ئەمریكا: پاراستنی كورد و پێكهاتەكانی دیكە كاری لەپێشینەی ئیدارەی ترەمپە
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، لە شەڕی دژی داعشدا پێشڕەوی باش بەدەستهاتوون و پاراستنی كورد و ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكەش كاری لە پێشینەی ئیدارەی ترەمپە.
رێكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راپۆرتی ساڵانەی “ئازادی ئایینی لە جیهاندا” بڵاوكردەوە. لە بەشێكی راپۆرتەكەدا ئاماژە بەو تاوانانە كراوە كە داعش بەرامبەر “كورد، ئێزدی، موسڵمانە شیعەكان و مەسیحییەكان” كردوویەتی.
تیلەرسن دەڵێت “روون و ئاشكرایە كە داعش بەرپرسیارە بەرامبەر جینۆسایدی ئێزیدی، مەسیحی و موسڵمانە شیعەكان لەو ناوچانەی كۆنترۆڵی كردوون یان كۆنترۆڵی كردبوون”.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گوتیشی “داعش هەروەها بەرپرسیارە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و هەوڵدان بۆ سڕینەوە ئەو گرووپانە و لە هەندێك دۆسیەی دیكەشدا بەرامبەر موسڵمانە سوننەكان، كورد و پێكهاتە كەمینەكانی دیكە”.
رێكس تیلەرسن رایگەیاند، پاراستنی ئەو گرووپانە كاری لە پێشینەی ئیدارەی ترەمپە.
تیلەرسن راشیگەیاند، داعش بەردەوامن لە بەئامانجكردنی ئایین و پێكهاتە جیاوازەكان، بە شێوازی جیاواز بە دەستدرێژی و رفاندن و بە كۆیلەكردن و تەنانەت مردنیش.