مەرجە گشتییەکانی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا بڵاوکرایەوە
لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی ڕێنمایى پێشکەشکردن و وەرگرتن بۆ خوێندنى دیپلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵى خوێندنى (2022 – 2023) دەردەکات و لە وێسایتى وەزارەت (gov.krd/mohe) بڵاوى دەکاتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ،ئامانج لە دەرکردنى رێنماییەکە رێکخستنى مەرج و رێکارەکانى پێشکەشکردن و شێوازى پێشبڕکێ و بەدیهێنانى هەلى یەکسان و دادپەروەر و شەفافیەتە لە پرۆسەى پێشکەشکردن و وەرگرتن لە خوێندنى دیپلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا و بەرزکردنەوەى ئاستى خوێندنى باڵا و پێگەیاندنى کەسانى پسپۆر و شارەزا بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا وکەرتى گشتى و تایبەت و بەستنەوەى خوێندنى باڵا بە پێداویستی دامودەزگا حکومى و تایبەتەکان و بازارى کارى کوردستان و بەشدارى لە پێشنیازکردنى چارەسەرى گونجاو بۆ کێشە و گرفتەکان لە هەرێمى کوردستان.
مەرجی توانستی زمانی ئیگلیزی بووەتە مەرجێكی پێشوەختە بۆ کاتی تاووتوێکردنی تێزی دکتۆرا و نامەی ماستەر، واتە لەماوەی پرۆسەی پێشکەشکردن و دەستپێکردنی خوێندن داوا ناکرێت.
لە بەشێکی ترەا روونیدەکاتەوە کۆنمرەی پێشکەشکار بۆ خوێندنی ماستەر نابێت لە %60 کەمتربێت لە خوێندنی بەکالۆریۆس، هاوکات کۆنمرەی پێشکەشکار بۆ خوێندنی دکتۆرا نابێت لە %70 کەمتربێت لە خوێندنی ماستەر و لە %60 کەمتر نەبێت لە خوێندنی بەکالۆریۆس.
بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی تێكڕای نمرەی بەکالۆریۆسی پیشکەشکار رەچاو ناکرێت بۆ پێشکەشکردن، هەر پێشکەشکارێك تێكڕای نمرەی %50 ـی هەبێت مافی پێشکەشکردنی ئەمجۆرە خوێندنەی هەیە.
سەبارەت بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لە رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، بە هێنانی نووسراوی پشتگیری لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە دەرەوەی پلانی پەسەندکراو، کورسی خوێندیان بۆ تەرخان دەکرێت.