ئەوەی پەروەردەیی هۆكاری فێركردنە, تەنیا بۆ فێربوونە, كە تەنیا قوتابیان و مامۆستایان لە خۆوە دەگرێت, و شارەزایانی بواری ئەلیكترۆنی داڕێژەرانی سیستەمی فێركردنی ئەلیكترۆنی پێیانوایە كە بوونی ئەو ماڵپەر و ئاپلیكەیشنە پەروەردەییانە, فەزایەكی گونجاو بۆ قوتابی دەڕەخسێنێت, و زیاتر هانی دەدات تاوەكو لەگەڵ هاوڕێ و مامۆستاكانی لە ڕێگەی ئەو هۆیە كۆمەڵایەتییانە گفتۆگۆ بكات و زیاتر ئاشنای وانە و بابەتەكان بێت.
بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات