كۆڕبەندی بەحرولعلووم : داوا له‌ سەرۆك بارزانی ده‌كه‌ن وەك سەركردەیەكی مێژوویی و مەرجەعی سیاسی ڕۆڵی خۆی لە چارەسەركردنی كێشەكاندا ببینێت.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ـی نیسانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی كۆڕبەندی بەحرولعلووم بە سەرۆكایەتیی دكتۆر ئیبراهیم بەحرولعلووم كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان سەرۆك بارزانی و كەسایەتیی گەوەری عێراقی خوالێخۆشبوو محەممەد بەحرولعلووم، پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی بۆ پەرەپێدانی كولتووری پێكەوەژیان و دیالۆگی نێوان پێكهاتەكانی عێراق و چارەسەركردنی گرفتەكان هەبوو و داواشیان كرد كە سەرۆك بارزانی وەك سەركردەیەكی مێژوویی و مەرجەعی سیاسی ڕۆڵی خۆی لە چارەسەركردنی كێشەكاندا ببینێت.
هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق و پێشهات و گۆڕانكارییەكان كرا و لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق جەخت لەسەر ڕێگەچارەی دیالۆگی هەمەلایەنە لەسەر بنەمای دەستوور كرایەوە.
Back to top button